وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

ليست هناك تعليقات



دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێون ئیسترئیل و بزووتنەوەی حەماس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، هەروەها بلینکن قسەی لەگەڵ گابی ئەشکەنازی، هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە و لە پێشوازی لە سەردانی بلینکن بۆ ئیسرائیل دەکات.

جگە لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڵەستین کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی بنیاتنانی داهاتوویێکی باشتر بۆ پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکەن.

ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە بلینکن دوو جار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست قسەی کردووە، کە دواتریش میسر و چەند وڵاتێکی دیکەش پشتگیرییان لێکرد.

نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەو بارەوە رایگەیاند، "هەردووکیان [ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل] دەستخۆشییان لە هەوڵەکانی میسر بۆ نێوەندگیری کردووە، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر و بەشێک لە هاوتاکانی دیکەی ناوچەکە دەهێڵێتەوە."

شەوی رابردوو ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس ئاماژەیان بەوە کرد بە ئاگربەست رازیبوون، بەڵام ئاگربەستەکە زۆر نەخایاند و نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان موسڵمانان و پۆلیسی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم - قودس دروستبوو. 

سەرەتای شەڕی 11 رۆژەی حەماس و ئیسرائیل هەر لە گرژییەکانی مزگەوتەکەوە دەستیپێکرد. میکی رۆزێنفێلد، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "ئاژاوە لە مزگەوتی ئەقسا" دەستیپێکرد.

لە راگەیێندراوێکدا گوتەبێژەکەی پۆلیسی ئیسرائیل نووسیویەتی، سەدان کەس بەرد و شوشەی پڕ لە سووتەمەنییان گرتووەتە ئەو پۆلیسانەی لە شوێنی دروستبوونی ئاژاوەکە بوون لە مزگەوتی ئەقسا و وەڵامیان داوەتەوە. دواتریش بڵاوەیان بە "ئاژاوەگێڕان" کردووە.

وێنەکانی شوێنی رووداوەکە دەریدەخەن، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئیسرائیلی لە مزگەوتەکە بڵاوبوونەتەوە. تاوەکو ئێستاش گرژییەکان بەردەوامیان هەیە. 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif