چەکی 22 ملیار دیناری جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات



چەکی پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەی نەگەیشتووە. شەوی رابردووش چەکی پارەی وەجبەی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و چەکەکان راستکردنەوەیان بۆ کراوە و بانکەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو چەکانەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی پارەکە لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە رەوانەی لقی بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان نەکراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی بتوانێت بەسەر بانکە دیاریکراوەکان دابەشی بکەن، دەست بە خەرجکردنی پارەکە بکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە هیچ گرفتێکی سیاسی لە پشت دواکەوتنی پارەکە هەبێت، بەڵکو دەڵێت: گرفتەکان تەکنیکی و کارگێڕین، بەشێکی پەیوەندی بەوە هەیە، لە بەغدا هەفتانە چەند رۆژێک دەوامی فەرمانگەکان نییە و هەموو فەرمانبەران دەوام ناکەن، بەڵام چاوەڕان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەو بابەتە یەکلایی بێتەوە و پارەکە بگات.

حکومەتی عێراق 557 ملیار دینار پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016 تاوەکو ئێستا خەرج نەکردووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری دا، 268 ملیار دینار بنێرێت.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، شەوی رابردوو چەکی وەجبەی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 22 ملیار و 260 ملیۆن دینارە، کە بەم شێوەیەیە: هەولێر 8 ملیار و 56 ملیۆن دینار، سلێمانی 7 ملیار و 176 ملیۆن دینار، دهۆک 7 ملیار و 28 ملیۆن دینار.

نەوزاد شێخ کامل، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو چەکانە پێویستیان بە راساندنە و لە هەفتەی داهاتووە دەست بە رێکارەکان دەکەن، بەمەبەستی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif