عێراق متمانەی بە داهاتی هەرێمی كوردستان نییە و نازانێت دەچێتە چ حیساب بانكییەك

ليست هناك تعليقات


دوای زیاتر هەفتەیەك مانەوە لە بەغداد، تا هەنوكە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتییان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی واژۆ نەكردووە، بەپێی زانیارییەكانیش هۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتن ئەوەیە كە بەغداد داوای نەوت دەكات و ئامادە نییە لەسەر بنەمای رادەستكردنی داهاتی نەوت هیچ رێككەوتنێك بكات چونكە لەلایەك متمانەی بە هەرێمی كوردستان نییە و لەلایەكی دیكەش پێیوایە هەرێمی كوردستان نەوت هەرزانتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشێت.
رێككەوتن نەكراوە
ئەگەرچی وەفدی كوردی لە بەغداد بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن كە رێككەوتن بەرێگەوەیە و لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغداد لەئارادایە، بەڵام زانیارییەكان وان كە لێكتێگەیشتنەكان هیچ هەنگاوێكی پراكتیكییان نییە و ئێستا رێككەوتنی هەولێر و بەغداد بە جۆرێك لە جۆرەكان قەتیس بووە.
پەیسەر زانیویەتی كە ئێستا بەغداد پێداگری دەكات لەوەی لەبری داهاتی نەوت، هەرێمی كوردستان خودی نەوتەكە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، چونكە بە راشكاوانە بە وەفدی هەرێمی كوردستان وتراوە كە هەرێم نەوت بە نرخی 10 دۆلار كەمتر بۆ هەر بەرمیلێك بەراورد بە نرخی نەوتی عێراق دەفرۆشێت.

توركیا تێوەدەگلێت
هەر لە چوارچێوەی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی پرسی نەوت و داهات، زانیاری هەیە كە توركیا تێوەدەگلێت و پێشتریش پەیسەر بڵاویكردەوە كە یەكێك لەو دۆسێیانەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ خۆی دەیباتە ئەنكەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە دەكات پرسی نەوتی هەرێمی كوردستانە و كازمی دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی كە توركیا چۆن مامەلًَە لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستاندا دەكات و خواستی بەغدادیش بە ئەنكەرە دەگەیەنێت كە خواستەكە ئەوەیە نەوتی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە نەوتی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی و پارەكەشی بگەڕێتەوە بۆ حسابی حكومەتی ناوەندی.

بەرەی نەیار
ئێستا جیاواز لەوەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەلایەن حكومەتی عێراقەوە توشی ئاڵنگاری بووە، هاوكات لە پەرلەمانیش لەمپەڕی گەورەی لەبەردەمدایە، رێككەوتنەكەش هەرچی بێت ئەگەر بە جۆرێك لە جۆرەكان رەزامەندی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی لەسەر نەبێت ئەوا لە كاتی تەتەڵەكردن و دەنگدان بە یاسای بودجە دەشێ‌ كێشەی گەورەی بۆ دروستبكرێت.
وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد سەردانی پەرلەمانیان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەرۆك فراكسیۆن كۆبوونەوە، بەڵام زانیارییەكان دەریدەخەن كە سەردان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران هیچی لێ‌ سەوز نەبووە و گرژییەكانی خاونەكردووەتەوە.
حەسەن جەنابی، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵیاندا دوای كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكی میدیایدا دەڵێت: پرسیارمان ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردوە سەبارەت بە داهاتی نەوتی هەرێم و ئەوان دەڵێن هیچ ئاگاداری نین و نازانن دەچێتە سەر حسابی چ بانكێك. 
وتیشی، شتێكی سادەمان بە وەفدی هەرێم وت ئەویش ئەوەیە: با یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەرگای چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان بێت لەنێوان ناوەند و هەرێم. 

بە وتەی جەنابی، جگە لە ڕادەستكردنی نەوت و داهاتەكان ڕازی نابن و چاوەڕێی ئەوەن هەرێم وەفدێك بنێریت كە بتوانێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكات و دەڵێت ئامادەنین پاڵ بە كێشەكانەوە بنێین تا كۆتاییان نەیەت.

12 لێكتێگەیشتنی بێ‌ ئەنجام
ئەگەرچی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ساڵی 2015ەوە رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبن، بەڵام لەم چەند مانگەی رابردوودا و لەم وەرزەی گفتوگۆكاندا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی فەرمی دروستكردووە و چەندین سەفەری بەغدادیان كردووە لەم چەند مانگەدا، 12 لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد گەڵاڵە كراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لێ‌ بەرهەم بهێنرێت.
ئەوەشی كە هەبووە تا هەنوكە كە بەغداد بڕی 320 ملیار دیناری مانگانەی ناردووە پشتی بە رێككەوتنێكی تەلەفۆنی زارەكی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەستووە، هەربۆیە ئەم لێكتێگەیشتنەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەكرێت دەبێتە لێكتێگەیشتنی ژمارە 13 و هیچ گرەنتییەك نییە لە لێكتێگەیشتنەوە بگۆڕێت بۆ رێككەوتنێكی رەسمی كە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت كێشەكان چارە بكات

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق