بەریتانیا دۆستی هەرێمی کوردستانە

ليست هناك تعليقات


جەیمس کلێڤەرلی 

ئادار مانگی خۆشی و ناخۆشییە بۆ گەلی کورد. من دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەک کوردانی هەموو جیهان ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! و لە 16ی ئادار بۆ یادکردنەوەی 33یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین کردەوە لە هەڵەبجە خولەکێک وەستام. ئاگاداریشم کە هەر لە ئادار بۆ یەکەم جار لەساڵی 1970 هەرێمی کوردستانی عێراق ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا.

بەڵام من بە دیاریکراوی لەسەر رووداوەکانی ساڵی 1991 دەوەستم. من بەردەوام سەرسام بووم بەوهێزی بەرگرییەی کە کورد دژی سەدام حوسێن و هێزەکانی بەعسیان نیشانداوە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کەوا ئەم شۆڕشە پێویستی بە گیان بەختکردن بووە. ژمارەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانیکران و ناچارکران کە ماڵەکانیان جێبهێڵن پێیان باشتربوو لەوەی رووبەڕووی تووندوتیژییەکی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیاد نەکرێن. بەریتانییەکان و زۆر لە خەڵکانی دیکە لە جیهان بە ترسەوە سەیری کردەوەی هێزەکانی سەدامیان دەکرد لە هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، سێر جۆن مەیجەر، بڕیاریدا نابێت رێگە بدرێت ئەم کارە بەردەوام بێت.

لە رۆژی سەری ساڵی نوێی کوردی لە 1991، شانشینی یەکگرتوو درکی بەوەکرد کە رابەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ گەیاندنی وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ ئەم تووندوتیژییە. بە رازیکردنی هاوبەشە ئەوروپییەکانمان بۆ ئەوەی بێنە نێو بازنەکە و جۆن مەیجەر توانی پشتگیری ناتۆ بەدەستبێنێ و ئیدارەی جۆرج بۆشی دووەم رازی بکات لە ئەمریکا بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانییەک دروست بکرێت.

ئەم هەوڵانە، لەگەڵ هاتنەناوەوەی فەرەنسا، ئێران و تورکیا و لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 688ی دەرکرد، 30 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ. ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بنچینەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەیی. دۆستایەتی و هەڵوێست لە کاتە هەرە پێویستەکاندا بەدیارکەوت. بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و حەوت ئەندامەکەی دیکە بە شانازییەوە دۆستایەتی کوردیان هەڵبژارد لەو کاتەی کە کورد زۆر پێویستی بەو هەڵوێستە هەبوو.

لە 6ی نیسان ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام دەستپێدەکات، کاتێک فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری عێراق. لەژێر سەرکردایەتی ئەمریکا، بەریتانیا هێزی زەوینی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، کە زۆربەی هێزەکە پێکهاتبوون لە مارێنزی شاهانەی پێکهاتوو لە سێ لیوای کۆماندۆز. تەنیا لە ماوەی سێ مانگ، هێزەکانی زەوینی کاریان کرد بۆ رەواندنەوەی هەڕەشەکان و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکەیان.

من دەزانم کاریگەری ئەم ئۆپەراسیۆنانە تائێستاش هەستی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق. نزیکەی 20 ساڵە رژێمی سەددام رووخاوە و ئێوە هەرێمێکی هاوچەرخ و سەرکەوتووتان دامەزراندووە. من ئەمەم بە چاوی خۆم بینی کاتێک کە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد لە دیسێمبەری رابردوو. سەرسام بووم، کاتێک چاوم بە سەرکردەکانی کورد کەوت و بینیم کە ئێوە چەندە گەشبینن و ئومێدتان بە گەلەکەتانە لەبەرامبەر ئالینگارییە بەردەوامەکان. ئەو ئومێد و خۆڕاگرییە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای کۆڤید، هەروەک رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوولاتان بەردەوام دەبین. کاتێک کە من لە یەکەم سەردانم و یەکەم دیدارم لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، دووپاتم کردەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندە جێگەی بایەخە بۆ بەریتانیا و پابەندبوونی خۆمان لە هەوڵەکان و پاڵپشتیمان لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگری بۆیان دووپاتکردەوە.

بەریتانیا، لەوەتەی ساڵی 1991ـەوە، وەک دۆستێکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەتەوە. کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵیۆزخانەکانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە و تیمەکەمان کار لەسەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. پەیوەستبوون و پاڵپشتیکردنمان بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. ئێستا چەندین ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە مەشقیان پێدەکرێت لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست، ئەکادیمیای پێشەنگی جیهانی ئەفسەران لە بەریتانیا. هەروەها تیمێکی هەمیشەییمان هەیە لە هەولێر بۆ پێدانی راوێژی تەکنیکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە مۆدێرنکردن و چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە دەبێتە هۆی بەردەوام پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر چەندین نەیار و ئالینگارییەکان. ئێمە هەرگیز رۆڵی پێشمەرگە لەیاد ناکەین کە لەجیاتی هەموومان لە هێڵی هەرە پێشەوەی بەرگری دابوون لە دژی داعش، بەردەوام هاوکاربوون بۆ دەرکردنی داعش لەنێو هەموو خاکی عێراق. ئەمڕۆ، ئەوان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئێمە دەمێننەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش و و دڵنیاییدان کەوا تیرۆریستان ناتوانن بگەڕێنەوە. لە پێداچوونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوە کە لەم دوواییانە ئەنجاممان داوە روونمان کردووەتەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر بەهێز و کاراتر دەگرینەبەر لە بواری ئاسایش و بەرگری، کە پارێزگاری لە هەموومان دەکات و، زیادکردنی شایستەی بواری سەربازی بە رێژەی 2.2٪ی داهاتی نیشتمانی.

ئەم پاڵپشتیە بەردەوام دەبێت و، من زۆر سوپاسگوزارم کە بە چاوی خۆم بینیم کە چەندە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەیەکەوە نزیکن. وەک وەزیرێک لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیاوە بەرپرس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، من دڵنیایی دەدەم کە ئەم پەیوەندی و دۆستیایەتییە هاوبەش و دوولایەنە نزیکە پشتگوێ نەخەم. بەریتانیا ئێستا قەرزباری کوردێکە - نەدیم زەهاوی، وەزیری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە رەچەڵەک کوردە و هاوڕێیەکی نزیکمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینکردنی پێکوتە.

ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی ئەوەی کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان یەکیانگرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد کە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگی یادەکە بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی هەیە لە نێوانماندا.

* وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی به‌ریتانیا و ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif