ئەمریکا یان ئێران؟

ليست هناك تعليقات

مەجید نیزامەدین گلی

پرسیارێکی هەڵەیە و نابێت بکرێت، بەڵام بڕیاربەدەستانی کورد دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییە زۆر دەیکەن. لەبەرئەوە من هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەم و پاشان دەڵێم، بۆچی هەڵەیە ئەو پرسیارە بکەین بەگوێرەی ئەو زانیاری و سەرچاوە نێودەوڵەتییانەی کە لەم ماوەیەدا گفتوگۆم لەگەڵ کردوون.

یەکەم شت با لە وەڵامە هەڵەکانی ئەو پرسیارە دەستپێبکەم کە ئاگادارم بە جیددی باسی لێوەدەکرێت.

یەکەم وەڵامی هەڵە: "ئەگەر ناتوانن بمانپارێزن، با کوردستان جێبهێڵن".

سوودی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رێگەگرتنە لە هەر پلانێکی شیعی بۆ کۆتاییهێنان بە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی. ئەمە راستییە ستراتیژییەکەیە و بۆچوون نییە و تێنەگەیشتن لێی جۆرە گەمژەییەکی سیاسییە. ئەمریکا نە ئامادەیە و نە دەتوانێت بچووکترین کێشەی ئەمنیت بۆ چارەسەر بکات. کێشە نییە، بڕۆ داوا بکە لێیان کە ئەو کێشانەت بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام تۆی هەرێمی کوردستانێک کە بە سەدان هەزار چەکداری حەشد دەورە دراویت، ناتوانیت بە عەقڵیەتی مەرجداری وەکو "ئەگەر ناتوانن بمانپارێزن، کوردستان جێبهێڵن" قسە بکەیت. ئەو قسەیە لەوانەیە بە بەغدا و ریاز بکرێت، بەڵام بۆ هەولێر باجەکەی دەکرێت قورس بێت.

ئەو شرۆڤەیەم لەسەر بنەمای نیەت و مەبەستی ئەمریکیەکان دانەڕشتووە. ئەوان هێزەکانیان لەوێن: 1- بۆ سنووردانان بۆ ئێران، 2- داعش و 3- ئەگەر زۆر سەرئێشەیان بۆ دروستنەکات، پاراستنی هاوپەیمانەکانیان وەکو کورد. بەڵام نیەت و مەبەستی ئەمریکا هەرچی بێت، تەنیا بوونی سەربازیی ئەوان لە عێراق واتە گەرەنتیی شکستهێنانی هەر پلانێکی شیعییە بۆ کۆتاییهێنانی پراکتیکیی هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن بڕیار و دەسەڵات. ئەگەر پێیان بکرێت، بڕیاربەدەستانی شیعە هەموو شتێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە هەرێمی کوردستان. ئەگەر لەو باوەڕەدا نیت کە بڕیاربەدەستانی شیعی ئەو کارە ئەنجام بدەن، بڕۆن لە سوونەکان بپرسن و بزانن چۆن شیعە تەنانەت رەگ و شیرازەی کۆمەڵگەکانیانی هەڵکەندووە کە لە سەردەمی خەلافەتی عەباسییەوە، کەم و زۆر وەکو خۆی مابوویەوە.

دووەم وەڵامی هەڵە: "با ئەوەی ئێران دەیەوێت، بیکەین".

داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکەن و دروشمی "مەرگ بۆ ئسرائیل و واشنتن" بەرزبکەنەوە. ئەمە داواکاریی ئێرانە لە سەرکردایەتیی کورد. هەندێک دوای هێرشەکان ترساون، بیر لە سازشکردن و قبووڵکردنی ئەو داواکارییانە دەکەنەوە، گوایە "بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە هیچ کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریکییەکان نابێت و چی زەرەر دەکەین؟"

بەڵام کاریگەریی دەبێت لەسەر بۆچوونی ئەمریکییەکان بەرامبەر کورد. ئەوەی وای لە ئەمریکییەکان کردووە جارجار لە لەناوچوونی حەتمی بتپارێزێت، ئەو باوەڕەیە لە واشنتن کە "کورد هاوپەیمانی ئەمریکایە". یەک ڤیدیۆ خۆپێشاندانێک لە هەولێر کە بە ستایلی ئێرانی ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا لەژێرپێ نرابێت و یەک بەیاننامەی فەرمیی هەرێمی کوردستان کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکات، دەکرێت ببێتە گەورەترین چەک لەدەستی لۆبیی لایەنە نەیارەکانی کورد لە واشنتن. ئەگەر لەو باوەڕەدایت لە ئەمریکا لۆبیی چەند وڵاتێک نییە کە کار لە دژی کورد دەکات، ئەوە زۆر هەڵەیت.

دوای ئەوە، با بڵێین سازشت بۆ ئێران کرد و چوویتە بەرەی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و داوای کشانەوەی هێزەکانت کرد، چیت دەستدەکەوێت؟ راستە لەوانەیە بۆ ماوەی چەند مانگێک چەند هەرزەکارێکی شیعە بە دوو پیکاپەوە بە مووشەک هەولێر نەکەنە ئامانج؛ بەڵام ئایا ئەو "دەستکەوتە" بایی ئەوەیە کە ناوبانگی خۆت لە واشنتن تێکدەیت؟ ناوبانگێک کە بە پراکتیکی چەندین جار هەرێمی کوردستانی لەسەر لێواری مەرگ گەڕاندووەتەوە. ناوبانگێک کە لە شەستەکانەوە کورد قوربانیی دنیای بۆ داوە تاوەکو دروستبووە. ناوبانگێک کە بەهۆی بڕیاری حەکیمانەی چەند سەرکردەیەکی ئێستا و پێشووی کورد دروستبووە، کە گوێیان لەو دەنگە کورتبینانە نەگرت کاتێک دەیانگوت "لە ساڵی 1974 خیانەتیان لێمان کرد، با کاریان لەگەڵ نەکەین" و "ئەمریکا جێگەی متمانە نییە".

بەڵێ راستە ئەمریکا جێگای متمانە نییە و ئەمڕۆ بەرگریت لێدەکات و سبەی پشتت لێدەکات، بەڵام متمانە نەبوون و بوون گرنگ نییە بۆ بڕیاردان لەم حاڵەتەدا. هەست و رەفتاری ئەمریکییەکان ئەوەندە گرنگ نییە بەراورد بەو راستیەی کە بوونی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا تەگەرەیە لەپێش ئەو وڵات و لایەنانەی کە نەمانی هەرێمی کوردستان بۆیان لە بەرژەوەندیی ستراتیژییانە.

تەنانەت نێتی ئەمریکییەکانیش گرنگ نییە لەم حاڵەتە. ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکان لە حەفتاکانەوە دەڵێن "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیدی ئەوەندە گرنگ نییە بۆمان و سەرکردایەتیمان بڕیاریداوە کە ئەولەویەتمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و دەکشێینەوە". لە جی می کارتەر و کلنتنەوە بۆ ئۆباما و ترەمپ، هەموویان "بڕیاری ستراتیژیی کشانەوە"یان داوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جگە لە سەردەمی جۆرج بووشی کوڕ و باوک نەبێت و لەگەڵ دوو ساڵی سەرەتای سەرۆکایەتیی رۆناڵد رەیگن، ئەمریکا زیاتر لە 40 ساڵە "نێتی کشانەوەی" هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام چەندێک کورد سەرکەوتوو بووە لەوەی کە ببێتە دەوڵەت، ئەوەندەش ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە کشانەوەی لە ناوچەکە.

لەڕاستیدا ئەگەرێک هەیە کە مەیدانی ململانێی داهاتووی نێوان چین و ئەمریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کە سەرچاوەیەکی وزەی سەرەکییە بۆ چین. هێشتا بۆ لای کەمی 20 ساڵی دیکەش نەوت هەر وەکو کاڵایەکی ستراتیژی دەمێنێتەوە و ئەمریکا دەزانێت چین بە سەرچاوەی وزەی وەکو "خۆر" و "با" ناتوانێت کێبڕکێی ئابووریی لەگەڵدا بکات.

بە هەرحاڵ، لەکاتی بڕیاردان دەربارەی هەڵوێست لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەندە گرنگی بە نێت و ئامانج و متمانە و ئەم بابەتانە نەدرێت باشە. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ بابەتی ستراتیژی زۆرجار دەستنادات. گرنگ راستییە سەربازی و سیاسییەکانە، هەروەها بەرژەوەندییەکانی لایەن و وڵاتانی دیکەیە.

من لە سەرەتاوە گوتم ئەو پرسیارە "ئەمریکا یان ئێران؟" هەڵەیە، چونکە لەڕاستیدا ئەو بژاردەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەست نییە. ئێران وڵاتێکی دراوسێی گرنگە بۆ بەرژەوەندییەکان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. هەوڵدان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران گرنگە. راستە نوێنەرانی تاران هەوڵدەدەن بە کورد و هەموو لایەنە عێراقییەکان وا پیشانبدەن کە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، پێویستی بە دژایەتیکردنی ئەمریکا هەیە.

بەڵام ئێرانییەکان لە زووەوە لەو راستیەش تێگەیشتوون کە کورد و زۆربەی لایەنە عێراقییەکان دژایەتیی ئەمریکایان پێناکرێت. ئەو باڵانسی هێزە و ئەو پشتگیریەی ئەمریکا دەتوانێت لە عێراق بەردەستی بکات، ئێرانییەکان پێیان ناکرێت. ئێران نە لە بەرژەوەندییەتی و نە دەتوانێت گەرەنتی مانەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بکات بەرامبەر بەو تموح و ئامانجانەی کە زۆربەی سەرکردەکانی شیعە هەیانە لە عێراق.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق