ڕۆژی ڕزگاری عێراق، یان هەڵدانەوەی سەری مەنهۆڵەکە

ليست هناك تعليقات


دەگوترێت بە مامۆستا مەلا "عەبدولکەریمی مودەریس"یان وتووە، کە بۆچی دوعا لە " سەددام حسەین" ناکەیت بەڵکو خودا لەناوی بەرێت، ئەویش وتوویەتی سەددام سەری مەنهۆڵێکە کە پڕە لە جرج و جانەوەرو پیسی، ئەگەر سەری ئەو مەنهۆڵە هەڵبدرێتەوە، بۆنی زێرابەکە بە هەموو لایەکدا بڵاودەبێتەوەو جانەوەرەکانی ناویشی بەردەبنە گیانی خەڵکی.

ئاواتخواستن بۆ سەردەمی دیکتاتۆر، گوزارشتە لەوەی کە ئێستا کارەسات هەیە، بوونی ئەو هەموو جڕوجانەوەرەی کە بەربوونەتە گیانی خەڵکی، وایکردووە بەشی زۆری گەلانی عێراق خۆزگە بە لانەبردنی سەری مەنهۆڵەکە بخوازن.

بەرئەنجامی ئەو هەموو دزی و چەتەیی و پاشاگەردانییەیە کە سەردەمی کفن دزی پێشوو وەیاد دەهێنرێتەوەو دەگوترێت لە نۆی نیسانی دووهەزارو سێدا، دیکتاتۆرێک ڕماو دەیان دیکتاتۆر لە دایکبوون.

هەروەکچۆن دیکتاتۆرەکان لە سەردەمی حکومڕانییاندا، وڵات پڕ دەکەن لە ترس و کارەسات و، دۆزەخ بۆ ئەوانە بەرپا دەکەن کە بەرانبەریان دەڵێن نا، لە دوای کەوتن و مەرگیشیان ژیان بە ئاسانی بۆ ئەوانە ناڕسکێت کە خوازیاری مەرگ و کەوتنی دیکتاتۆر بوون.

عەلی شەریعەتی دەڵێت، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دادپەروەری بەرقەرار نابێت، چونکە لەم وڵاتانەدا ستەمکاران دەگۆڕدرێن، بەڵام ستەم ناگۆڕدرێت.

لە نۆی نیساندا، سەددام کەوت و لەناو برا، بەڵام کلتوری بەعس ڕیشەکێش نەکرا، هەربۆیە ستەم لە گەلانی عێراق کۆتایی نەهات و بەعس بە چەندان شێوەی جیاواز دەرکەوتەوە.

هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ئەخلاق و هۆشیاری ئاوێزان نەبێت، دۆخێکی لێبەرهەم دێت کە خەڵک تێیدا خۆزگە بە ڕابردوو دەخوازن.

" کەنعان مەکیە"ی نوسەری ناوداری عێراقی دەیووت" ئەوە سەددام نەبووە بێدەنگی دروستکردووە، بەڵکو ئەوە بێدەنگی خەڵکی عێراق بووە سەددامی دروستکردووە"، ئەم هاوکێشەیە بۆ پاش سەددامیش ڕاستەو ئەو سیستم و دەسەڵات و دۆخەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەرهەمی خەڵکەو دەشگوترێت هەموو گەلێک ئەو دەسەڵاتەی دەستدەکەوێت کە لە ئەندێشەیدا ڕەنگڕێژی کردووە.

سەرباری هۆکارە دەرەکییەکان و هەر هۆکارێکی دی، هۆشیاری خەڵک فاکتەری بنەڕەتییە بۆ شکڵگرتنی هەر جۆرە سیستمێک، هەموو دەسەڵاتێکیش ئیلهام لەو ڕەعیەتەوە وەردەگرێت کە لەژێر قەڵەمڕەویدایە.




سالار مەحمود

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif