ئێران کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



ئێران کۆبوونەوەیەکی نافەرمی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پێشنیازی یەکێتیی ئەوروپا رەتدەکاتەوە، ئەمریکاش دەڵێت: "وەڵامەکەی ئێران بۆ ئەو پێشنیازە بێ هیوای کردووین."

گوتەبێژێکی کۆشپی سپی رایگەیاند: "هەرچەندە وەڵامەکەی ئێران بێ هیوای کردووین، بەڵام لەپێناو بەدەستهێنانی گەڕانەوەیەکی هاوبەش بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ئامادەین هەنگاوی دیپلۆماسی بەرهەمدار بنێین."

ئەو گوتەبێژەی کۆشکی سپی دەڵێت واشنتن لەگەڵ هاوبەشەکانی و چوار ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە پێکدێن لە چین، فەرەنسا، رووسیا و بەریتانیا، هەروەها ئەڵمانیا، گفتوگۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی باشترین هەنگاوبنێن.

ئێران سوورە لەسەر ئەوەی، کە دەبێت ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئێران لابدات، کە ئیدارەی ترەمپ بەسەر تاران سەپاندوونی. ئینجا پابەند دەبێت بە مادە و بڕگەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: "ئێران لەم کاتەدا کۆبوونەوەیەکی نافەرمی لەگەڵ ئەم وڵاتانە ناکات."

رۆژی چوارشەممە، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە ئێران کرد پێشنیازی کۆبوونەوەکە قبوڵبکات، ئێران جیا لەوەی پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە، بەردەوامیشە لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی.

هایکۆ ماس گوتی: "لەکۆتاییدا دەبێت ئێران لەوە تێبگات کە ئەوەی گرنگە هێورکردنەوەی دۆخەکە و قبوڵکردنی ئەو ئۆفەرەیە کە ئێستا لەسەر مێزە،"

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران 14 جار هێندەی ئەو بڕەی کە لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بۆی دانراوە، یۆرانیۆمی بەرهەمهێناوە.

ئاژانسەکە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە 16ی مانگی شوباتەوە، بڕی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە 2 هەزار و 967 کیلۆگرام. ئەو بڕە یۆرانیۆمە بە رێژەی کەمتر لە ٪5 پیتێنراوە.

لە کاتێکدا بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ئێران بۆی هەیە تەنیا 300 کیلۆگرام لە یۆرانیۆم بەرهەمبهێنێت، بە مەرجێک رێژەی پیتاندنەکە لە خوار 5٪ بێت، کە ئەو رێژەیە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.

ئێران ماوەی چالاکییەکانی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران بۆ سێ مانگ درێژکردووەتەوە، بەڵام گەڕان و سووڕانی سنووردارکردووە، هاوکات هەڕەشەی رەشکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی کامێراکانی ئاژانسەکە لە بنکە ئەتۆمییەکانی دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif