بەهێزتر لە جاران دەگەڕێمەوە

ليست هناك تعليقات



دوای شەش هەفتە لە جێهێشتنی کۆشکی سپی، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەرکەوتەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە دەیانگوت دۆناڵد ترەمپ بە نیازە پارتێکی نوێ رابگەیێنێت، بەڵام ئاماژەی ناڕاستەوخۆی بە خۆبەربژێرکردن دا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسی کۆنسێرڤەتیڤەکان دەرکەوتەوە، پەیامێکی چاوەڕواننەکراوی پێشکەشکرد، گوتی، لە پارتی کۆمارییەکان جیانابێتەوە و بگرە یەکگرتووتر و بەهێزتر دەگەڕێنەوە.

ئەوە یەکەم گوتاری دۆناڵد ترەمپ بوو لەوەتەی کۆشکی سپی بەجێهێشتووە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جەختی کردەوە کە وەکو هێزێکی خاوەن جەماوەر لەنێو پارتی کۆمارییەکان دەمێنێتەوە.

ترەمپ لەنێو هۆڵی کۆنفرانسەکە بە لایەنگرانی گوت "بیرم دەکەن؟" دواتر ستایشی کاری سیاسی چوار ساڵی رابردووی کرد، گوتی "بەیەکەوە گەشتێکی ناوازەمان دەستپێکرد،" بەڵام جەختی کردەوە کە گەشتەکە "هێشتا زۆری ماوە" کۆتایی بێت. گوتی رەنگە بۆ جاری سێیەم لە دیموکراتەکان بباتەوە.

وەکو پێشبینی دەکرا، ترەمپ هێرشیکردە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، یەکەم مانگی سەرۆکایەتیی بایدن "کارەساتبارترین" بوو لە مێژووی سەرۆکەکانی ئەمریکا. ترەمپ گوتی جۆ بایدن "دژە کارە، دژە خێزانە، دژە سنوورە، دژە وزەیە، دژە ژنە و دژە زانستە."

ئەمساڵ کۆنفرانسی کۆنسێرڤەتیڤەکان لە ئۆرلاندۆ بەڕێوەچوو، رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا نەیانهێشت ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

چەندین گوتاربێژ لە کۆنفرانسەکەدا پاڵپشتییان بۆ ترەمپ و لایەنگرانی دەربڕی، ئەوە لە کاتێکدایە، 06ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تۆمەتبارکرا بە هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا.

لەدوای رووداوی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، دیموکراتەکان هەوڵیاندا لێپێچینەوە لە ترەمپ بکەن و رێگری لێبکەن جارێکی دیکە بەشداریی لە چالاکییە سیاسییەکاندا بکات و هەوڵی بەدەستهێنانی هیچ ئۆفیسێکی فەرمی بدات، بەڵام لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیراندا، پرسی دادگاییکردنی ترەمپ دەنگی پێویستی بەدستنەهێنا و بەوەش ترەمپ رزگاری بوو.

دەقی گوتەکانی ترەمپ لەبارەی دامەزراندنی پارتێکی نوێ:

"پارتی نوێ راناگەیێنین، دەیانگوت بەنیازە پارتی نوێ دابمەزرێنێت، بەڵام ئێمە پارتی کۆماریمان هەیە، لە هەموو کاتێک یەکگرتووتر و بەهێزتر دەبێت. نیازی دروستکردنی پارتێکی نوێم نییە."

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی دەیانەوێت پارتێکی نوێ دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەیە دەنگەکانی کۆمارییەکان پەرت ببێت و "هەرگیز نەیبەینەوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif