هەشتی مارس لە هەرێمی كوردستان‌

ليست هناك تعليقات

جیاواز لە ساڵانی ڕبردوو یادی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بەبێ ئەنجامدانی چالاكی لە هەرێمی كوردستان كرایەوە، بەرپرسان و لایەنەسیاسیەكان وێرای پیرۆزبای لە ئافرەتانی كوردستان هاوكات جەخت لەسەر مافەڕەواكانی ئەو جێلە دەكەنەوە، لە ماوەی یەك ساڵیشدا 25 حاڵەتی كوشتن و 38 حاڵەتی خۆكوشتن و 67 حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.
بەرپرسان و لایەنەسیاسیەكان چۆن لە 8ی مارس دەڕوانن؟

لەم ڕۆژەدا چەندین بەیاننامە و لێدوانی بەرپرسان بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە بڵاو دەكرێتەوە و تێیدا وێرای پیرۆزبای لە ئافرەتانی كوردستان هاوكات جەخت لەسەر مافەڕەواكانی ئەو جێلە دەكەنەوە.
ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا ڕایدەگەیەنن، لەم یادە پیرۆزەدا، خەبات و کۆششمان لەچوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەپشتیوانی چالاکوان و ئافرەتانی بەهرەمەند بۆ ژیانێکی باشتر و چەسپاندنی یەکسانی جێندەریی زیاترە لە هەرێمی كوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا، دەستی هەمو ئەو خانم و دایک و خوشک و کچانەش توند ئەگوشین کە بەگژ نەهامەتیەکانی ژیان و جیاکارییە کۆمەڵایەتیەکان دەچنەوە، هاوشانی پیاوان بەشێکی گرنگ و تەواوکاری پرۆسەی بیناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئیداری و پەروەردە و فێرکردنن.

لەکاتێکدا یادی ئافرەتە گەورە و خەباتگێڕەکانی کورد بەبیر دەهێنینەوە، بەپێویستیشی دەزانین بەشداریی راستەقینەی ئافرەتان لەکاروباری گشتی و کایە زیندوەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا فراوانتر و کاراتربێت، ئەمەش بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافەکان و دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەری زیاتر.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، له تێكۆشانیاندا بۆ‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ و نایه‌كسانی و نادادوه‌ری، هه‌موو پشتگیرییه‌كم بۆ ئافره‌تانی كوردستان دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌، هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە (٨ی مارس) رایگەیاند، حکومەت پابەندبوونی خۆی بە روبەڕوبوونەوەی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ژنان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ژنانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ژنان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی توندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، ئافرەت لەپێش هەموشتێکەوە مرۆڤە، ئەوانەی کە قەدری مرۆڤ نازانن، هەرئەوانەن بەپاساوی جۆراوجۆر ستەم لە ژن دەکەن.

دەشڵێت، بەڵێ بۆ تەواوی مافەکانی ژنانی کورستان، نەخێر بۆ توندوتیژی وستەم لە مافەکانیان.

دۆخی ژنان لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك هۆكار بوونەتە هۆی ئەوەی دۆخی ژنان بەو جۆرە خراپ بێت و هۆكارانەی كە زۆر كەم باس دەكرێت هۆكارە سیاسی و نێودەوڵەتییەكانن.
بەپیی وتەی چەند چالاكوانێك، دەستێوەردانی سیاسیی لە دەستتێوەردان و قۆرخكردنی ڕێكخراوەكانی ژنانەوە دەستپێدەكات هەتا دەگاتە گۆڕانكاری لە بارو دۆخی كۆمەڵایەتی و یاساكان و بارودۆخی سیاسی خودی ژنان خۆیان.
دەربارەی رۆڵی ژنان لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی حکومیدا، نوخشه‌ ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بەده‌نگی ئه‌مریكایی ڕاگەیاند، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و ناكۆكییه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌موو حزبه‌ سیاسیه‌كان و دواتریش ئه‌و ناكۆكییه‌ سیاسیانه‌ی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌مووی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو بۆ ڕۆڵی ژن و ده‌ركه‌وتنی ڕۆڵی ژن هه‌م له‌كایه‌ی سیاسی و هه‌م له‌كایه‌ی حكومڕانیدا بۆیه‌ ده‌توانیین بڵێن له‌دوای 2003 وه‌ هه‌وڵدرا ژنان بهێنرێته‌ پێشه‌وه‌ به‌پێی تواناو چالاكیه‌كانی خۆیان، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك ژنان ئه‌و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ژنان هێشتا له‌ئاستی تموحی ئێمه‌دا نییه‌ چونكه‌ من وه‌ك خۆم هه‌میشه‌ هه‌ستناكه‌م بڵێن ده‌بێت ژن به‌ئەندازەی پیاو بێت بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر 10 وه‌زاره‌ت هه‌بێت پێنجی ژن بێت و پێنجی پیاو بێت ده‌بێت به‌پێی توانای كه‌سه‌كان بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی چ ژن و پیاو مرۆڤن من ئاوا سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌م.

وتیشی، تائێستا ئێمه‌ نه‌مانبینی سه‌رۆك وه‌زیرانێك ژن بێت، سه‌رۆك هه‌رێم ژن بێت ته‌نانه‌ت جێگره‌كانیشیان ژن دانانێن له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ داواده‌كه‌ین كه‌چاوێك بخشێننه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاو بخشێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌جومگه‌كانی ئیداره‌دانی زۆرترین ژنی تێدا بێت پێم وایه‌ كارێكی زۆر باش ده‌كات ده‌توانرێت وه‌كو ئه‌زموونێك بزانرێت ئه‌و حكومڕانییه‌ی كه‌زۆرترین ژن بیبات به‌ڕێوه‌ چۆنه‌ ئه‌داكه‌ی چۆنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن تاوه‌كو به‌چاوی خۆیان به‌ته‌واوه‌تی بیبینن كه‌ توانی ژنه‌كان چۆنه.
هاوكات، لە بارەی ڕەوشی دادگاو یاساكانەوە هانا شوان، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری ژنان دەڵێت، بەداخەوە ڕەوشی یاسا بە گشتی لەژێر هەڕەشەدایە، پێشتر ویستمان یاساكانی پەیوەست بە ئازادی ڕا دەربڕین و ژنان و منداڵان گۆڕانكاری تێدا بكەین، بەڵام بارودۆخەكە ئەوەندە نەرێنی و خراپەو دەستتێوەردانی هەرێمی ئەوەندە زۆرە ئەگەر یاسایەك بچێتە پەرلەمانەوە بە پەڕوو باڵ كراوی دێتە دەرەوە یان شتێك دەڕوات شتێكی دیكە دێتە دەرەوە.

دەشڵێت، ئەگەر یاساكان سەربەخۆ بوونایە چۆن بەم جۆرەی ئێستا تۆمەتبار دەهێننە سەر شاشە لە كاتێكدا نابێت لە كاتی لێكۆڵینەوەدا تۆمەتبار پیشان بدرێت و ئەوە گەورەترین پێشێلكاری مافی مرۆڤە بەرامبەر هەركەسێك چ ژن بێت یان پیاو ئەمە نیشانەی سەربەخۆنەبوونی داگاو دەستێوەردانی حزبییە.

ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان
بەپیی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ساڵی 2020ەدا، 25 حاڵەتی كوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەجۆرێك كە 15 یان لە هەولێر و 4 یان لە دهۆك و 5 یان لە سلێمانی و یەك حاڵەتیش لە ئیدارەی گەرمیان تۆماركراوە.
بەپیی ئامارەكە، 38 حاڵەتی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەجۆرێك كە 16 یان لە هەولێر و 14 حاڵەتی خۆكوشتن لە دهۆك و دوو حاڵەت لە سلێمانی و سێ حاڵەت لە ئیدارەی ڕاپەڕین و سێ حاڵەتیش لە سۆران تۆماركراون.

بەپیی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، حاڵەتەكانی خۆسوتاندن لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشانە بەجۆرێك لە ماوەی ساڵی 2020دا، 67 حاڵەتی خۆسوتاندن تۆماركراوە، بەجۆرێك 24 حاڵەتی خۆسوتاندن لە هەولێرتۆماركراوە و 21 حاڵەت لە دهۆك و 8 حاڵەت لە سلێمانی و دوو حاڵەتی خۆسوتاندن لە ئیدارەی گەرمیان و 4 حاڵەتیش لە ئیدارەی ڕاپەڕین و 8 حاڵەتیش لە قەزای سۆران تۆماركراون.

لە ساڵی 2020ەدا، 10 هەزار و 370 سكاڵا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، بەجۆرێك كە 4 هەزار و 392 سكاڵایان لە هەولێر بوە و 2 هەزار و 217یان لە دهۆك و 2 هەزار 290 سكاڵا لە سلێمانی و 898 لە گەرمیان و 342 لە ڕاپەڕین و 231 سكاڵاش لە سۆران تۆماركراون.

هەربەپیێ ئامارەكە 125 توندوتیژی سێكسی، لە شارەجیاوازەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەمشێوەیە، 52 حاڵەت لە هەولێر 26 لە دهۆك و 7 حاڵەت لە سلێمانی و 12 لە گەرمیان و 20 لە ڕاپەڕین 8 حاڵەتیش لە سۆران تۆمار كراون.

لە چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵیشدا لە هەرێمی كوردستان، یەك حاڵەتی كوشتن و 7 حاڵەتی خۆكوشتن 4 حاڵەتی خۆسوتاندن و 8 حاڵەتی سوتاندن تۆماركراون، هاوكات 966 سكاڵاش تۆماركران و پێنج حاڵەتی دەستدرێژی سێكسیش تۆماركراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق