وتەبێژی ئەنجومەنی سەركرایەتی پارتی وەڵامی حاكم شێخ لەتیف دەداتەوە

ليست هناك تعليقات


 وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە، لەبابەتێكی وەڵام ئامێزدا دەنوسێت: ئەوەی خاوەن ماڵە دەرگای کراوە دەبێت بۆ کاری چاک، خۆ ئەگەر کەسێک ئەم کارە چاکە ناکات با خراپەش نەکات ئەوە گەورەترین چاکەیە بۆ ئەم نیشتیمانە

فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بابەتێك دەكاتە وەڵام بۆ حاكم شێخ لەتیف، كە دوو ڕۆژی ڕابردوو نوسی بووی (دەبوو حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دەرگا لە نێچیرڤان بارزانی نەكەنەوە)

فارس نەورۆڵی لە درێژەی وەڵامەكەیدا نوسیویەتی: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەو سیفەتانەی لە تەک خۆی هەڵگرتووە و لە باوەڕەوە و بە ئەشقەوە لەپێناوی یەکڕیزی کورددا خەبات دەکات. بۆیە دەیەوێ لەڕێگای ئیقناعکردنەوە گفتوگۆیەکی ئەخلاقی و ئەقڵانی بخاتە سەرڕێ.


دەقی نوسینەكەی فارس نەورۆڵی وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی

‎لە کوردەواریدا ئەگەر دوو ماڵ کێشەیان هەبوایە کەسایەتییەک هەوڵی دەدا کێشەکە چارەسەر بکات، دەیان گوت: فڵان کەسایەتی دەرماڵی هەیە، واتە گوێ بۆ کەسانی دیکە دەگرێت، ئەگەر زوڵمیشی لێکرابێت، ئەوا لە بەرامبەرەکەی خۆش دەبوو ،بۆیە پێیان دەگوت دەرماڵی هەیە.

‎ئەگەر ئەم نمونە کۆمەڵایەتییە بەرینە ناوکایەی سیاسییەوە و لەوێ تەوزیفی بکەین، هەمان مانا بە کۆمەڵێک پرنسیپی دیکە جێبەجێ دەکات. ئێستا ناو ماڵی کورد و پەیوەندی نێوان هێزەکان لە دۆخێکی خراپدایە تا ئەو ئاستەی خوانەخواست ئەگەر ڕقت لە نەتەوەیەک بوو، بڵێی بە دەردی کورد بچێت، هەربۆیە لەم کاتەدا پێویستمان بە کەسێکە هێڵێکی واقیعی و مەعقول لەنێوان بیرکردنەوەی مەعقول و نامەعقولدا بکێشێت و هەنگاوی یەکەم لەوێوە دەسپێبکات، کۆمەڵێک گفتوگۆی نەزۆک لەناو هێزە سیاسییەکان و میدیاکاندا هەیە، کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش شکۆمەندییەکی گەورەیە کە فەزای لێکگەشتن بۆ گفتوگۆیەکی بەرهەمداری عەقڵانی، لەپێناوی چاکەی گشتیدا فەراهەمبکات. ئەمەش پێویستی بە کەسایەتییەکە ئیرۆسی سیاسی تێدابێت، واتە ئاشق بێت بە پرسی لێکتێگەیشتن و یەکڕیزیی.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەو سیفەتانەی لە تەک خۆی هەڵگرتووە و لە باوەڕەوە و بە ئەشقەوە لەپێناوی یەکڕیزی کورددا خەبات دەکات. بۆیە دەیەوێ لەڕێگای ئیقناعکردنەوە گفتوگۆیەکی ئەخلاقی و ئەقڵانی بخاتە سەرڕێ. ‎

‎بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێگایە پڕە لە دڕک و داڵ و زمانی ئیستیفزازیی، بەڵام سەرکردەی تەحەدیی وەک مەسیح وەڵامی ئیستفزازچییەکان دەداتەوە و فەزایەک دروستدەکات، بۆ خزمەتی کۆمەڵێک پرنسیپ. ئەو کێشانەی لەنێوان هێزەسیاسییەکاندا هەیە هێندە قوڵ نییە چارەسەر نەکرێن بە مەرجێ ئیرادەی چاکەو بیری فراوان هەبێت. دڵنیام هەموو هێزەکان باوەڕییان بەوە هەیە کە سەرۆک نێچیرڤان هیچ غەرەزێکی حزبی لە جوڵەکانیدا نییە، جگە لە چاکەی گشتی. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، هەموو ئەم هێزانە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگایە، لە هەموو ڕویەکەوە ئەوەندەش تێگەیشتن و دڵسۆزییان هەیە کە هەمیشە دەرگایان کراوە بێت بۆ بیرکردنەوەی جوان و زمانی باڵای گفتوگۆ، سەرۆک نێچیرڤان بە زمانێکی بەرز و بیرێکی فراوان کاردەکات و دەیەوێ سەرەڕای ڕەخنە توندەکان، کەس هەستی کەس بریندار نەکات. ئەو لە جوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت، سەرکەوتوو بێت یاخود سەرکەوتوونەبێت پەیامی خۆی گەیاند بە خەڵک و مێژوو.

‎بۆیە وەک کورد دەڵێ ئەوەی خاوەن ماڵە دەرگای کراوە دەبێت بۆ کاری چاک، خۆ ئەگەر کەسێک ئەم کارە چاکە ناکات با خراپەش نەکات ئەوە گەورەترین چاکەیە بۆ ئەم نیشتیمانە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif