كەجەكە داوا لە پارتی دەكات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیا ئاشكرابكات

ليست هناك تعليقات

كەجەكە رایگەیاند، هێرشەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵی گەریلا لە باشوری كوردستان رەزامەندی هێزە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی وەرگرتوە. داواش لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشانە ئاشكرابكات.

ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، توركیا لەشەوی 23 لەسەر 24ی ئەم مانگە دەستی بە هێرشی بەرفراوان كردوە بۆ سەر چەند ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵی گەریلا لە باشوری كوردستان كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان و ئەوەش بەشێوەیەكی ئاشكرا ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە چۆن ئەرمەنییەكانمان قڕكرد چارەنوسی كوردیش ئاوا دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوەكە بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكە، بەرپرسانی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكادا دیداریان ئەنجامداوەو رەزامەندی ئەو وڵاتانەی بۆ هێرشەكە وەگرتوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەکراوە و ئەویش رەزامەندی داوە."

بە بڕوای كەجەكە بێدەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی دیكەی كورد بە مانای رەوایەتیدانە بەو هێرشانەی توركیاو ئەوەش "قبوڵ ناكرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو، پارتی ماوەی ساڵێك زۆرێك ناوچەی گەریلای گەمارۆ داون و "گەلی کورد چاوەڕوانە کە پارتی لە دژی ئەم هێرشانە هەڵوێستێکی ئاشکرا نیشان بدات...پارتی بەشداری هێرشەکانیش نەبێت، بە هەڵویست و بێدەنگی خۆی لە هەمبەر ئەم هێرشانە، دەکەوێتە دۆخێکی ئاوەها کە ڕەوایی داوە بەم هێرشانە و پشتگیری دەکات. ئەگەر پەدەکە و هێزە سیاسییە کوردییەکان لەدژی هێرشەکان رابن، دەوڵەتی تورک ناتوانیت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتگیری وەربگرێت، ناویرێت لەم ئاستەدا هیرش بکات."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا كەجەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەم هێرشەی توركیا هێرشە بۆ سەر ئیرادەی سیاسی حكومەتی عێراق و هەڕەشەشە بۆ سەر یەكپارچەیی عێراق و وتویەتی"ئەگەر عێراق لەدژی ئەم هێڕشانە هەڵویستێک نیشان بدات ناڕەوایی هێرشەکانی تورکیا نیشان دەدات و لاوازی دەکا. ئەگەر عێراق لە دژی ئەم هێرشانە هەڵویست نیشان نەدات ئەوا هێرشەکانی تورکیا ئاسایی دەبن لەدژی یەکپارچەیی عێراق. ئەگەر عێراق ئەم هێرشانە لە دژی یەکپارچەیی خۆی ببینێت، دەبێت ڕاگەیەنراو بدات، داوای کۆتایی هێنان بە هێرشەکان بکات و بەم شێوەیە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبهێنێت. بە بێدەنگی دەسەڵاتداری عێراقیش شەریکی ئەم هێرشانەن، لە لایەکیشەوە بە هەڵوێستی خۆی لەدژی تورکیا ڕۆلێکی مێژوویی دەگێڕێت."

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو هێرشە تەنها لە دژی گەریلا نییە بەڵكو لە دژی هەمو كوردە "بۆیە دەبێت کوردان لە هەر شوینێک بن ڕاپەڕن و لەگەڵ گەریلا ببنە یەک."

هەروەك هێرشەكەشی بە هێرش بۆ سەر باشوری كوردستان ناوبردوەو داوای لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان كردوە كە "دەبێت لەدژی هێرشەکان هەڵویست نیشان بدەن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif