دژە تیرۆری كوردستان وەڵامێكی توندی فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی دەداتەوە

ليست هناك تعليقات


لەبەرامبەر ئەو پەیامە توندەی كە فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی ئاراستەی مەسعود بارزانی كردبوو، دژە تیرۆری كوردستان ئەو فەرماندەیە بە تیرۆریست وەسفدەكات و لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت، وڵاتێك بودجەكەی بەدەست ئەو جۆرە كەسانەوە بێت، دەبێ ژیانی هاووڵاتیانی پڕ لە مەرگەسات بێت و لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین و لەسەر زبڵەكانی لێواری شار بۆ ژەمێك خۆراك بگەڕێن.

دژە تیرۆری كوردستان، لە پەیامەكەیدا كە وەك وەڵامێكە بۆ ئەبوئالائی وەلائی فەرماندەی حەشدی شەعبی، نوسیویەتی،" نە نوێنەرایەتی عیراق دەكەن و نە خاوەنی هیچ پێگەیەكی فەرمین، تیرۆریستێكی ترسنۆكن كە لەسەر خواستی ئاغاكانتان وڵات وێران دەكەن و هەر رۆژەو لە شوێنێك كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هاووڵاتیی سڤیل دەكەنە قوربانی و شوێنە گشتییەكان و فڕۆكەخانە مەدەنییەكان مووشەكباران دەكەن و پەلاماری هاوپەیمانان دەدەن.

دژە تیرۆر بۆ ئەبوئالائی وەلائی نووسیوە: وڵاتیك بودجەكەی بەدەست ئێوە بێت و ئێوە بڕیاری لەبارەوە بدەن، بێگومان ئەوە ئەنجامەكەیەتی كە دەبێ ژیانی هاووڵاتیانی پڕ لە مەرگەسات بێت و لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین و لەسەر زبڵەكانی لێواری شار بۆ ژەمێك خۆراك بگەڕێن".

لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە" رقوكینەتان لە بەرامبەر سەرۆك بارزانی لە 16ی ئۆكتۆبەر تاقی كردەوە، بەڵام شكست و سەرشۆڕیتان بۆ مایەوە".

دوێنێ 16-3-2021، ئەبو ئالائی وەلائی، ئەمنیداری گشتی كەتائیبی سەیدی شوهەدا، كە یەكێكە لە گروپە چەكدارییەكانی سەر بە حەشدی شەعبی، لەپەیامێكدا هێرشی توندی كردبووە سەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و رایگەیاندبوو: رێگە بە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عیراق نادەین ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی پارەی گەلی عیراق و كورد لەلایەن بارزانییەوە دەستی بەسەدار بگیرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق