لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کورتهێنانی بودجە کەمدەکاتەوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کورتهێنانی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پڕدەکاتەوە، دەشڵێت، کورتهێنانی بودجە بە ٣٢ ترلیۆن دینار مەزەندە کراوە.
ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کورتهێنانی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پڕدەکاتەوە، دەشڵێت، تەواوی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی بە ١٢٩ تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و لەو ژمارەیەش ٣٢ تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.
ناجی سەعیدی ئاماژەی بەوەشدا، لە بودجەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٥ دۆلار جێگیر کراوە، بە بەرزبوونەوەی بەهای نەوتیش کورتهێنانی بودجە پڕدەبێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوتەوە، حکومەتی عێراق بە بارودۆخێکی سەختی داراییدا تێپەڕی و توشی قەیرانی کەمی سەرچاوەی دارایی بووەوە.
هاوکات، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ بەربەستێک نییە بۆ ناردنی بودجەی هەرێم لە بەغداوە، ئەوەی هەیە تەنها خەمساردی هەرێمە و نەچوونی لیژنەی تەکنیکیە بۆ بەغدا.
پشکی هەرێمیش لە بودجەی عێراقدا، بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق