وەزیری پێشمەرگە: "تیرۆریستانی داعش بەتەکنیک و شێوازی نوێ کەوتوونەتە جموجۆل و بوونەتە مەترسی بۆسەر ناوچەکە و جیھان"

ليست هناك تعليقات

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی ھەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند "تیرۆریستانی داعش بەتەکنیک و شێوازی نوێ کەوتوونەتە جموجۆل و بوونەتە مەترسی بۆسەر ناوچەکە و جیھان".

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە میدیا سەنتەری وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە، شۆڕش ئیسماعیل لە سێ کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ ھەریەک لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، ئۆلیڤیێ دیکۆتینی و جێگری کونسوڵی بەریتانیا، مێڵ سمارت و کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئیبراھیم ئەلزاھیری کۆبووەوە.

لە میانی دیدارەکاندا کە بریکاری وەزارەت، سەربەست لەزگین و ئەمینداری گشتیی وەزارەت، جەبار یاوەر ئامادەیبوون، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ھەر سێ کونسوڵخانە رایگەیاند: "خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم بەگرنگی و بایەخی زۆرەوە لە پەیوەندیەکانی وڵاتانی دۆست دەڕوانێت، خوازیاری بەرەوپێشبردن و پێشخستنی پەیوەندیەکانن لەگەڵ وڵاتاندا".

لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکاندا، وەزیری پێشمەرگە لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی تیرۆر، رایگەیاند: "بەتەکنیک و شێوازی نوێ، تیرۆریستانی داعش کەوتوونەتە جموجۆل و بوونەتە مەترسی بۆسەر ناوچەکە و جیھان، بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە، ھەماھەنگی و پێکەوەیی لە رووبەڕوبوونەوی تیرۆریستان و بنبڕکردن و ریشەکێشکردنیان بە ‌ھاوکاری ھاوپەیمانان، بەگرنگ و پر بایەخ وەسفکرد.

جێگری کونسوڵی بەریتانیا لە ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی بە گرنگیەوە لە رێککەوتنی گشتگیر و ھەمەلایەنەی نێوان بەغدا و ھەولێر دەڕوانێت و خوازیارن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش، لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆسەی رێککەوتنەکە نەھێڵن.

لەلای خۆیەوە کونسوڵی فەرەنسا، پابەندی و ویستی وڵاتەکەی لە پەرەدانی زیاتری پەیوەندی لەمێژینەی نێوان کورد و گەلی فەرەنسای دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "وێڕای پەیوەندییە کولتووری و فەرھەنگی وسیاسییەکانمان لەگەڵ کورد، دەمانەوێت وەک ھاوکارێکی گرنگ و کاریگەری پێشخستن و رێکخستنی ھێزی پێشمەرگە بمێنینەوە".

لەدوایین دیداردا، وەزیری پێشمەرگە و کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە ھەولێر، پەیوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی نێوان ھەرێم و ئیماراتیان خستە بەرباس، ھەردولا بەگرنگیەوە لە پتەوکردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانەیان روانی. کونسوڵی گشتی ئیمارات جەختیکردەوە، کە وڵاتەکەی ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەخوازێت، لەم روانگەیەشەوە ھاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif