حزبەکانی ھەرێم لەچی دەترسن؟

ليست هناك تعليقات


تەنیا کوردی

پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە تەمەنی سیاسی ئەم چەند ساڵەیاندا ئەکشنی پڕ لە سیناریۆ و هەڵەی کوشندە و یاری پڕ لە مەترسی سیاسیان خستووەتە زاکیرەی گشتی خەڵکەوە، لەبەر تێنەگەیشتن لە مۆدێرنێتە و لیبرالییەت و خۆ نوێکردنەوە و پڕچەکبوون بە مەعریفەی نوێ، هێشتا حزبە سیاسییەکان لە خەڵک دەترسن! خەڵک هێشتا لە زاکیرەی حزبدا مەترسیییە! حزب دەبێ لە ئەکشنێکی راستەقینەی خۆیدا خۆی بناسێنێتەوە نەوەک دژ بە خەڵک بێ! هێشتا هەندێک حزب وا لێکی دەدەنەوە کە بیرکردنەوەی خەڵک و هۆشیاری خەڵک، یەکەم گورزی سیاسییە بۆ زاکیرەی حزب! هێشتا خەڵکانێک وا کاردەکەن کە حزبایەتی دەبێ درۆیەکی مۆدێرن بێ لە بەرگێکی شۆڕشگێڕیدا.

تاکە شتێک کە هەندێ حزبی سیاسی لە هەرێم هێشتبێتەوە پرسی نەتەوەییە! بەڵام لە شکلەوە ئەم حزبانەیش وا بەرەو کەمی جەماوەربوون دەچن! حزب لە گەمەی سیاسیدا دەژی، نەچووەتە بەرگێکی راستەقینەی خەڵکەوە. ئەگەر بەوردی تەماشابکرێ دەبیندرێ بەرەی خەڵک دوو هێندەی بەرەی حزبە! دەبیندرێ ئێستا لە مەجلیسی عەشایری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا تێکڕا حزبایەتی عەیبەیەکی مەزنە! لە بنەڕەتدا حزبایەتی عەیب نییە، بەڵکو شێوازی ئەدای حزبایەتی وایکردووە ببێ بە عەیب! دەبێ حزب خۆی پێناسبکاتەوە و نوێگەرایی بخاتە ئەدای سیاسیانەی، ئەگەرنا لەڕووی کاری سیاسییەوە دەچێتە دوای بیرکردنەوەی خەڵکەوە.

پڕۆگرامی چۆنیەتی کارکردنی حزبە سیاسییەکانی هەرێم، گشتی هی سەردەمی دروستبوونیەتی و، تەنیا لە بازنەی وشەدا گۆڕانگاری تێدا کراوە و لەڕووی ئەقڵیەتی کارگێڕی و سیاسەتی ئیدارەدان و خۆگونجاندن لەگەڵ مۆدێرنێتە دا لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگەو پێشکەوتنی سەردەم، ئەدایەکی دواکەوتووانەی هەیە...حزبایەتی کایەکی کۆمەڵگەیە، دواکەوتووی لە ئەدای سیاسی حزبایەتیدا کاریگەری دەبێ لەسەر دواکەوتوویی کۆمەڵگە دا.

لە ئێستادا حزبایەتی لە چەشنێکی دواکەوتووی لەکۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێ، کۆمەڵگە دەرچەی بۆ کرانەوەیەکی سیاسی و سۆشیالی و مۆدێرنێتە و لیبرالییەت کردووەتەوە! سەرەتای گۆڕانکارییەکان وا بوونەتە حەقیقەت، بەڵام سەیرلەوەدایە کە پارتە سیاسییەکان بەرەو دواوەدەچن! چونکە ئەدای کارکردنی گشتی پارتە سیاسییەکان کلاسیکە، ئەگەر چی لەبەرگێکی نوێگەرای دەبینرێن، بەڵام لە ناخدا ئەقڵیەتێکی کارگێڕی کۆنیان هەیە..لە جولانەوەیەکی سیاسیانەی بێ سیستەم دان، هەر بۆیەشە هەڵەی سیاسی دەکەن! لەکاتی تەنگانەدا پلانی رووبەڕووبوونەوە دادەنێن کەچی پێشوەختە لە ئەگەری روودانی قەیرانێک ناکۆڵنەوە، گەر لێکۆڵینەوەیش هەبێ لە ئاستی تاکەکەسیدایە ئەمەیش زیانێکی سیاسی گەورەی لە ئەدای حزبایەتی داوە.

مۆدێرن و لیبرالییەت، دوو چەکی هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگەی نوێن! کرانەوەی مەدەنی و بواردانە ئازادی رادەربڕین و تبگەیشتن لە جیلی نوێ، ئەمانە دەبوو بەرنامەی حزبە سیاسییەکانی ھەرێم بن، بەڵام بارەگای زۆر و نەبوونی پڕۆژە و نەبوونی دیالۆگی راستەوخۆ و خولانەوە لەدەوری ئەقڵیەتێکی تاکلایەنەی بێ بەشداری راستەقینەی نیەتی ئەندامانی هەر حزبێک، یەکەم گورزی لە حزبایەتی داوە..کەچی کۆمەڵگە بەرەو کرانەوەی ئەو چەکە مۆدێرنێتە و لیبرالییەتە دەچێ کە خۆی دەورانی لەنێو خۆیدا کردووە و حزباییەتیشی وەدەرناوە و لە زەمەنێکی دوورتر ئەو راستییە تاڵە ئاشکرا دەبێ.

لە کوردستاندا لە غیابی کۆمەڵگەی مەدەنیدا حزب وەگەڕخەری پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە؛ لە ئێستایشدا لەگەڵ خراپی دۆخی فکر و لێڕامانی سیاسیانەی حزبایەتی بۆ دۆخی کێشەکان، کۆمەڵگە خۆی لە دەورانی سیاسیدا خۆیدا دەخولێتەوە و لە پێشکەوتنی خۆیدایە.

حزب لە پێشکەوتندا دەبێ تەرازوی رۆژگاربێ، کەچی حزبایەتی هێشتا لە بەرگێکی گەندەڵی زەقەوە دەبیندرێ و پێویستی بە پارسەنگبوونەوە هەیە! چینێک دەستی تێریان بە سکی برسی چینێکی دیکە دەسڕنەوە! حزبایەتی ناونیشان نییە تا لە تابڵۆیەکدا بنووسرێ، حزبایەتی هونەرێکی سیاسی کۆمەڵایەتییە دەبێ لە مومارەسەی خەڵکدا گەشەبکا و لە تێزی راستەقینەدا بەرنامەی هەبێ و لە چالاکی مەیدانی دا بوێری بداتە کۆمەڵگە..حزبەکانی هەرێم کۆمەڵگە ترسنۆک دەکەن ئەمەیش مەترسی دەبێ بۆ دوارۆژێکی دوور، دەبێ کۆمەڵگە جورئەتی سیاسی هەبێ، چونکە چەکی دەوڵەتبوون لەدەستی کۆمەڵگەیەکی بوێردا دەبێ..هەر کۆمەڵگەیەکی بوێریشە دواتر دەوڵەت دروست دەکات.

حزب لەبڕی هەزاران پڕۆژە هەزاران بارەگای هەیە! لەبڕی راپرسی راستەقینە دەمڕاستی کۆڵانی هەیە! لەبڕی پرسی خەڵک پۆستەچی هەیە! لەبڕی راوێژی خەڵک راوێژی دانیشتووی سەر کورسی لە ژوورێکی تاریکدا هەیە! ئەمە سیستەمێکی بەتاڵی دوارۆژە و رۆژگاری نوێ رەحم بەم شێوازە کارکردنە ناکات، بۆیە دەبێ حزب بخرێتە بەر پشکنینی گۆڕانکاری سەردەمیانە و رادەستی مۆدێرنێتە بکرێ، بەڵام لە بەرگێکی کوردستانیانەدا و لە ژێر عەقڵێکی ستراتیژی و لۆژیکی دا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif