سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی پێشوەختە

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
هەڵبژاردن گرنگترین پرۆسەیەكە لە هەر وڵاتێكدا، بەجۆرێك كە وڵاتە سیستماتیكە سەقامگیرەكانیش دەخاتە بەردەم دۆخێكی تایبەت، ئەوە بۆ وڵاتێكی وەك عێراق كە گیرۆدەی چەندین هاوكێشەی نێودەوڵەتی و تەسفیە حسابی ناوچەیدایە، بە جۆرێك كە کەمن ئەو هێزانەی بڕیاریان لە پایتەختەكەی خۆیانەوە بۆ دەدرێت کە بەغدادە، بەڵكو لە ڕووی سیاسی و پابەندیەوە ڕوویان لە دەرەوەی عێراق و لە ڕووی خەرجی و داهات و خۆبەڕێوبردنەوە ڕوو لە عێراقن، كوردەواری وتەنی (هێلكەكانیان بۆ پایتەختەكانی دەرەوە و ڕیقنەكانیان بۆ بەغدایە)

عێراق بەو هەموو هێزە بەرژەوەندی جیاوازەوە ڕووی لە هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێك كە چاوی گۆڕانكاری لەسەرە و بۆ ئەو مەبەستەش یاسای هەڵبژاردنیان بۆ گۆڕی، چونكە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ تێپەڕاندنی هەڵبژاردن بوو نەك هەڵبژاردن، چونكە عێراق بە ساختەكاریەكی گەورەدا تێپەڕی و دەرئەنجامی هەڵبژاردن زۆر دوور بوو لە خواستی دەنگدەرانیەوە، بە جۆرێك كە هیچ كاتێك هەڵبژاردن هێندە نەبووەتە جێگای گاڵتەجاری، تەنانەت ساختەكارەكان و ئەوانەشی سودمەندی تەزویرە گەورەكە بوون بە شەرمەوە بەرگریان لە بردنەوەكەیان دەكرد، تەواوی وڵاتانی موهتەم بەعێراق و هاوڵاتیانی عێراق و هێزەكانیش لەو باوەڕەدا بوون هەڵبژاردن و ئەنجامەكان گاڵتەكردن بوو بە دیموكراسی و ئیهانەكردنی دەنگی خەڵك بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دۆخی عێراق بەرگەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی نەدەگرت و ڕەد كردنەوەی ئەنجامەكانیش عێراقی ڕوو پێ دەكردە جەنگی نێوخۆیی، هەڵبژاردن و ئەنجام و تەزویرەكەش تێپەڕی، بەڵام ڕەنگە جگە لە پەرلەمانتارە دەرچوەكان كە بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لە پەرلەمانن هیچ شتێكیتر لە عێراقدا بە پێی بەركەوتەی ئەو هەڵبژاردنە نەبوبێ، لە دوای ئەو هەڵبژاردنەوە ژمارەیەك ڕووداو عێراقی لە كەوتن نزیك كردەوە تا كار گەشتە بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە

هەڵبژاردنی پێشوەختە گرنگترین پرسی دوای ڕووخانی سەدام دەبێت بۆ عێراق، خودی هەڵبژاردنەكە نا بەڵكو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە و دەرئەنجامەكانی یەكلا كەرەوە دەبن بۆ عێراق، ئایا عێراق دەكەوێتە سەر ڕێچكەی هەڵبژاردنی تەندروست یان نا؟ ئایا عێراقیەكان توانای بەڕێوبردن و ڕاگەیاندن و بەرگریكردنیان هەیە لە دەرئەنجامی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن یان نەخێر؟

گەر بەوردی سەرنج بدەیتە گۆڕانكاریەكانی عێراق، هەست بەوە دەكەیت سەرۆك كۆماری عێراق لە هەموان زیاتر و ڕوونتر پشتیوانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لەدەرەوەی تەزویر و گاڵتەجاڕی بە دەنگی خەڵك، ئەوە جگە لە ڕۆڵی ئەو لە گۆڕانكاری لە یاسایی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان

ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە كە سەرۆك كۆمار(د.بەرهەم ساڵح) جیاواز لە هەر پرسێكیتر و بگرە لە هەموو پرسەكاندا تەوەرێك دەبەستێتەوە بە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقەوە و جەخت لە هەڵبژاردنی دوور لە ساختەكاری دەكاتەوە، ئەو ئێستا لە سەنگەری سەركەوتنی پرسی هەڵبژاردندایە بەجۆرێك كە سومعە بۆ هەڵبژاردن و دەنگی خەڵك بگەڕێتەوە، ئەو هەموو پرسەكان دەبەستێتەوە بە هەڵبژاردنێكەوە كە ڕەنگدانەوەی دەنگی خەڵك بێت، هەمیشە باس لە زەروریەتی هەڵبژاردنێكی بێ غەل و غەش دەكاتەوە، بەجۆرێك لە هەموو پرسە نێوخۆیی و جیهانیەكاندا یەكێك لەتەوەرەكانی پێویستی هەڵبژاردنی نەزیهە

ئەگەرچی سەرۆك كۆمار لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێكی گەورەیی هەبووە لەوەی هێزەكان لەوەزیاتر لەیەك دوورنەكەونەوە تا عێراق لە جەنگی نێوخۆیی بپارێزێت و توانیویەتی كۆشكی كۆماری لە پەراوێزخرانەوە بكاتەوە شوێنی بڕیار و گفتووگۆ جدیەكان، ئەمەش ڕۆڵی گەورەیی هەبووە لەسەر پێگە و رۆڵی کورد لە بەغداد، ئەگەرچی پێگەی کورد ئاستەمە بگاتەوە ئاستی ڕابردوو تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت کە عێراق جارێکیتر ڕوو لە لاوازی بکاتەوە و گیرۆدەی جەنگێکیتر ببێتەوە،

بەڵام ئەركی گەورەی سەرۆك كۆمار لەم هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، بەتایبەت دەرئەنجامی هەڵبژاردن، كە ئاسان نیە بەڵام ئیرادەیەك دەبینرێت بۆ ئەوەی سومعە بۆ هەڵبژاردن بگەڕێتەوە.

بۆیە من پێموایە سەرۆك كۆمار نە سەرقاڵی دروستكردنی لیست دەبێت و نە دەچێتە نێو یاریە بچوكەكان، هەر دەبێت واش بكات، چونكە دەرچون و دەرنەچوونی چەند كاندیدێك بۆئەو بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، بەڵكو ئەوەی دەستكەوت و سەركەوتنە بۆی، هەڵبژاردنی خاوێنە بە جۆرێك كە ڕێژەی تەزویر تێیدا لە كەمترین ئاستدا بێت، ئەوەی سەركەوتنە بۆ سەرۆك کۆمار لیست و كاندید نیە، بەڵكو ئەوەیە كە كەتیبەیەكی چەكدار نەتوانێ یاری بەدەنگی خەڵك بكات و سندوقەکانی دەنگدانی لەدەستدا نەبێت، هێزێك سندوقەكان پڕنەكات و هەڵبژاردن جارێكیتر نەبێتەوە بە گاڵتەجاری، هەرچەند بۆ عێراق كە زۆرترین بڕیارەكانی لەدەرەوەی بۆ دەدرێن ئاسان نیە و باجی دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif