ئاڵا بەقەت خۆی

ليست هناك تعليقات



پەیكار عوسمان
-
ئاڵا بەشێکە لە شوناسی سیاسی و "بەقەت خۆی" پێویستە بۆ بوونی سیاسیمان و جیاکردنەوەمان لەوانیتر. "کەمتر لە خۆی" ئەشێ پێشێلی شوناسی ئێمەو بندەستکردن و سڕێنەوەمان بێت لەلایەن ئەوانیترەوە. "زیاتر لە خۆی" ئەشێ تلیاك و گەمژاندن و تیجارەت و دزی و فزی بێت، لە پشتی پیاهەڵدانی ئاڵاوەو ئەمەیان لەلایەن خۆمانەوە.

یەعنی ئاڵا، بەقەت خۆی و لە هاوسەنگیدا، خۆیەتی. لە فووتێکردن و لە هیچکردنەوەدا، خۆی نیەو شتێکی ترەو لێرەدا ئەوە ناکات کە پێویستە ئاڵا بیکات. فووتێکردنی ئاڵا، ئەشێ بۆ شاردنەوەی فشکردنەوەی ئینسانبێ و هیچکردنەوەی ئاڵاش، ئەشێ عوقدەیەکی ئایدۆلۆژی، یان کاردانەوەی فووتێکردنەکەبێ، ئەگینا خۆی لەخۆیدا مانایەکی نیە!

بە بتکردنی ئاڵاو بە پەڕۆکردنی ئاڵا، هەردوکی هەر یەك شتە. هەردوکی لە سەنتەر لابردنی ئینسان و بەسەنتەرکردنی شتێکە لە دەرەوەی ئینسان. ئەمیان بێقیمەتکردنی ئینسان، بە فووتێکردنی ئاڵا دائەپۆشێ و ئەویان بەتەمایە، بە بێقیمەتکردنی ئاڵا، قیمەت بۆ ئینسان بگێڕێتەوە! لەکاتێکا قیمەت و شکۆی ئینسان، لە کەرامەت و ئازادییدایە نەك لە ئاڵاو شتێکی تردا. قیمەت و شکۆی ئاڵاش، لە قیمەت و شکۆی ئینسانەکانی ژێریدایە، نەك لە مەراسیم و شیعرو شانامەدا..

شکۆی ئینسان، ئەوەیە کە تۆ لە خۆتدا، هەست بە کەرامەت و لە دەرەوەتدا هەست بە عەدالەت بکەیت و کۆی ئەمانەش، بۆت ببێتەوە بە دڵنیایی و ئارامیی.. نەكئەوەی ئەمانە هیچیانت نەبێ و لەبری ئەوە، بتخەنە ناو دڵەکوتێ ی حەماسەت و وەهمی پیرۆزیی!

شکۆی ئینسان، لە بووندایە نەك لە وتندا. ئەوەیە کە شتەکە هەیەو تیای ئەژیت، نەك ئەوەی کە ئەوترێ و بۆتی باسئەکەن. شکۆی ئاڵاش هی ئەو ئینسانەیە کە لەناو بوونی خۆیدایە، نەك لەناو حیکایەتی بەدیلدا. ئازادی و کەرامەت و عەدالەت، چیرۆکی بوونی ئینسانەو تەنیا ئەمە حیکایەتی ڕاستەقینەی ئێمەیە. حیکایەتەکانی تر، بوونی وەهمی دروستئەکەن، بۆ لەبیربردنەوەی بوونە ڕاستەقینەکە!

سیستەمی ئێستای جیهان، سیستەمی دەوڵەتەو دەوڵەتیش ئاڵای هەیە. تۆ لەهەر شوێنێکی دنیادابیت، لەناو دەوڵەتدایت و لەژێر ئاڵادایت. یەعنی ڕەتکردنەوەی ئاڵا، کاتێك دروستە، کە تۆ کۆی سیستەمی جیهانیی و کۆی دەوڵەت و ئاڵاکان ڕەتکەیتەوەو فیکرەی سیستەمێکی ترت هەبێ بۆ جیهان. وەلێ ئەوەی کە تەنیا ئاڵای هەرێم ڕەتکەیتەوە، ئەمە ناکاتە نائاڵایی، ئەمە ئەکاتە ئاڵای عێراق. وەلێ ئەگەر تەنیا ئاڵای ڕۆژئاڤا ڕەتکەیتەوە، ئەمە ناکاتە نائاڵایی، ئەمە ئەکاتە ئاڵای سوریا. یەعنی ئەگەر بە بیانووی "ناسیۆنالیزم" ئاڵای خۆمان ڕەتئەکەیتەوە، ئەمە ناکاتە ناناسیۆنالیزم، ئەمە ئەکاتە ناسیۆنالیزمی ئەوانیتر. ناکاتە چوونە دەرەوە لە دەوڵەت نەتەوە، ئەکاتە چوونە ژوورەوەی دەوڵەت نەتەوەی ئەوانیتر. یەعنی ئا لێرەدا بڕێك عەقڵ پێویستە، بۆئەوەی ڕق نەمانباتە ناو حەماقەتێکی ئایدۆلۆژییەوە!

ئاڵا بێتاوانە لەو تاوانانەی لە پشتی فووتێکردن و پیرۆزکردنیەوە ئەکرێن. بێتاوانە لە گەمژەیی ئەو گەمژانەشی، کە فریوی پیرۆزییەکەی ئەخۆن و لێئەخوڕدرێن. کاتێ کە لەوانەش بێتاوانە، ئیتر ناکرێ لەبری دزەکانی پشتی ئاڵاو لەبری گەمژەکانی مەستی ئاڵا، "ئاڵا" خۆی دادگایی بکەین. بەڵکو ئەبێ ڕێگە بدەین، عەقڵ بمانباتە سەر خاڵی مەبەست و تێگەیشتن لە ئاڵا، نەکئەوەی عەتف و حەماسەت، ڕق و ئایدۆلۆژیا.. بەلای خۆیاندا بمانبەن و تەواو دوورمانخەنەوە لە ڕاستی شتەکە

ئازادیی ئازادبوون نیە لە هێزی ناچارکەر، ئازادیی ئازادبوونە لە وەهمی پیرۆزیی. تۆ ئەشێ لەناو زیندان و لەژێر زەبری هێزیشدابیت و ئازادیشبیت. بەڵام لەناو وەهما، تۆ دیلیت ئەگەرچی هیچ زەبرێکی دەرەکیشت لەسەر نەبێت. لێرەشدا ئاڵا خۆی کێشە نیەو ئەسڵەن بۆ ئێمەی بندەست، بوونەکەی زەروریشە.. ئەوەی کە کێشەیە، فووتێکردن و وەهمی پیرۆزیی ئاڵایە، کە زۆرینەی مێگەل و کەمینەی ستەمکار دروستئەکاو ئێمەش ئەبێ ئا لێرەی ئاڵا بدەین نەك لە ئاڵا خۆی!

ئازادیی لە هێزی عەقڵدایە، نەك لە هێزی ڕق و کاردانەوەو عوقدەی ئایدۆلۆجی.. ئەوەی کە دیلی ڕقی ئاڵایە، فەرقی نیە لەگەڵ ئەوەی کە مەستی فریوی ئاڵایە. ئەمیان هەر ئەوە بەدیوەکەی ترداو هەردوکیان دیلی هەمان شتن و لەهەمان خاڵدا چەقیون، هەریەکەو بەشێوازی خۆی. هەردوکیان لە هەمان وەهمدان وەلێ بە عەکسی یەکەوە. (پەرستنی شتێك و ڕقی شتێك) هەمان خاڵەو خاڵی بیرنەکردنەوەیە. لەنێوان پەرستنی شتەکان و ڕقی شتەکانیشدا، عەقڵی تۆ هەیە، کە لەوێدا ئیتر شتەکان، بەقەت خۆیانن، نە زیاترو نە کەمتر. لەوێدا ئیتر مرۆڤیش بەقەت خۆیەتی و بەقەت ئازادبوونیەتی لە (پەرستن و ڕق) کە فەرقی نیەو هەردوکی هەر هەمان شتە!

"شتێك" لە پەرستنیدابیت و لە ڕقیدابیت، دواجار تۆ دیلیت و شتەکە تۆی گرتووە. "ڕقی شتێك" ئازادبوون نیە لەو شتە، دیوەکەی تری دیلبوونتە لە هەمان شتدا. شەڕ لەگەڵ شتێك، تێپەڕاندنی ئەو شتە نیە، مانەوەکەی ترە تیایدا. لە پەرستنی شتێکدابیت و لە ڕقی شتێکدابیت، دواجار تۆ لە عەقڵی خۆتدا نیت، تەنیا لەوێشدا ئەتوانی ئازادبیت و ئیتر دیلی شتەکان نەبیت.

بێمەوە سەر ناونیشانەکە، بەڵێ ئاڵا بەقەت ڕاستیی خۆی. نە بەقەت پەرستن و نە بەقەت ڕقی ئەو.

سایەی نیەو لەسایەیدا
بەقەت گەڵا دڵ شکاوە

ئاڵایەك دز بۆتی هەڵکا
ئاڵایە یاخود کڵاوە؟

ئاواش هێشتا خۆشمئەوێ
دڵ کە حەزی لە ڕەنگێبوو

کوا ئەپرسێ
ڕەنگی شەوە یان هەتاوە

ئاڵای مرۆڤ عەقڵی ئەوە
ئاگاییەو ناڕووکەشە

دژەوەهمەو ڕاستیی ئەوێ
لە جەوهەرو لە ماناوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif