مەسرور بارزانی سەركۆنەی "هێرشی ئەمڕۆی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە" دەكات

ليست هناك تعليقات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"بەتوندی هێرشی ئەمڕۆی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە سەركۆنەو شەرمەزار دەكەم."

مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە تویتێكدا هاوخەمی خۆیشی ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە پێشمەرگەیە كردوە كە لە هێرشێكدا لەناوچەی مەتینای سەربە قەزای ئامێدی شەهیدبون و هیوای چاكبونەوەیشی بۆ بریندارەكان خواستوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتویەتی"داوا لە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەکەم کە بە یەکدەنگیی لە دژی ئەم دەستدرێژییە بوەستنەوە‌."

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ میدیای رەسمی پەكەكە، بڵاویكردەوە كە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەعات 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە دەستی بە جوڵاندنی هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە مەتینای سەربە ئامێدی كردوەو ئەو هێزانەى پارتیش زرێپۆش، ئامبولانس، حەفارەو ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ناوچە سەختە شاخاوییەکانی تێدایە.

دوای ئەوە ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دابوە پارتی و وتبوی"ئەو هێزانە دەیانەوێت بێنە ناو مەیدانەکانی هێزەکانمان لە مەتینا، ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بە نیازە کوردستان داگیر بکات بەرخۆدان دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خۆشک و برا نەڕیژن، بۆیەش داواکەمان ئاڕاستەی گەل و هێزەکان دەکەین."

پاشان سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە روداوی راگەیاند"هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتین کەوتونەتە بۆسەیەکی پەکەکە و 5 پێشمەرگەمان شەهیدبون و دوانی دیکەش بریندارن".

دواتر ئاژانسی فوڕات نیوز(میدیای رەسمی پەكەكە)، لەزاری سەرچاوەكانی هەپەگەوە بڵاویكردەوە كە "هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیان بە جموجوڵ بەرەو ناوچەکانی گەریلا کردوەو لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردوەتە سەر کامپەکانی گەریلا."

ئەوەشی خستبوەڕو"هێزەکانی هەپەگەو یەژاستار بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند."

دوابەدوای ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5ی حوزەیرانی 2021، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیەو گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پ. ک. ک.)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بون دو پێشمەرگەی تریش برینداربون."

وەزارەتی پێشمەرگە وتبوشی"پێشتریش هۆشداریمان دابو، لەئەگەری رودانی روداوی لەو شێوەیە، دەبێ هەموان رێز لەسنوری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوە."

دواتریش ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە راگەیەندراوێكی نوێدا وتی"دوای ئەوەى هێزەکانی پارتی چونە کامپی هێزەکانمان لە ناوچەى مەتینا، هێزەکانمان بە ئامانجی هۆشیارکردنەوە بە چەکی کەسی تەقەیان بە ئاسماندا کردوە. یەكێك لە زرێپۆشەکان گوێی بەو هۆشیارکردنەوەیەی ئێمە نەداو بەردەوام بو لەسەر پێشڕەویكردن، دوای ئەوە لەبارەی ئەوەی چۆن گورز لەو زرێپۆشە وەشێنراوە، زانیاری لەبەردەستدا نییە. رون نەبوەتەوە کە ئاخۆ مینی چێندراوی پێشتر تەقیوەتەوە، یان هێرشی ئاسمانی رویداوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif