عارف قوربانی
-
ئه‌مڕۆژانه یادی تێپه‌ڕبوونی هه‌ژده ساڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورده بۆ كه‌ركووك، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك كه هاتنه‌دی خه‌ون و خۆزگه‌ی هه‌زارانی ئه‌و كه‌ركوكییه قوربانیانه بوو كه له ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریدا سه‌ریان نایه‌وه و جارێكی دیکە كه‌ركووكیان نه‌بینیه‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌زۆر ده‌ركراوانه بوو كه ماڵ و حاڵیان به‌به‌رچاویانه‌وه درابووه عه‌ره‌بێكی داگیركه‌ر. خه‌ونی ئه‌و گه‌نجه كه‌ركووكیانه بوو كه له مه‌عه‌سكه‌ر خالید و باروتخانه و له فه‌یله‌ق شه‌هید بوون و نه‌یانزانی دوای ئه‌وان كه‌ركووك چی به‌سه‌رهات. خه‌ونی ئه‌و لاوه خێر له‌خۆنه‌دیوانه‌ی كه‌ركوك بوو كه به هه‌ستێكی پاك و دڵێكی بێگه‌رده‌وه له دوای راپه‌ڕینی 1991 هاتبوون ببوونه پێشمه‌رگه‌ی پارتی و یه‌كێتیی و زۆرێكیان له‌سه‌ر كه‌پكی حه‌مه‌د ئاغا و له‌سه‌ر كڵاوقاسم و گامێشته‌په و شنروێ به ده‌ستی براكانیان خوێنیان رژاو ئه‌و رۆژه‌یان نه‌بینی كه كورد به ئازادی گه‌ڕایه‌وه بۆ كه‌ركووك.
رۆژێك بوو كورد له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌خاكێكی ئه‌م جیهانه بووبێت وه‌ك رۆژی رزگاریی نیشتمان وێنای ده‌كرد و هه‌واڵی رزگاركردنی كه‌ركووك دڵ و ده‌روونی ئاوه‌دانكردنه‌وه. له‌و ساته‌شه‌وه بۆ ئێستا هه‌زاران عاشقی كه‌ركووك ماڵئاواییان له ژیان كرد، چی ئه‌وانه‌ی رۆژانه له كه‌ركووك ده‌بوونه قوربانی كرده‌وه تیرۆرستییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕی دژ به داعش گیانیان به‌خشی و هه‌موو ئه‌وانه‌شی به رێگەی جۆراوجۆر كۆچیان كرد. ئایا ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌موو ئه‌وانه زیندوو بكرێنه‌وه و ته‌ماشای كه‌ركووك بكه‌ن كه دوای ئه‌و هه‌موو خوێن و قوربانی و ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌ی بۆ كه‌ركووك هه‌ڵكه‌وت، ئه‌و شاره له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕ پێشكه‌ش به ئاخونده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كرا، ده‌بێت چی بڵێن؟
شارێك به نزیكه‌ی سێ چاره‌كه سه‌ده جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌ی میلله‌تێك بووبێت، ده‌یان هه‌زار گه‌نجی له‌پێناودا به‌كوشت درابێت، به‌هۆی ده‌ستبه‌ردارنه‌بوون لێی میلله‌تێك چه‌ندینجار رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژیی و جینۆساید كرابێته‌وه، كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ دروست ده‌بێت به ئازادی بگه‌ڕێته‌وه بۆی و وه‌ك عاشقێك بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی باوه‌ش بكاته‌وه و بكه‌وێته ئامێزی، كه‌چی كورد ده‌ستی كرد به‌تاڵانی و دزی له دام و ده‌زگە و كارگه و كارخانه‌كان و ته‌نانه‌ت دووكان و ماڵه‌كانیش كه‌وتنه به‌ر تاڵانی.
ئه‌مڕۆ یادی ئه‌و ده‌ستپێكه خراپه ده‌كه‌ینه‌وه كه كه‌ركووكمان كه‌وته ده‌ست و ئێمه چیمان لێی كرد. ئه‌م شاره و ئه‌م ناسنامه‌یه‌ی كێشه و مافی ره‌وای میلله‌تێكمان خسته ده‌ستی ئه‌وانه‌وه كه به تاڵانكردن و ده‌ستدرێژیی ده‌رگای كه‌ركووكیان كرده‌وه و به‌و گیانی خۆپه‌رستی و هه‌ستنه‌كردن به به‌رپرسیارێتییه‌وه ئیداره‌ی ئه‌و شاره‌ماندا، بۆیه چاره‌نووسی به‌م رۆژه گه‌یشته‌وه كه په‌تی ته‌عریب رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر له گه‌ردنی تووند ده‌كرێت.
ئایا هه‌ر به‌ڕاستی كه‌س كه‌ركووكی له بیر ماوه؟ ئه‌و هه‌موو پڕوپاگه‌ندانه‌ی له رابردوودا به‌ناوی كه‌ركووك و بۆ كه‌ركووك ده‌كران، چی‌یان به‌سه‌رهات؟ ئه‌ی ئێستا ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركووكدا سه‌پێنراوه و كورد بێهه‌ڵوێست و بێده‌ربه‌ستانه له به‌رده‌می چۆكی داداوه، كه‌ركووك به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟ كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئه‌م میلله‌ته رابچڵه‌كێت و پرسیار بكات؟ یان وه‌ك هه‌میشه كه سبه‌ی هه‌ڵبژاردن هاته‌پێشه‌وه حیزبه‌كان ده‌كه‌ونه‌وه پڕوپاگه‌نده و گوتنه‌وه‌ی درووشمی بریقه‌دار بۆ كه‌ركووك و جۆش و خرۆش ده‌خه‌نه‌وه ناو خه‌ڵكی. ئه‌مه‌ی كورد ده‌یكات له یاریی مناڵان‌یش ناچێت. ته‌ماشا بكه‌ن پارتی و یه‌كێتی چی‌یان به‌یه‌كدی نه‌كرد له‌سه‌ر دانان و رێگریی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك، خه‌ریك بوو كوردستان بگه‌یه‌ننه‌وه لێواری شه‌ڕی ناوخۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌بێ كاك فڵان بكرێته پارێزگاری كه‌ركووك و نابێ و ناكرێ ئه‌و كاك فڵانه له‌سه‌ر كورسی پارێزگا دا‌نیشێت. ئه‌و كات دانانی پارێزگار ده‌بوو له رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاوه دابنرێت، ئه‌نجوومه‌نێك كورده‌كانی ناوی ببوون به سێ چوار به‌شه‌وه، توركمان و عه‌ره‌بیش چووبوونه سه‌ر كه‌لی شه‌یتان و به هیچ شێوه‌یه‌ك به كوردێك رازی نه‌ده‌بوون، كه‌چی دوو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان تا ئاستی خاینی نیشتمانی یه‌كدییان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته تۆمه‌تبار ده‌كرد.
كاتێك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و دانانی پارێزگار بۆ كه‌ركووك رێگەكه‌ی ئاسان بووه‌وه، به فه‌رمانێك ده‌توانرا له به‌غداوه كه‌سێك بكرێته پارێزگاری كه‌ركووك. ته‌ماشا بكه‌ن ئه‌و كاته‌ی نه‌یانده‌توانی كوردێك بكه‌ن به پارێزگار چی‌یان ده‌كرد، به‌ڵام له‌و كاته‌وه كه رێگەكه ئاسان بووه، كێ باسی دانانی پارێزگارێكی كورد ده‌كات.
له‌كاتێكدا له دوای 16ی ئۆكتۆبەره‌وه ئه‌و پۆسته به چۆڵی ماوه‌ته‌وه و عه‌ره‌بێكی ته‌عریبچی به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. زیاتر له دوو ساڵه كورد ده‌توانێ به فه‌رمانێك له به‌غداوه پارێزگارێك دابمه‌زرێنێت، له‌م دوو ساڵه‌دا هه‌زاران هێزانی عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ته‌عریبی نوێ‌دا هێنراونه‌ته كه‌ركووك، سه‌تان جووتیاری كورد زه‌وی و زاریان داگیركراوه، ده‌یان كورد كه به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركووك بوون له پۆسته‌كانیان لادراون و عه‌ره‌ب خراوه‌ته شوێنیان، كورد ده‌یتوانی به دانانی كوردێكی باش بۆ پارێزگاری شاره‌كه رێگه‌ی له هه‌موو ئه‌و سته‌م و زوڵمانه بگرتایه و نه‌یكردووه.
له‌و كاته‌وه خۆپێشاندان له پارێزگاكانی عێراق ده‌ستیان پێكردووه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه چه‌ندین پارێزگار له پارێزگاكانی عێراق لادراون و پارێزگاری تازه خراونه‌ته شوێنیان. ئایا جێی هه‌ڵوه‌سته و پرسیار نییه كورد داوای ئه‌و پۆسته‌ی ناكاته‌وه؟ به‌تایبه‌ت ده‌بێت ئه‌م پرسیاره ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بكرێت، چونكه یه‌كه‌م پۆسته‌كه ئیستحقاقی یه‌كێتییه، دووه‌م یه‌كێتیی زۆر مكوڕ بوو له‌سه‌ر دانانی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی به پارێزگار و به‌و هۆیه‌وه خه‌ریك بوو دۆخی كوردستان له‌گه‌ڵ پارتی بگه‌یه‌نێته مریشكه ره‌شه. ئێستا ئه‌و پۆسته به‌ئاسانی ده‌توانرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه پڕبكرێته‌وه و هه‌مان ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی یه‌كێتی شه‌ڕی بوو له‌سه‌ری، بكرێته پارێزگار، ئه‌ی بۆ نایكه‌ن؟
گرووپی كه‌ركوكییه‌كانی ناو سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان و پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، كردبوویان به مه‌رج به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه كه به‌شداریی یه‌كێتی له حكومه‌ت و دروستكردنی سه‌رۆكایه‌تیی دامه‌زراوه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان ببه‌سترێته‌وه به دانانی پارێزگاری كه‌ركووكه‌وه، ئایا ئێستا سه‌یر نییه له‌وه‌ی كه دانانی پۆستی پارێزگار له ده‌ستی خۆیانه و داینانێن و به به‌رچاویانه‌وه وه‌كیله ته‌عریبچییه‌كه رۆژانه عه‌ره‌ب ده‌هێنێته سه‌ر كه‌ركووك.
ئه‌م راستییانه چیمان پێده‌ڵێن، یا ئه‌وه‌تا كه‌ركووكیان وه‌ك كارتێك بۆ وروژاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی و كولاندنه‌وه‌ی برینی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته. كه مانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌و سته‌می له‌سه‌ری هه‌یه هه‌میشه خزمه‌ت به به‌كاربردنی ده‌كات وه‌ك كارتێكی كاریگه‌ر. یا ئه‌وه‌تا كه‌ركووكیان بۆ دزی و تاڵانی نه‌وته‌كه‌ی ده‌وێت، كه ئێستا له سایه‌ی ئه‌و دۆخه تایبه‌ته‌ی كه‌ركووك كه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی ده‌یان گرووپی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌مانه‌ش به‌و به‌شه رازین كه له‌و دۆشینه‌ی كه‌ركووك به‌ریان ده‌كه‌وێت؟
بڕیار وایه شه‌ش مانگی دیکە هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، به چی روویه‌كه‌وه به خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌ڵێن بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگمان بده‌نێ. پێویسته كوردی كه‌ركووكیش بخرێته به‌رده‌م ئه‌و پرسیار و به‌رپرسیارێتییه‌وه كه بیر له خۆی ده‌كاته‌وه یاخود وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌ك به‌ئاسانی به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه هه‌له‌كه سه‌ما.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق