شارەوانیی سلێمانی: داهاتی ساڵی 2020ـمان چوار ملیار دینار بووە

ليست هناك تعليقات


وشکەساڵی و وەرزی گەرما هەڕەشەن بۆسەر دار و سەوزاییەکانی ناو شاری سلێمانی. ئەنجوومەنی وەزیرانیش زیاتر لە 4.5 ملیار دیناری بۆ سەوزکردنی باخچەکانی ئەو شارە تەرخانکرد. جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییش رایگەیاند کە داهاتی ساڵی 2020ـیان چوار ملیار دینار بووە.

ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند "ساڵی 2020 داهاتی شارەوانیی سلێمانی چوار ملیار دینار بووە، بەڵام کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیی لەسەر خەرجکردن نەدات، ئێمە ناتوانین یەک دیناری خەرج بکەین".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار دیناری بۆ سەوزکردنی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی تەرخانکرد، ئەو پارەیەش بۆ بەڕێوەبردن و چاکسازیی پارکی هەواری شار، بلواری شەست مەتریی مەلیک مەحموود، بلواری تاسڵوجە بوو.

لە ماوەی رابردوودا باس لەوە دەکرا کە زیادەڕۆیی زۆر لە سلێمانیدا کراون و، بۆ ئەو مەبەستە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شارەوانیی سلێمانیی کرد و بۆ بەدواداچوونی زیادەڕۆییەکان لیژنەیەکی پێکهێنا.

جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گوتی "ناڵێم لەناو سلێمانیدا زیادەڕۆیی نەماوە، بەڵام نزیکەی ساڵێکە زۆر بە کەمی خانووی زیادەڕۆیی تێدا دروست دەکرێت. ژمارەی زێدەڕۆیی لە سنووری ماستەرپلاندا کەمبووەتەوە بۆ 1%-5%. ئەمساڵ دەیان خانووی زێدەڕۆیی هەبوون کە هەیکەل بوون و لەلایەن شارەوانییەوە رووخێندراون. لە ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا 30-40 خانوو رووخێندراون".

بەڵام رەوا سەلیم، ئەندازیاری شارستانی گوتی "دەبێت لە زیادەڕۆییدا سەرنج بخرێتە سەر ئەو کەسانەی دەسەڵاتدارن و زیادەڕۆیی قەبە دەکەن، نەک کەسانی بێدەسەڵات و هەژار کە بۆ رزگاربوون لە کرێچێتی لە شوێنێکدا هەیکەلێکیان دروستکردووە. ئێستا لەلایەن کەسانی بەدەسەڵاتەوە ئەوەندە زیادەڕۆیی کراوە، ئیدی شوێن نەماوە زیادەڕۆیی بکرێتە سەر".

گرفتى گەورەى سەوزاییەکانى سلێمانی، نەبوونى کارمەند، کەرەستە و بودجەى ساڵانەیە، بازنەیی مەلیک مەحموود ساڵێکە کارى کۆمپانیاى جێبەجێکارى تەواوبووە، نە بۆى نوێدەکەنەوە و نە حکومەت خۆى پێى بەڕێوەدەبرێت، پارکى هەوارى شار بە شانازییەکى گەورەوە پرۆژەکەى کرایەوە، ئێستا وا خەریکە بەڕێوەبەرەکەشى لەتاو بێ پاڵپشتى دەستبەردارى کارەکەى دەبێت.

پارکى هەوارى شار، گەورەترین رووبەرى سەوزاییە لە کوردستان و عێراق، چوار هەزار دۆنم زەوى، دوو هەزار و 500 دۆنمى سەوزاییە، بەڵام پووش و پەڵاش خەریکە سەرى دەخوات، پارکەکە پێویستى بە 300 کارمەندە، بەڵام تەنیا 30 کارمەندیان هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif