بەهۆی دەرزییەکەوە ئافرەتێک شەش رۆژە بێهۆشە

ليست هناك تعليقات

ئافرەتێکی دانیشتووی قەزای کۆیە، بەهۆی دەرزییەکەوە شەش رۆژە بێهۆشە ،برای ئافرەتەکە دەڵێت خوشکەکەم کەمێک ئازاری هەبووە و چووەتە نۆڕینگەیەک لەوێ دەرزییەکیان بۆ بەکارهێناوە کە هەستەوەری پێی هەبووە.

ئەو ئافرەتە، کە ناوی خەندە کاکەڕەشە، تەمەنی 23 ساڵە و دایکی دوو منداڵە، دانیشتووی قەزای کۆیەیە، رۆژی 18-3-2021 لە نۆرینگەیەکی لاکۆڵانی قەزای کۆیە دەرزییەکی لێدراوە، لەو کاتەوە بێهۆش بووە، ئێستا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکییە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کۆیە ئەو ئافرەتە هەستەوەری بەو چارەسەرە هەبووە کە بۆی بەکارهێندراوە، دوو جاریش چارەسەرەکەی بۆ بەکارهێندراوە، بۆیە تووشی هەستیاری تووند بووە، کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە لە هۆش خۆی چووە و پەستانی خوێنی سفر بووە و لێدانی دڵی زۆر سست بووە.

بەڕێوبەری تەندروستیی کۆیە کامەران عەباس،ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی پشووەکانی نەورۆز لیژنەیەک پێکدەهێنن و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن. خاوەنی نۆرینگەکەش بۆ لێکۆڵینەوە بانگ دەکەن، بەڵام خاوەنی نۆرینگەکە لە دوای رووداوەکە، نۆرینگەکەی داخستووە و خۆیی ونکردووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە دەڵێت چارەسەری پێویستیان بۆ نەخۆشەکە کردووە، بەڵام برای خەندە دەڵێت: “کە چوومە نەخۆشخانە بینیم خوشکەکەم گیان دەدات، دکتۆرەکان وەستان و سەیری دەکەن، بۆیە ئێمە سکاڵای یاسایی لە نۆڕینگەکە و نەخۆشخانەکەیش تۆمار دەکەین”.

عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە دەڵێت: “لەسەر کەیسی بێهۆشبوونی ژنێک لە قەزای کۆیە تائێستا هیچ کەس سکاڵای نەکردووە”.

برا گەورەکەی خەندە، باسی رەوشی تەندروستیی خوشکەکەی کرد و گوتی :”خوشکەکەم رۆژ بە رۆژ تەندروستیی خراپتر دەبێت، دوێنێ بەهۆی زیاتر خراپبوونی تەندروستییەوە گواستراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، ئەوە شەش رۆژە بێهۆشە”.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif