پزیشکێکی پسپۆر باسی گرنگترین سودە تەندروستیەکانی رۆژوگرتن دەکات

ليست هناك تعليقات



پزیشکێکی پسپۆر باسی پێنج گرنگترین سودە تەندروستیەکانی رۆژوگرتن دەکات و دەڵێت، دورکەوتنەوە لەخواردن خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەش پاک دەکاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەکانی جەستە، ڕیخۆڵەکان خاوێن دەکاتەوە و سوڕی خوێن چالاک دەکات.

د. داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە لە نوسینێکدا لەبارەی سودەکانی رۆژوگرتن نوسیویەتی، "چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستوە کە ڕۆژوبون ڕێژەی چەوریە خراپەکان (چەوری دڵ و چەوری سەر جگەر) دادەبەزێنێ و ڕێژەی چەوری باش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی چەوری خەزن کراوی ژێر پێست و سەر جگەر لەلایەن جەستەوە دوای تەواوبونی شەکری خەزن کراو".

دوای هەشت سەعات لە هیچ نەخواردن، گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەست هێنانی وزەی پێویست پەنا ئەباتە بەر ئەو گلوکۆزەی لەناو ماسولکە و جگەردایە

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای هەشت سەعات لە هیچ نەخواردن، گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەست هێنانی وزەی پێویست پەنا ئەباتە بەر ئەو گلوکۆزەی لەناو ماسولکە و جگەردایە (بۆیە هەست بە شەکەتی ماسولکەکان ئەکەین)، دوای تەواوبونی شەکری خەزنکراو ئینجا چەوری زیادە ئەتوێتەوە (بۆیە کێش دائەبەزێ).

کەسی ڕۆژوان بڕێکی زۆری کالۆری خەرج ئەکات (1200 کالۆری لەڕۆژێکدا)، ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیکەی چوار کیلۆ لە کێشیان دائەبەزێ

د. داهات حەوێزی باسی لەوەشکردوە، کەسی ڕۆژوان بڕێکی زۆری کالۆری خەرج ئەکات (1200 کالۆری لەڕۆژێکدا)، ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیکەی چوار کیلۆ لە کێشیان دائەبەزێ، هەروەها دورکەوتنەوە لەخواردن خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەش پاک دەکاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەکانی جەستە، ڕیخۆڵەکان خاوێن دەکاتەوە و سوڕی خوێن چالاک دەکات.

لەبارەی سودی چوارەمی رۆژو، ئەو پزیشکە دەڵێت، "ڕۆژوگرتن بەرگری لەش بەهێز دەکات، بەڕۆژوبون ئاستی دژە ئۆکسان و دژەهەوکردنەکانی وەکو IL-1b, IL-6, tumour necrosis factor زیاد ئەکات ئەمانەش کاریگەری باشیان هەیە بۆ کەم کردنەوەی مەترسی مردنی خانەکان و شێرپەنجەکان و توشبون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن و ڕۆژو گرتن ژمارەی خڕۆکە سپیەکان زیاد دەکات و خڕۆکە پیرەکان ڕائەماڵێ بەمەش سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەکات.

لە سەرەتای بەڕۆژوبون بەهۆی وشکبونەوە و دابەزینی ئاستی شەکری خوێن و تێکچونی کاتی خەو و خواردن باری دەرونی تێک ئەچێت، بەڵام وردە وردە کەسی بەڕۆژو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە ڕادێت

لەبارەی سودی پێنجەمەوە، د. داهات حەوێزی رونیکردەوە، "هەرچەندە لە سەرەتای بەڕۆژوبون بەهۆی وشکبونەوە و دابەزینی ئاستی شەکری خوێن و تێکچونی کاتی خەو و خواردن باری دەرونی تێک ئەچێت، بەڵام وردە وردە کەسی بەڕۆژو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە ڕادێت، لە کۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنەکانی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین و بەهۆی تازەبونەوەی خانەکانی مێشک؛ بە ڕۆژوبونی ڕەمەزان کاریگەری باشی دەبێ بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و سترێس و دڵەڕاوکێ و هەروەها بەرزکرنەوەی ئاستی ئاگایی و تەرکیز و ڕێزگرتن لە خود، لەلایەکی ترەوە بەڕۆژوبون ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتەکانی ئیدمانبون بە جگەره و ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif