هەڵبژاردنێکی گرنگ لە بەریتانیا بەڕێوە دەچێت

ليست هناك تعليقات


ئا/ كاوە ڕەش

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێی (شارەوانییەكان)بەگشتی لە ئینگلتەرا هەرچوار ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت. هەڵبژارنی ئەم ساڵ دەكەوێتە ڕۆژی ٦حوزەیرانەوە. هەرچەندە لەو هەموو ناوچەکاندا بەڕێوە ناچێت بەهۆی تایبەتمەندی بەشێك لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی خۆجێیەكانەوە.

ئەم ساڵ لە٦ی مەییدا نزیکەی 28 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەنزیکەی 4650 بەربژێر، بۆ وەرگرتنی پۆست و دەسەڵات. دەنگدانی ساڵی پار بەهۆی کۆڤیدەوە دواکەوت ، بۆیە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆرتر لە شارەوانیەكان، هەڵبژاردنی ئاسایی ئەنجام دەدەن.


بۆچی ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن؟
ئەنجومەنی خۆجێییەكان بڕیار دەدەن كەکێ بەرپرسە لە خزمەتگوزاریە گشتییە ناوخۆییەکان - لەوانەش قوتابخانەو كتێبخانەكان، شارەوانیی و دەزگاكانی پۆلیس و بنكە تەندروستیەكان، هەرەها بەشی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك. لەگەڵ زۆربەی شوێنەكانی كات بەسەربردن و پاركەكانی بەكرێدانی ئۆتۆمبیل.
لە ڕاپرسییەکیدا كە 3000 كەس بەشداربون تێداو، لەلایەن زانکۆی ئیسێکس ئەنجام دراوە لە، 59 ٪ گوتیانە پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرنگترین مەسەلەیە لەهەڵبژاردنی خۆجێیی داهاتوو .
هەرچەندە زۆربەی بڕیارە گەوررەو گرینگەكان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەردەچن، بەڵام ئەنجومەنەکان بەشێکی گرینگن لەمامەڵە كردن لەڤایرۆسەکە - بۆ نموونە، شارەوانیەكان پاڵپشتی دەكەن لەهەوڵەکانی دابین كردنی شوێن، بۆ پشكنینی پەتای كڕۆناو، ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان دەبین لەوبوارەدا.
هەروەها بڕیاری زیادکردنی باج، لەلایەن ئەنجومەنە خۆجێیەكانەوە، لەسەر دانیشتوان و کێشەکانی تری ناوخۆیی، وە قەیرانی خانووبەرە یان گۆڕانکاری لە ڕێگای پاسەکان، دەکرێت فاکتەر بن لەهەڵبژاردنی خۆجێیدا. كەئەنجامەکان یەكلای بكەنەوە، كەچ لایەنێك دەنگی هاونیشتیمانیانی گەل، مسۆگەر بكات.
هاوكات ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوەی سیاسی ڕاستەقینە بۆ سەرۆکی نوێی پارتی (کار)، کیر ستارمەر، وە سەرۆکی پارت لیبراڵی دیموکراتەکان، ئێد دەیڤی.
هەرچەندە پەتای كۆڤید١٩، زۆر بە سەختی كاریكردۆتە سەر ئەنجومەنەکان، بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو ڕێژە داهاتەی دەستی دەكەوت لەكەرتە جیاوەزەكانی وەك بازرگانی، پارکی ئۆتۆمبێل و ناوەندەكانی كات بەسەر بردن و پاركی سەردانی كەران .
لەدوای ٢٠١٠ كەجیهان توشی قەیرانی دارایی هاتبوو، یەكەم جارە شارەوانیەكانی ئینگلتەرا بەو شێوەیە توشی داڕمانی دارایی ببنەوە.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، ئەنجومەنە خۆجێیەکان دەتوانن بە رێژەی 5٪ باجی لەسەر ماڵەكانی ئینگلتەرا زیاد بكەن، ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی بژێوی ژیان بە رێژەی کەمتر لە 1٪ بەرز بۆتەوە بۆیە پرسی بەرزبونەوەی باج ڕەنگە بێبێتە مشتومڕی گەرمی ئەنجومەنەکان. بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر خاوەن ماڵەكان، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا لەسەرەوەی باسەكان دەبێت .

ئەنجومەنە خۆجێیەکان چی دەکەن؟
ئەنجومەنە خۆجێیەکان بەرپرسن لە دابینکردنی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بۆنموونه:
دابینکردنی شوێنی چاودێری بۆ بەساڵاچوان و پەککەوتوان.
چاکكردن و نۆژەنكردنەوەی بەشێك لەڕێگاوبانە ناوخۆییەكان.
کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ماڵان و ناو شەقامەكان.
دابینکردنی پێداویستی و قوتابخانەو کتێبخانەکان و بەڕێوەبردنیان.
دانانی بەرنامەو پلانی بەڕێوەبردنی ناوچەكانی سەربەشارەوانیەكان.
ئەنجومەنە خۆجێیەکان بەشێکیان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە خەرجیان بۆ دابین دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش بەشێكیان دەتوانن داهاتی خۆیان لەڕێگای دەستكەوتی
باجی ئەنجومەن كەدانراوە لەسەر خەڵك و شوێنە بازرگانیەكان، بۆ مەبەستی پێداویستی ناوخۆ بەکاری بهێنەوە.
هەندێک لەناوچەکانی ئینگلتەرا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەشێكیشیان وەك هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆو و ئەنجومەنی ناوچەیی خۆیان هەیە، کەبەپێی ڕووبەری ناوچەكان دیاری كراون.



ئەنجومەنە خۆجێییه کان

ئەنجومەنە خۆجێییه کانی ٢٠٢١ ژمارەیان 143 شارەوانییە، كەئەم ساڵ هەڵبژاردنیان تێدا دەكرێت، لەسەرانسەری ئینگلتەرا.
لەئێستادا 47 شارەوانیی بەدەست پارتی پارێزگارەکانەوەیە ٥٤بەدەست پارتی کارو 6 لەلایەن لیبڕال دێموكراتەكانەوە بەڕێوە دەبرێن. 33شارەوانیش لەژێر "بێ کۆنترۆڵی گشتی" واتە هیچ لایەنێک زۆرینەی نەبردوۆتەوە، 3 ئەنجومەنی تازە پێکهێنراویش، بۆ یەكەم جار هەڵبژاردنیان بۆ دەكرێت.

چۆن و كێ دەتوانێت دەنگ بدات؟
دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت ،18ساڵ یان زیاتر بێت لە ڕۆژی دەنگداندا . دەبێت هەموو دەنگدەران ناویان تۆمارکرابێت لەناونیشانێک و لەو ناوچەیەی کە دەیانەوێت دەنگی لێ بدەن.
دەنگدەر دەبێت دانیشتوی ئیبگلتەرابێت و هاوڵاتی بەریتانی، یان هاوڵاتییەکی ئیرلەندی بێت. هاووڵاتیانی یەكیەتی ئەورپاش كەدانیشتوی ئینگلتەران و مافی مانەوەیان هەبێ، دەتوانن دەنگ بدەن، لەو هەڵبژاردنە خۆجێیە. هاوكات هاوڵاتییانی ناوچەی کۆمۆن وێڵز مافی دەنگدانیان هەیە، كەلەوێ ژیان بكەن.
لەڕووی یاساییەوە دەنگدەر دەتوانێت بە سێ شێواز بەشداری لەدەنگداندا بكات كەئەویش سێ ڕێگا هەیە بۆ دەنگدان:
*دەنگی ڕاستەوخۆ * دەنگدەر وەك کەسێک لەبنکەی دەنگدان (زۆرجار لە شوێنەکانی وەک قوتابخانە و ناوەندی کۆمەڵگە) دەتوانێت ڕاستەوخۆ دەنگ بدات.
دەنگدانی پۆست* لەڕێگای پۆستی هاتوی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بۆت دواتر ناردنەوەی بەپۆست دەنگ دەدرێت.
دەنگی نوێنەر* بەدیاری كردنی کەسێک لەجێی خۆت بۆ دەنگدان بە(دەنگی نوێنەر)، دەتوانی دەبگ بدەیت بەو كەسەی خۆت دیاری دەكەی بۆ نوێنەرەكەت.

كورد لەم هەڵبژاردنەدا

هەرچەندە تادێت ژمارە خێزانە كوردەكان و زیاد كردنی زمانی كوردی لەئاستی شارەوانییەكان بەرەو زۆربوون دەچێ، بەڵام تائێستا ڕوون نیە كە چەند بەربژێری كورد هەبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە لۆكاڵێیە.
گرینگی ئەو هەڵبژارنانە بۆ ڕەوندی كوردیی لەو وڵاتە جێی بایەخە چونكە هەرناوچەیەك ژمارەیەكی بەرچاوی خێزانی كورد هەبێت دەتواندرێت لەئاستی ناوخۆیدا داواكاری زیادكردنی خزمەتگوزیەریەكان بكرێت بەزمانی كوردیی، كە ئێستا لەبەشێكی بەرچاوی شارەوانییەكان بژاردەی زمان بونی هەیە.

دانگدان لای خەڵكی ئینگلتەرا
هیچ کاندیدو پارتێک، باسی مێژووی باب و باپیرانی ناکات، کەبەشداریان کردبێت ،لەجەنگی جیهانی و بەمنەت و فەزڵ بەدەنگدەری بفرۆشنەوە. نەکاندیدو لاینگرانی پارتەکانیش، شەقام و جادەکان بە باپۆستەرو بانگەشەکانیان دەشوێنن. تەنانەت ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی، لەهیچ دام و دەزگایەیکی میری و گشتی، پشوو نیە. ئەگەر پارتێک کاندیدی لەناوچەیەک هەبوو، ئەوا بەپۆست پڕۆفایلی کاندیدەکەو بەرنامەی کاردکردنی خۆی و پارتەکەی دێتە ماڵەکەت، ئیدی تۆ ئازادی دەیکەتە سەتڵی خۆڵەوە یان دەنگی بۆ دەیت.

ئاوێنە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق