توركیا: دەخوازین ئاگربەستی غەززە بەردەوامبێت

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەڵوێستی ئەنقەرە لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خۆشحاڵین بە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ئەو پێکدادانانەی لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستینییەکان هاتنەئارا، هیوادارین ئاگربەستەکە بەردەوامبێت".

رۆژی پێنجشەممە 20-05-2021 بە هەوڵەکانی ئەمریکا، میسر و چەند وڵاتێکی دیکە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین راگەیێندرا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاری پێویست تەنیا راگەیاندنی ئاگربەست نییە، بەڵکو دۆزینەوەی چارەسەرێکە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە "هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان بخاتەگەڕ".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لە ئابڵوقەی سەر کەرتی غەززە کرد رایگەیاند، "گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی غەززە پێویستی بەوە هەیە رێگەکانی گەیشتن بە ناوچەکە کراوەبن، بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئازار و فرمێسکەی لە فەڵەستین هەیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیداون، هەروەها ئەو ئابڵوقە نامرۆڤانەیەش هەڵبگرێت کە خستوویەتیە سەر کەرتی غەززە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە چارەسەری هەمیشەیی پرسی فەڵەستین پێویستی بەوەیە ئیسرائیل کۆتایی بە داگیرکارییەکانی بهێنێت و هاتووە، "تاکە رێگەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی فەڵەستین لە وەستانی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل-ەوە دەستپێدەکات. تورکیا پشتیوانی لە دۆزی رەوای گەلی فەڵەستین دەکات و لە هەموو بوارێکدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی فەڵەستین".

دوێنێ نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ رەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی میسر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بێ مەرج راگەیاندووە. 

دواتر هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێکەوە ئاماژەیان بەوەکرد، ئاگربەستەکە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرەڕای ئاگربەستەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان موسڵمانان و پۆلیسی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم - قودس دروستبوو. 

وێنەکانی شوێنی رووداوەکە دەریدەخەن، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئیسرائیلی لە مزگەوتەکە بڵاوبوونەتەوە. تاوەکو ئێستاش گرژییەکان بەردەوامیان هەیە. 

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی فرانسپرێس، پۆلیسی ئیسرائیلی گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژیان دژی خۆپێشاندەران لەنێو مزگەوتی ئەقسا بەکارهێناوە. 

تاوەکو ئێستا ئامارێکی دروستی برینداران لە پۆلیسی ئیسرائیلی و موسڵمانانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقسا بەردەست نییە. 

تاوەکو ئێستا، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، 213 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون کە 65 یان منداڵ و 36ی دیکەیان ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 900 کەسی دیکە برینداربوون. لە ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسەوە 12 ئیسرائیلی کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif