بووژانەوەی مێزوپۆتۆمیا بۆ ژینگە و ژیانێکی باشتر

ليست هناك تعليقات

د. بەرهەم ساڵح

لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، رەشەبای بەردەوام عێراقی هەژاند، جەنگ و چەوساندنەوە و سزای ئابووری و تیرۆر و ململانێ ناوخۆییەکان، هەڕەشە بوون لەسەر ئارامی وڵات و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیانی، بەڵام مەترسیدارترین هەڕەشەی دواڕۆژ کە رووبەڕوومان دەبێتەوە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییە ئابووری و زیانە ژینگەییە گەورەکانێتی لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا. بەگوێرەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ژینگە، عێراق پێنجەم وڵاتی لاوازی دنیایە لە بەردەم گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا.

بەڵگەکانی زیادبوونی مەترسییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەگەڵماندا دەژین، وەک بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، وشکەساڵییەکی سەخت و دووبارەبوونەوەی زۆری خۆڵبارین. بیابانبوون کاریگەریی لەسەر 39%ـی رووبەری عێراق هەیە، لە 54٪ـی خاک بەهۆی سوێرییەوە لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە چیدیکە بۆ کشتوکاڵکردن دەست نەدات. بونیاتنانی بەنداو لەسەر چەم و سەرچاوەکانی هەردوو رووباری مێژوویی دیجلە و فورات کە سەرچاوەی ژیانی وڵاتن، هەڵقوڵانی ئاویان کەمکردووەتەوە و بووەتە هۆی هەڵکشانی ئاوی سوێر بەرە و شەتولعەرەب.

بونیاتنانی ئەم بەنداوانە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ئاو کە هەڕەشەیە لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیمان و تەنانەت لەسەر ئاوی خواردنەوەش لە شار و لادێکاندا. بەگوێرەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش تا ساڵی 2035، ساڵانە 10.8 ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەست دەدات.

کاریگەرییە مرۆییە مەزەندەکراوەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا زۆر گەورەن. حەوت ملیۆن هاووڵاتیی عێراق زیانمەند بوون و بەهۆی وشکەساڵییەوە جێلەق بوون. لەگەڵ بەرزتربوونەوەی رێژەی زیادبوونی دانیشتووانیشدا لە عێراقدا، داتاکان پێمان دەڵێن ژمارەی دانیشتووانی وڵات، لە 38 ملیۆنەوە ئەمڕۆ، ساڵی 2050 دەگاتە 80 ملیۆن. ئەمەش بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێک، مەترسییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەکات.

دەبێت بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پرسی لەپێشینەی نیشتیمانی بێت لە عێراقدا و پێویستە هەرچی زووە دەست بەکار بکەین، کە ئایندەی نەوەکانمان پشتی بە ئێمە بەستووە و لە بەردەم ئەم ئاڵنگارییەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە.

بۆیە لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، بە پێویستی دەزانم بانگهێشت بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نیشتیمانی بکەم لەپێناو بووژانەوەی دۆڵی رافیدەین کە جەوهەرەکەی پێداگری بێت لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەروەها دەرفەتێکیش بۆ گۆڕینی ئابووریی عێراق بەرەو هەمەڕەنگی و پشتیوانیکردن لە وزە نوێبووەکان و میکانیزمە خاوێنەکان، لەگەڵ چوونەنێو بازاڕەکانی کاربۆن و پشتیوانی ئەو ناوچانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی زیاتری لەسەریان هەبێت و رووبەڕووی هەڵئاوسانی ئابووریی سەخت ببنەوە. ئامانجیش لەم رێکارانە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و دوورمەودایە بۆ هاووڵاتیان.

مانگی کانونی دووەمی 2021 واژۆی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانم کرد بۆ ئەندامێتیی عێراق لە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، کە دەرفەتێکی گرنگی هەسارەکەمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە رێگەی هاوهەڵوێستییەکی نێودەوڵەتی یەکانگیرەوە. هەروەها لە شووباتی 2021 ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیداوە لەسەر وەبەرهێنان و دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی هەتاو، پێشووتریش وەزارەتی ژینگە دەستی بە نووسینی بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە وڵاتدا کرد.

هێشتا زۆر شتمان لە بەردەمدایە، پێویستە نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر لە دەسپێشخەرییەکی لەم شێوەیەدا دابنرێت، ژینگە بۆ دوورمەودا بەهێز بکات و سەرچاوە سرووشتییەکان بپارێزێت و ئابوورییەکی سەوز دابمەزرێنێت. ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێکی بەرنامەیەکی دوورمەودا و خوازراو، پێویستی بە ژمارەیەک هەنگاوی خۆگونجاندنی بەرچاو هەیە، وەک گرنگیدان بە بەکارهێنانی زەوی، پاراستنی ئاو و توانای وزە. بەرنامەکانی دواتریش کە ئومێد بەخشتر و درێژخایەنتر دەبن.

بەهۆی زۆریی سەوزایی و خاکە بەپیتەکەی کە بەداخەوە ئێستا بەرەو بیابانێکی وشک دەڕوات، خاکی رەش و بەهەشتی عەدن، کۆنترین ئەو پێناسانەن کە مرۆڤایەتی پێیان ئاشنایە بۆ وەسفکردنی خاکی رافیدەین.

جیاوازی ئەوەیە کە چاومان لەسەر داهاتوو، گەڕانەوە دەخوازێت بۆ رابردووی سەوزی نزیکمان، ئەویش لە رێگەی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ سەوزکردنەوەیەکی فراوانی باشوور و رۆژئاوای وڵات، کە گرنگی بدات بە دارخورما وەک ناسنامەی کولتووری و شارستانیی میزۆپۆتامیا، هەروەها بووژاندندنەوەی دارستانەکان شاخ و شارەکانی کوردستان. ئەمەش بە تەنها رێگە لە بڵابوونەوەی کاربۆن ناگرێت، بەڵکو پاڵپشتیی بەروبوومی کشتوکاڵی دەکات و خاکەکەش دەپارێزێت. هەڵمەتێکی لەم جۆرەش گونجاو و تەواوکەری دەستپێشخەریی سعودییەیە بۆ رۆژهەڵاتێکی سەوز.

جگە لەم هەوڵانەش، پێویستمان بە دەستپێشخەریی نوێ هەیە لەپێناو تازەکردنەوەی رێگەچارەکانی ئاودێری و ئاو و ستانداردەکانی بیناسازی و چاککردنی ئامرازەکانی رزگاربوون لە پاشەڕۆکان و دووبارە بەکارهێنانەوەیان، لەگەڵ گرتنی گازی سووتاو.

ئەم خەسڵەتانە بەسەریەکەوە، لە دەیەی داهاتوودا سوودی ئابووریی بەرچاویان دەبێت، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی هەلی کاری نوێ لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و بنیادنان و پیشەسازیی سووکدا. هەروەها پاڵپشتیی لە پێشخستنی پیشەسازیی نوێ لە بواری پلاستیک و پێداویستییەکانی بنیادنان و بەرهەمهێنانی خۆراک و یارمەتیدانی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنانی بیانیی؛ لەگەڵ پشتیوانیی رۆڵی گەنجان لە گەشەی ئابووریدا.

بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لەناو دڵی ناوچەکەدا و هەمەجۆریی ژینگەیی لە دارخورما و زۆنگاو و چیاکانی کوردستان، عێراق دەتوانێت ببێتە سەکۆی کۆکردنەوەی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رەنگە جیاوازیی سیاسیمان هەبێت، بەڵام پێویستە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا یەکبگرین، چونکە هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان، ئەمەش وا دەخوازێت پلانە نیشتیمانییەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەیی و ئابوورییەکان ببەستینەوە بەدەستپێشخەرییە ناوچەییەکان. دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین، کەمئاویی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بیابانبوون و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی دارایی بەهۆی لاوازیی خواست لەسەر نەوت، پێویستی بە کۆششێکی فراوانە لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییە بێسنوورەکانی کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی ئاو بەشێوەیەکی هاوبەش و دادپەروەرانە.

دۆسیەی ئاو پێویستی بە گفتوگۆی راشکاو و بنیاتنەرانە هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا و ئێران و سووریا، ئەویش لەسەر پرەنسیپی نەگەیاندنی زیان بەهیچ لایەنێک و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و یەکخستنی کۆششی هاوبەش لە پێناو بەڕێوەبردنێکی دوورمەودای ئاو.

پڕۆژەی بووژاندنەوەی مێزۆپۆتۆمیا پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتیمانیی هەیە لە هەموو ئاستەکاندا، بە حکومەت و هەموو دەزگا و فەرمانگەکانیەوە، تا ئەنجوومەنی نوێنەران و رۆڵی گرنگی لە یاسادانان و پشتیوانییدا. کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە حەتمییە و، وەزارەتەکان پێویستیان بە تواناسازییە، هەروەها دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت و شۆڕشێک بۆ یاسادانان و یاسا و لیستی نوێ. ئەمە جگە لە رۆڵی جڤاکی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی گەنجانە.

بۆ پاڵپشتیی هونەری و پلاندانان و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا لەم بوارەدا، عێراق پێویستی بە هاوکاریی دۆستەکانێتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. یەکێک لە ئەرکە سەرەتاییەکان بۆ پێشخستنی کۆششەکانمان، رێکخستن دەبێت لەگەڵ ئاژانسەکانی تایبەت بە کەشوهەوا. لە پێناو یارمەتی و تەمویلکردنی وەبەرهێنان لەم بوارەدا، کاری دەکەین بۆ گەیشتن بە سندووقی سەوز و بازاڕی سەرمایە و دەوڵەتانی بەخشێنەر.

ئێستا کاتی کارکردنە و ئەرکێکی قورسمان لەپێشە، کاتی ساردبوونەوە نییە لە بەردەم ئاڵنگاریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا، کە لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ عێراق و ناوچەکە بۆ چارەسەر گەلێک لەسەر بنەمای پتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەیەکانی داهاتوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif