بۆچی گرنگە منداڵ زمانی دایکی بخوێنێت؟

ليست هناك تعليقات

زمانی دایک، ئەو پەیوەندبەست و پەیوەستە هەڵقوڵاوەی خێزانە کە منداڵ لە لەدایکبوونەوە قسەی پێدەکات و ئاخاوتنەکانی لەگەڵ خێزان و دەوروبەرەکەی پێ ئەنجام دەدات، بە واتایەکیتر زمانی دایک زمانی منداڵیی (بومی) یە کە ئامرازی پەیوەندییەکانە لەسەربنەمای زۆرترین شارەزایی منداڵ پێی، واتە منداڵ لە پەیوەندیکردندا یەکەمجار پەنا بۆ ئەو زمانە دەبات کە زمانی پێی پژاوە، بۆیەش گرنگە لێرەوە و لە چەمکی (زمانپژانەوە) چاو بخەینە سەر (زمانی خوێندن)، ئەم بیرکردنەوەیەش لەوەوە تۆخ بوویەوە کە زمانی بیانی بوویە زمانی خوێندن لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، وەک چۆن ئێستاش لە هەرێمی کوردستان زمانی بیانی جێپێی بە زمانی دایک لێژکردووە و لە سەر ئاستی خوێندنی تایبەت، زمانی بیانی بووەتە زمانی خوێندن لە جێگای زمانی دایک. بۆیەش لە چەندساڵی رابردوودا بەشێک لە وڵاتان بیریان لە ریفۆرمی یاساکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندن کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لەم هەژموونە بێ بەزەییە بگرن کە منداڵ ناچار دەکات زمانی دایکی خۆی لەبیربچێتەوە، هەستی شانازیپێوەکردنی کەم بێتەوە، و وشەسازی و رستەسازی لاواز ببێت.

لێرەدا بە کورتی ئەو هۆکارانە دەخەینە ڕوو کە بۆچی گرنگە منداڵ بە زمانی دایکی بخوێنێت لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیدا:

٭. بێگومان منداڵ کە پێش قوتابخانە بە زمانی دایکی ئاخاوتنەکانی ئەنجام دەدات، کاتێک دەچێتە قوتابخانە پێویستە بە هەمان شێوە زمانی دایکی بخوێنێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو بۆشاییەکی زمانەوانی و دابڕانی گەورەوە کە هەر لە سەرەتاوە لە زمانی دایکی داببڕێت، چونکە بە دڵنیاییەوە کاریگەری راستەوخۆی دەبێتە سەر هەموو کارلێککردنێکی ئەو منداڵە لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و فێربووندا.

٭. منداڵ لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندندا پێویستە بە تەواوەی فێری نوسین و خوێندنەوە ببێت، بۆیەش کاتێک زمانی خوێندنی زمانێکیتر دەبێت نەک زمانی دایکی، هەستکردن بە شکستی لادروست دەبێت و لەم قۆناغە سەرەتاییانەی ژیانییەوە توشی ترس و دڵەڕاوکێ و دوودڵی زۆر دەبێت کە هۆکارن بۆ شکستپێهێنانی لە بیرکردنەوەو فێربوون و خوێندندا، یارید (۲۰۱٦) لە توێژینەوەکەیدا لەسەر زمانی خوێندنی منداڵان گەشتە ئەو بڕوایەی کە خوێندنی زمانی دایک کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی فێربوون و زانستی منداڵان دەبێت.

٭. خوێندن لەخۆیدا بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای فێربوون و وەرگرتنی زانیارییە لە منداڵدا، بەڵام خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە منداڵ ئەگەر زمانی دایکی خوێند لە بنەڕەتیدا، ئاسانتر و باشتر دەتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت. نیشانتی (۲۰۱۷) داکۆکی لەوە دەکات کە خوێندنی زمانی دایک لە قۆناغی بنەڕەتیدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێشخستنی بیرکردنەوە و فراوانکردنی هەستی ئەدەبی و توانای زانستی منداڵدا.

٭. ئاشکرا پەروەردەی نوێ، جەختلەسەر بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر و فراوانی قوتابی دەکاتەوە، بە شێوەیەک قوتابی چەقی پڕۆسەی فێرکردن بێت، بۆیەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی قوتابی سەنتەر بێت، دەرفەتی پێ بدرێت بیرکردنەوەکانی خۆی پێشکەش بکات، بیرکردنەوەی منداڵیش هەمیشە بە زمانی دایکی دەستپێدەکەن، کەواتە کاتێک پێویستمان بەوەی گوێ لە بیرکردنەوەی منداڵ بگرین، پێویستیشە دەرەچەکەی بۆفراوان بکەین تا لە کەشێکی تەندروست و خێرا و بێ گرێوگۆڵ دا بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت کە تەنها بە زمانی دایک دەکرێت.

٭. خوێندن زمانی دایک، هۆکارێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خێزانی قوتابی و قوتابخانەدا. چونکە خوێندنی زمانی دایک دەبێتە پاڵنەرێکی کارا بۆ ئەوەی دایکوباوکی منداڵ دڵخۆش بن بە بەشداریکردن لە پەروەردەی منداڵەکەیاندا و بەدڵنیاییەوە بەشداری دایکوباوک هۆکارێکی سەرکەوتنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی منداڵەکانیانە. کارسیک و نۆبلێت (٢٠٢٠)

٭. خوێندنی زمانی دایک، دەرفەتی باشتر بۆ مامۆستایانی ئەو دەڤەرانە دەرەخسێنێت کە بتوان ئەوانیش بە زمانی دایکی خۆیان وانەکان شیبکەنەوە و هیچ جۆرە کەمبود و کورتهێنانێک لە وەرگرتن و بەخشینی زانیاری و مەعریفە لە نێوان مامۆستا و قوتابی دا دروست نەبێت.

٭. بۆ منداڵانی قۆناغە بنەڕەتییەکان، خوێندنی زمانی دایک، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لامەرکەزییەت لە پڕۆگرامی خوێندندا بێتە ئاراوە، واتە هەمووان ناچارنابن کە پابەندی یەکجۆر پڕۆگرامی خوێندن بن. لەبەرامبەردا پشت بە پرۆگرامێکی خوێندن دەبەسترێت کە زۆر نزیکە لە بازنەی منداڵانەوە لەسەر ئاستی تاک و خێزان و گوند و شار و شارۆچکەکانەوە. چونکە قوتابی کە پرۆگرامی خوێندنەکەی و نمونە کلتورییەکانی لە قۆناغی منداڵیدا نزیک بوون لە رۆحی خۆیەوە، خۆشەویستی زیاتری بۆ خوێندن و هەستێکی بەرزتری بۆ فێربوون لا دروست دەبێت. (پۆرسوێڵ، ۲۰۲۱).

٭. قوتابی زۆر گرنگە لە منداڵییەوە لە کلتور و فەرهەنگ و کەلەپور و شارستانییەتی خۆی دانەبڕێنرێت، بە پێچەوانەوە خوێندنی رێزمان و ئەدەبی زمانی دایک، دەرفەتی گەورەی دەداتێ کە شارەزای فەرهەنگ و ڕۆشنگەری و ئەدەبیاتی خۆی و ناوچەکەی ببێت و هەستێکی بەرزی لا دروست بببێت کە خوێندن و پەروەردەو فێرکردن ڕۆشنکەرەوەی ڕێگاکەی دەبن و زیاتر شارەزای دەکەن لە زێد و بنەچەی خێزانی و نەتەوەیی خۆی.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە تۆخ بکرێتەوە کە خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵ لە قۆناغی بنەڕەتیدا، مافێکی تەواو یاسایی و دیموکراتییە و ڕەخساندنی یەکەمین ژینگەی پەروەردەیی تەندروست و ساغە بۆ منداڵ، کە بتوانێت خۆی تیا بدۆزێتەوەو پەرە بە تێگەشتی باشترو بیرکردنەوەی باشتر و فێربوونی باشتری بدرێت.

موئمین زەڵمی دکتۆرای سیاسەتی زمان

سەرچاوەکان: - کارسیک و نۆبلێت (٢٠٢٠). سیاسەتی زمان و ریفۆرم لەسیستمی خوێندن. ئینسکلۆپیدیای ئۆکسفۆرد. - نیشانتی (٢٠٢٠). تێگەشتن لە گروپی زمانی دایک. گۆڤاری (IJTSRD) - پۆرسوێڵ (۲۰۲۱). گرنگی زمانی دایک لە خوێندندا. رۆژنامەی تایمزی هیندی. - یارید (٢٠١٦) . ئایا زمانی دایک هیچ ڕۆڵێکی هەیە. بەڵگەکان لە ئەسیوبیاوه. گۆڤاری پێداچوونەوەی ئابوری پەروەردە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif