تەندروستیی جیهانی: كۆرۆنا گۆڕاوە هیندییەكە خێرا بڵاودەبێتەوە و بەرگەی ڤاكسینەكان دەگرێت

ليست هناك تعليقات

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، جۆرە گۆڕاوە هیندییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەكێكە لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی خێرا لە هیندستان، بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە زیاتر بڵاودەبێتەوە و بەرگریی بەرامبەر ڤاكسینەكان هەیە.

سومیا سوامیناسان، گەورە زانای ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی وتی، جۆری گۆڕاوی (B1 617)، كە بۆ یەكەمجار لە تشرینی دووەم لە هیندستان دۆزرایەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و لە كۆنتڕۆڵ دەرچوونیەتی، لە دووەم گەورە وڵاتی جیهان لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە.

سوامیناسان، كە پزیشكی منداڵان و توێژەرێكی هیندییە، ئەوەشی خستەڕوو، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو جۆرە گۆڕاوەی لەنێو لیستی گۆڕاوە زیاتر مەترسیدارەكان لە جۆرە بنەڕەتییەكەی ڤایرۆسەكە ڕیزبەند كردووە، بەهۆی ئەوەی توانای بڵاوبوونەوەی گەورەترە، بەهەمان شێوە توانای تێپەڕاندنی ئەو دژەبەرگرییانەی ڤاكسینەكان دروستیدەكەن، زۆرە.

هۆشداریشی دا لەوەی، ڕێژەی گیانلەدەستدان لای ئەو نەخۆشانەی توشی ئەو جۆرەی كۆرۆنا دەبن، زیاترە لەوانەی توشی ڤایرۆسە بنەڕەتییەكە دەبن.

گەورە بەرپرسەكەی ڕێكخراوی تەندروستی بەرپرسیارێتیی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنای لە هیندستان خستە ئەستۆی حكومەتی وڵاتەكە، لەهەمان كاتدا هۆشداریدا لەوەی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە هیندستان ئەركێكی زۆر قورسە، “بەهۆی ئەوەی پەتاكە لەنێو هەزاران كەسدا بڵاودەبێتەوە و بەشێوەیەكی خێرا زیاددەكات، ئەمەش وادەكات ڕاگرتنی دژوار بێت”، هۆشدارییدا، كە كوتان بەتەنها بەس نییە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی دۆخەكە.

تائێستا تەنها 2%ی دانیشتووانی هیندستان دوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەی 1.3 ملیار كەسە.

سوامیناسان هۆشداری ئەوەیدا، كە پرۆسەی پێدانی ڤاكسین چەندین مانگ دەخایەنێت، ئەگەر چەند ساڵێك نەبێت، بۆ گەیشتن بە ڕێژەی 70% بۆ 80%ی دانیشتووانی كوتراو بە ڤایرۆسەكە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif