ڕاپۆرت: ئەگەر هەیە کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی ووهانەوە دزەیکردبێت

ليست هناك تعليقات



بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی زانستی تاقیگەی نیشتمانیی ئەمریکا، گریمانەی دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی بایۆلۆژییەوە گریمانەیەکی زۆر بەهێزە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند کەسێکی نزیک لە تاقیگەی نیشتمانیی ئەمریکا لە کالیفۆرنیاوە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی راپۆرتێکی زانستی کە لە 2020ـەوە لەو تاقیگەیە کاری لەسەر دەکرێت، دەرکەوتووە ئەگەرێکی زۆر هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید-19 لە تاقیگەی بایۆلۆژیی ووهانەوە دزەی کردبێت.

ئەو راپۆرتە لە مانگی ئاداری 2020ـەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستیپێکراوە و ئەنجامی راپۆرتەکەش بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نێردراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە دوای کەمتر لە مانگێک دێت لە داخوازییەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە داوایکردبوو لەماوەی 90 رۆژدا راپۆرتێکی تێروتەسەلی زانستی- هەواڵگری سەبارەت بە سەرچاوەی یەکەمی کۆرۆنا لە ئەمریکا ئەنجام بدرێت و ئەنجامەکەی بنێردرێت بۆ کۆشکی سپی.

ئیدارەی بایدن رەتیکردووەتەوە پشت بە راپۆرتی تیمی پزیشکی سەر بە رێکخراوی تەندروستیی جیهان ببەستێت کە لە ووهانەوە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆرنا دەکەن.

هەمان ئەو رۆژنامە ئەمریکییە پێشووتریش بڵاویکردەوە، کە 3 پسپۆڕی سەر بە تاقیگەی بایۆلۆژیی ووهان، بە چەند هەفتەیەک پێش ئاشکراکردنی یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە چین، سەردانی نەخۆشخانەی ووهانیان کردووە و چارەسەریان وەرگرتووە.

تاوەکو ئێستا 174 ملیۆن و 394 هەزار و زیاتر لە 900 کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و 752 هەزار و زیاتر لە 700 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 157 ملیۆن و 662 هەزار کەس چاکبوونەتەوە.

تەندروستیی جیهانی: لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی کۆرۆنا، بە سیاسەت ژەهراوی کراوە

بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رەخنە لە مشتومڕی نێوان ئەمریکا و چین لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێت و دەڵێت، پرۆسەکە هەمووی "بە سیاسەت ژەهراوی کراوە".

مایکڵ راین، بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی هەینی لە جنێڤ گوتی، دیاریکردنی سەرچاوەی یەکەمی کۆرۆنا پێویستی بە "ژمارەیەک لێکۆڵینەوە و ژمارەیەک گەشت" دەبێت.

هەروەها باسی لەوە کرد، لێدوانەکانی ئەم چەند رۆژە لەبارەی سەرچاوەی کۆرۆنا هیچ بەڵگەیەکیان نییە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە لە ماوەی سێ مانگدا راپۆرتێکی هەواڵگریی لەبارەی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئامادەبکرێت.

راین دەڵێت، پێویستە هەر کەسێک کە بە دوای وەڵامی چۆنێتی دروستبوونی کۆرۆنادا دەگەڕێت، بوار بدات لە رێگەی لێکۆڵینەوەی بابەتییانە و زانستییانە سەرچاوەکە بدۆزرێتەوە و نابێت سیاسەت تێکەڵ بە پرۆسەکە بکرێت.

هەروەها گوتیشی، هەموو گریمانەکان لەبارەی سەرچاوەی کۆرۆنا لە لیستی ئەگەرەکاندا ماون. لە راپۆرتێکدا کە مانگی ئادار بڵاوکرایەوە، تیمێکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ گیانەوەرێکی دیکە و دواتریش بۆ مرۆڤ گوێزرابێتەوە.

دکتۆر مایکڵ راین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە ئەگەر بتوانن لەم پرسەدا سیاسەت لە زانست جیابکەنەوە. کۆی ئەم پرۆسەیە بە سیاسەت ژەهراوی کراوە. ئەگەر دەتانەوێت زاناکان کاری خۆیان بکەن و لەگەڵتان کاربکەن و ئەو وەڵامە بەدەستبهێنن کە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن، هەروەها بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی بێ لۆمە بەخشینەوەدا سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بدۆزنەوە و بۆ ئەوەی هەموومان بزانین لە داهاتوودا چۆن رێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرین، ئەوا داواتان لێدەکەین کە رێگە بدەن ئەم کارە لە ژینگەیەکی بێ سیاسەتدا ئەنجام بدرێت بە جۆرێک کە زانست و تەندروستی ئامانجی لێکۆڵینەوەکە بێت، نەک تۆمەتبەخشینەوە و سیاسەت."

هەفتەی رابردوو بڵاوکراوەی وۆڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا پەردە لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکی لادەدات و ئاماژە بەوە دەکات، سێ لێکۆڵەری ڤایرۆسناسی لە تاقیگەیەکی ووهان لە تشرینی دووەمی 2019 چەند جارێک سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و نیشانەی پەتای کۆرۆنا یان پەتای وەرزییان هەبووە، ئەوەش گومانەکان لەسەر ئەو تاقیگەیەی ووهان زیاد دەکەن وەکو سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif