سۆشیال میدیا ، میسلی بەڵای ناگاهان، عەینی ڕەحمەتی پەنهان

ليست هناك تعليقات


كاروان عەبدوڵا

نە عەرزی جەمالیەت و جوانی نە بەیانی خەبەر و ڕووداوو زانیاری، نەنیشاندانی مۆدێل و دەروبانی شارودێ نە دیداری گەورەپیاونی دونیا دیدە، بۆ هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکی میدیایی بەجێنایێ، ئیللا دەبێ ڕووبکاتە ئەو بازارە نوێیەی بە سۆشیال میدیا ناودارە.

هەروا حەقی بانگخوازی ئاینی و پەیامی شیخ و مەلاش ئیتر تەنها لە میحرابی مزگەوت و تەکیەو خانەقاکاندا جێناگرێ و ناگاتەجێ گەر لەگەڵ ئاداب و تەکنیکی سۆشیال میدیا تێکەڵ نەبێ و نەڕژێتە ئەودەریایەو نەکەوێتە بەر سێرچی جەوان و جەحێلانی ئەوێ و دیدی خانمان و پیاوان نەگرێ و ڕانکی فۆڵۆو لایک و ڤیویی نەفڕێ.

بەیان و پەیام و هەڵڵاو هەڵوێستی سیاسیش نەقشی نییە ، گەر بە ئەدد (Add) و سێند و کۆنفێرمی ڕکوێست (send request) (confirm request) نەدا لەودەرگایەو ڕجاو تکای لایک (like) و فۆڵۆێیەک (follow) نەکات.

وەدەرکەوتنی ئەم مۆدێل و مامەڵە نوێیە لە ڕاگەیاندن وەک دەرکەوتنی هەوری بەهاروایە، یا ڕەحمەتی پێیە، یا بەڵا دارە.

دەڵێن هەر شەخص و پیاوچاکێ بۆ ئەهل و مەکانی خۆی پەلی هەورەکانی ڕاکێشاوە تا لەوێ ڕەحمەت ببارێنێ، گەر بەڵادار بوبێ بۆ ئەویدیو سنوری خۆی ڕەوانەی کردوە.

ئەو ساڵە هەروەک ئەمساڵی ئێمە بێبارانی ئەبێ، هەموان چاویان لەڕێی هەورەکانی ئاسمانە تا ڕەحمەتێ ببارێنن، هەور دێت و دەڕوا و هیچ لە گۆڕێدا نابێ، داد دەبەنە لای یەکێ لە سەید زادەکانی گوند کە بە حەمەعەلی عەبەکە ناسراوەو دەڵێن قوربان باران نیەو هەورکان هەردێن و دەچن، بەسەر ئێمەدا (وەیسی قەرەنی) دەیانبات، وەیس شەخص و پیاخاسێک دەبێ مەزارەکەی لە دیوی هەورامانی ئێرانی پشت شاخەکانی گوندی ئەحمەدئاواو زەڵمە.

ئەویش ئافەرینی دەکاو دەڵێ دەستی خۆشبێ، ئەوان (وەیس) یان هەیەو ئێمەش (بابازەردەڵە) ئەگەر ڕاس خاسەپیاوە با دووگەواڵە هەورمان بۆ پەلکێشکات تا بارانمان بۆ ببارێنێ، بابازەردەڵەش شەخص و پیاخسێکە مەزاری لەپشت گوندی ئەوانەوەیە.

ڕێک سۆشیال میدیاش وایە کێ کاریکەرو ئازایە بەردیدی هەمووان دەکەوێ و پەیامی ڕوونی دەگات، ساتێ ماڵ دەکاتە میحرابی مزگەوت و ساتێ شەقامی سەما.

کەس حەقی نیە بەگلەیی بێت لە هەژموون و هروژمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو گەشەی خێرای سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی گەیاندن.

ڕەوانییە ڕۆڵو کاریگەری هیچ کەس بدەینە بەر گازندە و بە خەتای سۆشیال میدیا ئەژماری بکەت، لەکاتێکدا ئەو دەروازەیە بۆ جەحێلێ چۆن کراوەیە و هەوای شانی تێدا بادەدا. هەرواش بۆ مامۆستایەکی زانکۆو زانایەکی ئاینی و پزیشکێکی شارەزاو میدیاکارێکی بەئەتەکیەت کراوەیە و دەتوانێ ڕۆڵ و کاریگەری تێدا ببینێ. 

هەمووان لێرە ماڵمان لەشوشەیە، دەروونمان یەکپارچە ڕوونە، چالاکی و جموجوڵمان کەشف و زیندەگی ڕۆژانەما دیارو سفرەو خوانی ژەمەکانمان واڵایە.

کێ ماڵی پڕحیکمەت و دەرونی پاک و چالاکی چاک و جموجوڵی بەخێر و ژیانی جوان و سفرەو خوانی ڕەنگین و لەزەت بەخشە، ئەوە لەم بازاڕەدا کاریگەرو جێ سەرنجە.

یانی کێ پیا خاس و بەکەرامەت و هونەردارو قسەزان و کاریگەرە لەم سوقە سەرنجکێشەدا خاوەن بازاری نەقدینەی میدیایەو هەمووان کڕیاری ئەون.

ئەو دەتوانێ پەڵەهەورەکانی ئەو بەهارە بۆخۆی پەلکێشکات و بارانی ڕەحمەتی لایک و ڤیو شێرو فۆڵۆ بۆ ئەو ببارێنێ.

کەمی و نەنکی لە پیاخاس و فەرهەنگ دۆست و هونەر ڕاست و چالاک و میدیاکاری ئازایە کە بۆشایی فراوانی ئەوێی پێ پڕناکرێتەوەو بازاڕەکە دەداتە دەس ئەم و ئەو. 

ئەو هەژموون و هەنگاوانە ناوەستن، بەڵام دەکرێ بەخێر بیانگێڕین.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق