ڕۆڵی پەکەکە لە میساقی میللی

ليست هناك تعليقات


 
کامەران غەریب

میساقی میللی ( Mîsâk-ı Millî )چیە؟

کورد تەنیا نەتەوەی ناوچەکە نیە کە لەو بڕوایەدایە کە لە پەیمانی لۆزان زیانمەند بووە.

بەڵکو تورکیای سەردەمی ئەردۆغانیش پێیوایە غەدرێکی مێژوویی لێکراوە و ، بەشێکی زۆری خاکەکەی بە ھۆی ئەم پەیمانەوە لەدەستداوە.

ئەردۆغان زۆر جار ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ڕۆژێک دێت کە ، ویلایەتەکانی موسڵ و حەلەب دەگەڕێنەوە سەر خاکی تورکیا.

لە کۆتایی شەڕی جیھانی یەکەم ، ئیمپراتۆری عوسمانی بەڕادەیەک لاواز ببوو کە تەنیا ، خاکی ئێستای تورکیا و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە خاکی یۆنانی بەدەستەوە مابوو.

بەر لە جیاکردنەوەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو بەشەی یۆنان لە عوسمانی ، دەوڵەتی ئەوکات پرۆژەیەکی بە ناوی میساقی میللی بۆ ئاشتی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەکرد و ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا.

ناوەرۆکی ( میساقی میللی )

١- بە پێی پەیمانی مۆدروس سنوورەکانی تورکیا دیاری دەکرێت و ، ئەو ناوچانەی بەشێک لە خاکی وڵاتانی دژبەر ( وڵاتانی ئەوروپا ) نین ، وەک بەشێک دەبن لە خاکی تورکیا .

٢- شارەکانی باتوم ، قارس و ئەردەھان لە ڕێگەی ڕێفراندۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن .

٣- عەرەبەکان لە ڕێگەی ڕێفراندۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن و ئیتت بەشێک نابن لە دەوڵەتی عوسمانی .

٤- ناوچەکانی تراکیای ڕۆژئاوا بە ڕێفراندۆم چارەنووسیان دیاری دەکرێت.

٥-ئەگەر ئاسایشی ئیستانبوڵ و ناوچەی مەڕمەڕە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستەبەر بکرێت ،گەرووی بۆسفۆر و داردانێڵ بۆ ھاتووچۆی کەشتییەکان دەکرێنەوە.

٦-مافە مەدەنی کۆمەڵایەتییەکانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان یەکسان دەبێت لە گەڵ ھاوڵاتیانی تورک .

٧-ئەو سنووردارییە سیاسی ، دارایی و یاساییەی لە چوارچێوەی کاپیتالاسیۆن جێبەجێ دەکرا ، ھەڵدەوەشێتەوە.

بە پێی ئەم میساقە ھێزەکانی ھەردوو لایەنی شەڕکەر لە ھەر شوێنێک بن لەوێ دەمێننەوە تا پەیمانی ئاشتی واژوو دەکرێت .

لەوکاتەدا ھێزەکانی عوسمانی لە ویلایەتی موسڵ و حەلەب کە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە مابوونەوە.

بەریتانیا بە ھۆی گرنگیی موسڵ ، ئاگربڕی (مۆدروس) ی ژێر پێ خست و ئەم شارەی داگیر کرد.

کۆتایی لۆزان

لە ھاوینی ساڵی ٢٠٢٣ پەیمانی لۆزان سەدساڵەی خۆی تێدەپەڕێنێت و کۆتایی پێدێت . ئەردۆغان چەند جارێک لە وتارەکانیدا باسی ئەوەی کردووە کە ، چیتر لە بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سنوورەکانی میساقی میللی بێدەنگ نابین . واتە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە سنووری میساقی میللی دەزانێت .

پ.ک.ک و میساقی میللی

پ.ک.ک و دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژئاوا ھاوکارێکی باشی ئەردۆغان بوون بۆ داگیرکردنی بەشێکی گرنگ لە خاکی کوردستان و، ساڵانێکی زۆریشە بە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشوور زەمینەیەکی گونجاویان بۆ میراتگرانی میساقی میللی ( جەھەپە و مەھەپە ) ڕەخساندووە تا، بە ئاواتە لەمێژینەکەیان بگەن .

لە ساڵی ١٩٩١ تورگوت ئوزال سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا ھەوڵیدا کە ، بە کەڵکوەرگرتن لە ھێرشی ھاوپەیمانان بۆ سەر عێراق ، باشووری کوردستان داگیر بکات . بەڵام بە ھۆی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان شکستی ھێنا.

پ.ک.ک لە ساڵی ١٩٩٢ درێژەی بەم پیلانگێڕییەی تورکدا و شەڕی دژی حکومەتی تازە ڕاگەیەندراوی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند .

لەوکاتەوە دەبینین کە بە پێی قۆناغە جیاوازەکان بەشێک بوون لە ئاریشە و شەڕ و پشێوییەکان لە ھەرێمی کوردستان .

. داودئۆغڵو لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری چاناکاڵێ لە وتارێکدا ڕایدەگەیێنێت کە، ئەو نەتەوانەی لە ئێمە جیابوونەتەوە ،دەیانەوێ بە ئاشتی و ئارامی بگەڕێنەوە بۆ لامان . ئەمەش ھاوکاتە لە گەڵ گۆڕینی دروشمی پ.ک.ک لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان .

لە ساڵی ٢٠١٥ پاش گەمارۆی حکومەتی عێراق لە سەر ھەرێمی کوردستان و بڕینی بودجە و ، بە ھۆی پیلانگێڕی بەردەوامی پ.ک.ک و حیزبە ھاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی کوردستان ، ئەردۆغان بوێری ئەوەی بەخۆیدا لە فیلمێکی ڕێکلامیدا دەرکەوێت و ، لە کاتێکدا کە لە پشتیەوە ئاڵای تورکیا لە سەر قەڵای ھەولێر و کەرکوک دەشەکێتەوە ڕایبگەیێنێت کە باکووری عێراق بەشێکە لە خاکی تورک.
کۆتایی

دوو ساڵ تا کۆتایی لۆزان ماوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا شەڕ یەخەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی گرتۆتەوە کە تورک بە سنووری میساقی میللی دەزانێت . ئەوەی جێی تێڕامانە زۆربەی داگیرکاری و شەڕی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش ھەر ئەو سنوورانەی گرتەوەو، گومان ھەیە کە داعشیش بەشێک بێت لە میساقی میللی .

ئەتاتورک بە قەتڵوعامی کورد، یۆنانی ، ئەرمەنی و ئاشووری لە سەر کەلاکی دەوڵەتی عوسمانی تورکیای نوێی بنیادنا .

سەدساڵ پاش ئەوە ئەردۆغان دەیەوێت بە ھاوکاری بەشێک لەم نەتەوانە خاکەکەیان بخاتەوە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی نوێ .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif