پاپا فرانسیس سه‌ردانی‌ نه‌جه‌ف ده‌كات‌و چاوی‌ به‌سیستانی‌ ده‌كه‌وێت

ليست هناك تعليقات


له‌چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، بڕیاره‌ سبه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌، پاپا فرانسیس سه‌ردانی‌ نه‌جه‌ف بكات‌و چاوی‌ به‌سیستانی‌ بكه‌وێت.

به‌پێی‌ كارنامه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ عێراق، سبه‌ینێ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف ده‌كات‌و چاوی‌ به‌عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كان ده‌كه‌وێت.

دواتر سه‌ردانی‌ پەرستگای زەقورەی مەزن ده‌كات له‌شاری ئور کە دەوترێت ئیبراهیم پێغەمبەر (د.خ) لەوێ لەدایکبووە، کە ئێستا دەکەوێتە باشوری پارێزگای زیقار. پاپا لەوێ لەگەڵ نوێنەرانی ئاینەکان کۆدەبێتەوەو لەوێش پێکەوە نوێژ دەکەن.

هاوكات ئێواره‌ی‌ سبه‌ینێ پاپا دەگەرێتەوە بۆ بەغداو لەکەنیسەی مار یوسفی بەغدا بەشداری رێورەسمێکی‌ ئاینی‌ دەکات.

دواتر پاپا بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت‌و لەوێوە دەچێت موسڵ‌و هەروەها سەردانی شارۆچكەی قەرەقوشیش دەكات.

پاشان دەگەڕێتەوە هەولێرو یاریگای فرانسۆ هەریری بەئامادەبونی هەزاران كەس، بەشداری قەداسێك دەكات.

ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ پاپا فرانسیس به‌سه‌ردانێكی‌ ڕه‌سمی‌ گه‌یشته‌ عێراق‌و لەلایەن سەرۆک كۆمار‌و سەرۆک وەزیرانی عێراقه‌وه‌ پێشوازی لێكرا، دواتر پاپا لەکۆشکی سەرۆکایەتی وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی برایەتی‌و یەکڕیزی گەلانی عێراق کردەوەو رایگەیاند، "پێویستە جیاوازییەکان بکەینە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری‌و گەشەکردنی کۆمەڵگه‌."

وتیشی، "چەندینجار نوێژمان بۆ عێراق کردوە، ئەم وڵاتە گرنگی‌و بایەخی زۆری کولتوری‌و ئاینی هەیەو ئەمڕۆش من وەک نوێژخوێنێک هاتوم بۆ عێراق."

راشیگەیاند، "پێویستە گوێ لەهاوڵاتیان بگیرێت‌و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵبکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە... بەسە توندوتیژی‌و یەکتر کوشتن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق