هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكشێنەوە؟

ليست هناك تعليقات

 

بورهان شێخ ڕەئوف‌

رۆژی 7ی نیسانی 2021، گەڕێكی تری دانوستانی ستراتیجی نێوان عیراق و ئەمریكا لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كرا. هەرچەندە ساڵی رابردووش لە مانگی حوزەیرانەوە دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەستپێكی ئەم وتوێژانە بوو بە مەبەستی گەیشتن بە فۆرم و میكانیزمێك بۆ پەیوەندیی سەربازی و ئاسایش و دواجار كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق. باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا ساڵی 2011 هەموو هێزەكانی ئەمریكای لە عیراق كشاندەوە، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003 دا، هەرچەندە ئەم هەنگاوە گورزێكی كوشندەی لە پێگەی ئەمریكا لە عیراق و ناوچەكە و جیهانیش دا ‌و بۆشایی ئەو كشانەوە خێرایە لەلایەن هێزە ئیقلیمییەكانەوە پڕكرایەوە و قۆسترایەوە، بەڵام جارێكی تر، ساڵی 2014 هێزەكانی ئەمریكا لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش، گەڕانەوە عیراق، لە دوای راگەیاندنی سەركەوتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بەسەر داعشدا، هێشتا ئەو هێزانە لە هەندێك بارەگا و بنكە لە عیراق و هەرێمی كوردستان ماونەتەوە، هەرچەندە ژمارەی ئەو هێزانە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوودا كەمكرانەوە. لە ساڵی 2018، دوای كشانەوەی ئەمریكا بە بڕیاری سەرۆك ترەمپ لە رێكەوتننامەی 5+1 تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بووە دۆسێیەكی گەرمی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عیراق، بەتایبەتی دوای رووداوەكەی 3/ 1/ 2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئیتر ئەو ململانێیە گەیشتە لووتكە و قۆناغێكی هەستیار و شپرزە، بە تایبەتی بۆ عیراق كە خاوەنی پەیوەندی و دۆستایەتی گرنگە لەگەڵ هەردوولای كێشەكەدا. هەر دوای ئەو رووداوەش، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای لە عیراق دەركرد، بەبێ‌ ئامادەبوونی كورد و سوننە و بەشێك لە شیعەكانیش، كە ئەمەش پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت بۆ پرسێكی وا هەستیار و چارەنووسساز، كە وابەستەی ئایندەی هەموو عیراقییەكانە. هەڵوێستی پەنتاگۆن 7/4/2021، گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی ئەمریكا عیراق لە سەردەمی ئیدارەی تازەی سەرۆك جۆ بایدن بەڕێوەچوو، هەرچەندە لە راگەیاندنی هاوبەشدا هەردوو وەفدی ئەمریكا و عیراق بە سەرۆكایەتی هەردوو وەزیری دەرەوە و ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان، باسی ئەوەیان كردووە كە گەیشتوونەتە شێوازێك لە رێكەوتن، كە هێزەكانی ئەمریكا رۆڵی راوێژ و راهێنان ببینن و هێزە جەنگاوەركان بكشێنەوە، بەگوێرەی خشتەیەك كە هەردوولا لە وتوێژە تەكنیكییەكانی داهاتوودا كاتەكەی دیاری دەكەن. بەڵام هەرزوو، لە 8/4/2021 وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ لێکتێگەیشتنێك هەبێت لەگەڵ بەغدا، بۆ دیاریكردنی كات بۆ پاشەكشەی هێزە شەڕكەرەكانیان لە عیراق لە كاتی ئێستادا، كە ئەمەش زیاتر گومانی دروستكرد لە نییەتی ئەمریكییەكان بۆ كشانەوە لە عیراق. جۆن كیربی وتەبێژی پەنتاگۆن وتی: مەبەست لە گەیشتن بە رێكەوتن دەربارەی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانیان لە عیراق كە لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە، مانای ئەوە نییە كشانەوە لە عیراق دەستیپێكردووە، بەڵكو بەیاننامەكە دەڵێت: بڕیاری وتوێژی تەكنیكی زیاتر دراوە لەلایەن هەردوولاوە، سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكان لە ئایندەدا. هەروەها كیربی ئەوەشی راگەیاند، كە هێزەكانیان لەسەر داخوازی و رەزامەندیی حكومەتی عیراق لەو وڵاتەن، ئەوان بۆ هەمیشەیی لەوێ‌ نابن ‌و رۆژێك دێت بە تەواوی دەكشێنەوە. شەڕی داعش ئەگەر لە راگەیەنراوەكەی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و عیراق وردبینەوە، باس لە بەردەوامیی شەڕی داعش دەكرێت لە عیراق و لە راستیشدا جموجۆڵەكانی داعش رۆژانە لە رووبەرێكی فراوانی خاكی عیراقدا دەبینرێن، ئەمەش مانایەكی روون و راشكاوی هەیە، كە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ بەگژداچوونەوەی داعش هاتوون ‌و تاوەكو ئەو شەڕە بمێنێت، پێناچێت عیراق جێبهێڵن. لە كۆتاییدا، هێزەكانی ئەمریكا 2500 كەسن، ئێستا لەوەناچێت وا بە ئاسانی و خێرا بە فشاری هەندێك تاقم و میلیشیا بكشێنەوە، بەڵكو پەیوەستە بە دۆسێیەكی گەورەترەوە، كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران و پێشهاتەكانی رێكەوتننامەی 5 + 1 و كۆی ململانێكانی ناوچەكە لەخۆدەگرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif