ئامانجەکانی پشت دروستکردنی حەشدی کوردی!

ليست هناك تعليقات

ھاوڕێ یاسین

لەم رۆژانەداو بەدیاریکراوی لە ١٢/١٢ دا ھەواڵی دامەزراندنی فەوجێکی کوردی لەناو ریزەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکدار لە گوندی چەخماخەی سەر بە دووبزەوە پێکهێنانی ئەو هێزەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەندامانی هێزەکە لە دانیشتووانی ناوچەکە دەبن و ئەرکیان پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردییەکانی دەوروبەری شاری کەرکووک دەبێت.

هێزەکە 150 چەکدار لە خۆ دەگرێت و پاش مەشق پێکردنیان دابەشدەکرێن بەسەر ناوچە سنوورییە کوردییەکاندا.

دروستکردنی گروپی جۆراوجۆر لەناو حەشدی شەعبیدا ھەنگاوێکی نوێ نیە و پێکھاتەی حەشدی شەعبی لە دەیان گروپی جۆراوجۆر پێکدێت، جگە لەوەش لەناو پێکھاتەکاندا پێشتر حەشدی سونی و تورکمانی و یەزیدی دروستکراوە و وا ئێستا حەشدی کوردیشی ھاتە سەر.

لە رابردوشدا لەعێڕاق ئەزموونی ھاوشێوەی ئەو ھێزانە لە دەرەوەی ھێزی فەرمی وڵات بوونی ھەبوەو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق ھەمیشە لەرێگەی دروستکردنی ھێز و گروپی جۆراجۆرەوە نەیارەکانی سەرکوت کردوە، ھەروەھا بۆ دژایەتیکردنی شۆڕشی کوردی زۆرجار پەنایان بردۆتە بەر دروستکردنی ھێزی کوردی و دژایەتی کوردیان بە کورد کردوە.

لە ئێستاشدا مێژوو بەجۆرێکی تر خۆی دوبارە دەکاتەوە.

دروستکردنی ئەم ھێزە لە کەرکوک و لەم کاتەدا بێ ھۆ نیە و بەڵکو بە پلان و بەرنامەی پێشوەخت کراوە، لەم کاتەدا ھاتوون بارودۆخی ناھەموار و بەزۆر سەپێنراوی شارەکەیەیان قۆستۆتەوە کەلە دوای روداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە بە فیعلی لەلایەن میلیشیا و گروپە جیاوازەکانی حەشدەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، ھەروەھا قۆستنەوەی بارودۆخی بێکاری گەنجانە بە پێدانی موچەو ئیمتیازات.

بوونی ئەم جۆرە هێزانە لە داھاتودا رێگەخۆشکەرە بۆ ھەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لە شارەکە،چونکە لایەنەکان تائێستا پشت بە دروستکردنی میلیشیاکان دەبەستن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە رووبەڕووی دەبێتەوە.

لەسەر ئەرزی واقیع تورکمانی شیعە حەشدی تورکمانیان هەیە لە خورماتوو و هەندێک ناوچەی باشووری کەرکووک، عەرەب لە ناوچەکانی رۆژئاوای کەرکووک گرووپی ناو حەشدیان هەیە، وا حەشدی کوردیش دامەزرا.

بوونی ئەم ھێزە جۆراوجۆرانە کاریگەریی خراپ دروست دەکات لەسەر سەقامگیری ناوچەکە کە خۆی لە بنەڕەتدا نائارام و کێشە لەسەرە،

ھەروەھا مەترسییەکانی پێکدادان لەنێوان ئەو گروپانە میلیشیایانە زیاتر دەکات کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لێکگیرببێت.

لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەو ھێزە دەبێتە رێگر لەبەردەم ھەر ھەوڵێک بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە و بەڵکو بەپێچەوانەوە کێشەکانی شارەکە قووڵتر دەکاتەوەو جارێکی تر ئەمنیەتی شارەکە دەداتە دەست گروپێکی میلیشیایی ، جگە لەوەی کەلێنی گەورە دەخاتە نێوان پێکھاتە جۆراجۆرەکانی شارەکە.

ھەروەھا ئامانجێکی تری ئەو ھێزە لەباربردنی ھەوڵی گەڕاندنەوەی پێشمەرگەیە بۆ شارەکە.

لە کۆتایدا ئامانجە مەترسیدارەکەی دروستکردنی ئەو ھێزە نەھێشتن و لاوازکردنی ئینتیمای نەتەوایەتیە لای گەنج و لاوەکان، پاشان رێگەخۆشکردنێکە بۆ ئەوەی لەداھاتودا ژمارەیەکی زۆری لاوی کورد لەپێناو دەسکەوتی مادی پەیوەندیان پێوە بکەن، چونکە لە کۆتایدا حەشدی شەعبی لە چوارچێوەیەکی مەزھەبیدا کاردەکات و بەرژەوەندی و کارنامەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندییەکانی عێڕاقەوە.

بۆیە دروستکردنی ئەو ھێزە پێشھاتێکی مەترسیدارە و پێویستە ھەتا زووە رێگەی لێبگیرێت.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif