ئێرانی‌و ڕوسەکان گەشبینن‌و ئەمریکاش نکوڵی دەکات

ليست هناك تعليقات


بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانیی کە پشتی بەسەرچاوەی ئاگاداربەستووە، لەدوایین گەڕی دانوستانەکان ڤییەننا، ئێران‌و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی نێوانیان‌و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران ڕێککەوتوون، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئه‌مریكا ئەو زانیارییانە پشتڕاستناکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانیی، تاران زیندانییە ڕۆژئاواییەکانی وڵاتەکەی ئازاد دەکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا واشنتۆن حه‌وت ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات.

باسی لەوەشکردووە، واشنتۆن چوار ئێرانی ئازاد دەکات، لەبەرامبەریشدا تاران چوار سیخوڕی ئه‌مریكی ئازاد دەکات کە ماوەی سزادانەکەیان تەواوکردووە.

لەوبارەیەوە نێد پرایس وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن راست نین.

هەروەک ڕۆن کلاین گەورە بەرپرس لەئیدارەی بایدن لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێسی ئه‌مریكی وتویەتی:"بەداخەوە ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییەی تەلەفزیۆنی ئێران ناڕاستەو هیچ ڕێککەوتنێک لەئارادانییە بۆ ئازادکردنی ئەو چوار زیندانیکراوەی ئه‌مریكا لەئێران، ئێمە بەوپەڕی تواناوە کارلەسەر ئازادکردنیان دەکەین، بەڵام تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە".

شەممەى ڕابردوو کۆبوونەوەی وڵاتانی بەشدار لەڕێککەوتننامەی ناوەکیی لەڤییەننای پایتەختی نەمسا کۆتاییهات کە لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو، تێیدا ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی لە حه‌وتی ئەم مانگە گەڕێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەبەرن، لەو نێوەندەدا ئێرانیی‌و ڕوسەکان گەشبینن‌و دەڵێن دانوستانەکان بەئاراستەیەکی درووستدا دەڕۆن.

لەوبارەیەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران وتی:"ڕەنگە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا لەبارەی سزاکانی سەر وڵاتەکەمان کرانەوەیەکی گرنگ ڕووبدات، چەند لایەنێکی ناوخۆیی‌و دەرەکیی لەبەردەوامی گەمارۆکان سوودمەندن‌و دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ دانوستانەکان درووستبکەن".

وتیشی:"نزیکین لەوەی سزاکان هەڵبگیرێن، بەدانوستانەکانی ڤییەنناش گەشبینین، ئیتر ئابوورییەکەمان گەشەدەکاتەوە".

هەروەک عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیرى دەرەوەی ئێران‌و گەورە دانوستانکاریی ئێرانی لەبارەی دانوستانەکانی ڤییەننامەوە وتی:"گەیشتووینەتە قۆناغی پێگەیشتن، ئێستا زیاتر بەرچاومان روونە".

ڕوونیشیکردەوە، پرۆسەکە بەهێواشی دەڕواتە پێشەوە بەڵام هەنگاو دەنێین‌و ناشتوانین کاتی گەیشتن بەڕێککەوتن دیاریبکەین.

عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لیستێک لەکەس‌و قەوارەی ئێرانی لەسزاکانی سەر ئه‌مریكا لاببرێن، جگەلەوەی چەندین کەرتی گرنگی وەک وزەو پارەدارکردنی بەندەرەکان سزاکانیان لەسەر هەڵدەگیرێت.

لای خۆیەوە جیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا وتی:"لەدانوستانەکانی ڤییەننا هێشتا لەگەڵ ئێران نەیەگیشتووینەتەوە ڕێککەوتن، بەڵکو هێشتا مەودایەک ماوە تاوەکو ئاستەنگەکان تێپەڕێنین".

هەروەک میخائیل ئۆلیانۆڤ نێردەی ڕووسیی بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا وتی:"دانوستانەکان بەئاڕاستەیەکی درووستدا دەڕۆن، بەڵام لەئێستادا واژۆکردنی ڕێککەوتن بەدووردەزانرێت‌و هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە لەکۆتاییداو لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتن واژۆ دەکەن".

و: ئاکۆ ئاڵی
شارپریس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif