حکوومەتی عێراق 10 رۆژ قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند

ليست هناك تعليقات

لە رێکەوتی 12ی ئایار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 22ی ئایاری 2021 بەردەوام دەبێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی بۆ ماوەی 10 رۆژ.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، پێشنیازی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی لەبارەی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی بۆ ماوەی 10 رۆژ پەسەند کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەک هەنگاوێک بۆ رێگەگرتن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێککاری خۆپارێزی لە رێگەی دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی و رێککارەکانی دیکە، بڕیاردا بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی 10 رۆژ.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە قەدەغەی هاتوچۆ لە رێکەوتی 12ی ئایار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 22ی ئایاری 2021 بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هەموو شوێنە گشتییەکان، موڵەکان، خواردنگە و رێستوڕانتەکان، کافیتریا و چایخانەکان، هۆڵەکانی سینەما، باخچە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، مەلەوانگەکان و هۆڵەکانی وەرزش و لەشجوانی دەگرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە کە لە ماوەیەدا رێگە بە هیچ کۆبوونەوەیەک نادرێت.

بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 86 ھەزار و 141 کەس و لەو ژمارەیەش 15 ھەزار و 608 کەس گیانیان لەدەستداوە و 971 ھەزار و 739ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق