شەڕی سەرپۆش و رەخنەگرتن لە عەقڵییەتی ڕەتکردنەوەی بەرامبەر

ليست هناك تعليقات


ئەبوبكر كاروانی
-
ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی ئەمساڵی تاجی زێڕین، بۆ خانمە باڵا پۆشە نوێکان، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا. کاردانەوەکان، تیشك دەخەنە سەر رەھەندێکی تری کێشەی یەکتر قبوڵکردن وڕێز لەیەکگرتن و تێگەیشتن لە ئازادی وەك بەھایەك.

بەداخەوە بەشێك لە کاردانەوەو ھەناسەی پشت لێدوان و بەییاننامەو نوسینەکان، کەش و ھەوای ساڵانی نەوەدەکانی وەبیر ھێناینەوە. کە ئەویش لە حوکمدانی پێشوەختەو لایەنگرانەو نازانستی بەسەر یەکتردا بەر جەستە دەبێت.

بەش بە حاڵی خۆم، پێم وابوو تاراددەیەکی زۆرتر لەوەی ھەیە، ئەم جۆرە تێڕاوانین و مامەڵەمان لەگەڵ یەکتر بەجێ ھێشتووە. بە حوکمی ئەوەی ڕۆژگار ناراستی زۆرێکیانی بۆ سەلماندین، کۆمەڵگەی ئێمەش پێویستی بە قوڵکردنەوەی بنەماکانی پێکەوە ژیان و پەرەدان بە فەرھەنگی ڕێزە. لەو سۆنگەوە کە بەدەست ناکۆکی و دژبەیەکی و یەکتر بەنەفرەتکردنی جۆراو جۆرەوە دەناڵێنێت.

کاردانەوەکان نیشانی دەدەن ھێشتا ھەندێکمان دانی نەناوە بەبوونی بەرامبەردا! ھەندێ دەرفەت و لەوانەش ئەم دەرفەتە، پەردە لەسەر رەگە شاراوەکانی ئەو یەکتر قبوڵ نەکردنە ھەڵدەدەنەوە. دەنا شتێکی بچوکی وەکو ڤیستیڤاڵی ڕێکخراوێك بەو ئەندازە گەورە ناکرێت و بەو ھەموو ئاماژەو ئەرکە زۆرە بارناکرێت و ناکرێت بەوپێوەرە یەکلاکەرەوە، لە ڕێیەوە حوکمی قورس و بەسوێ بەسەر یەکتردا بدرێت!!

گەروانەبوایە، یەکێ ناڵێ ئاوا بڕوا پێویستیمان بە سیسییەکی کوردیی فریادرەس دەبێت، کە ھەموومان دەزانین توانای ئیسلامی کوردستان چەندەو جیاوازی نێوان میسر و ھەرێم چیە. بەڵام کێشە قوڵەکە لەم دەربرینەدا لە باوەر نەبوونە بەدیموکراسی، باوەڕبوونە بەوەی ھەرکاتێك دیموکراسی ئیسلامییەکانی ھێنایە سەر حوکم، کودەتاو کۆتایی ھێنا بە دیموکراسی و ژیانی سیاسی رەوایە، ھەروەك لە میسردا بەو جۆرە شکایەوە!! واتە دیموکراسی تا ئەو کاتە خوازراوە بەرامبەری ئیسلامیەکان براوە بن!

خراپەی تێکەڵاو کردنی سەرپۆش بە کوردایەتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش، لە لێدوانێکدا، ھەموو مانایەکی دینی و کۆمەڵایەتی و ئازادی و بژاردەی تاکەکەسی، لە ڤیستیڤاڵەکە دادەڕنێت و یەکاسانی دەکات بە ڕیکلامی بازرگانی و ھەوڵی بە عەرەباندنی کوردستان!

ئەم خاڵە جێگەی سەرنجم بوو، بەحوکمی ئەوەی یەکێکم لەو خاوەن فکرانەی لە کوردستاندا، چەندین ساڵە تەنزیر بۆ ناسیونالیزمی کوردی دەکەم و تاکو ئێستا حەوت کتێبی قەبارە گەورەم، لەو بارەوە چاپکردووە. بۆیە پێم ناخۆشە ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێکی خۆ بەنەتەوەیی زان بەو جۆرە کۆمێنت لەسەر ئەو رووداوە سنوردارەو سەرپۆش بدات، ئەویش لەسۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- ئەگەر سەرپۆش ئامرازی عەرەباندن بێت، دەبێت باوەرمان وابێت بێ سەرپۆشیش، غەرباندنە، ئەوکاتەش ئەگەرپێوەر نەتەوەیی بێت ھەردوکیان یەکسانن.

٢- حساب نەکردنە بۆ ئەو راستییە ژیاریەی کە بەگۆڕانی شارستانی و نوێ بوونەوەی رۆڵەکان و شێوازەکانی بەرھەم ھێنان و ئامادەبوون، جل و بەرگ نوێ دەبێتەوە. لێرەشەوە، باڵاپۆشی لە زانکۆو پەڕلەمان و فەرمانگە، خۆ گونجاندنێکی موسوڵمانانەی کوردانەیە لەگەڵ ڕۆڵی نوێی ئافرەتی موسوڵمان و ئامادەبوونی لە بوارە جۆراو جۆرەکانی کارو چالاکیدا، وەك دەشزانین پۆشاکی کوردی لە ھەندێ شوێن و لەوانەش قوتابخانەکان ڕێگە پێ نەدراوە.

٣- سەرپۆش خاڵی ھاوبەشی لەگەڵ پۆشاکی موسوڵمانانەی ئافرەتی کورددا پۆشینە لەگەڵ ھەندێك وردە جیاوازیدا.

٤- ئەو سەر پۆشە عەرەبی نیە بەڵکو لە مالیزیاوە تا تورکیاو بەگشتی لەسەر ئاستی جیھاندا خانمانی موسوڵمان دەیپۆشن. ژنە موسوڵمانی سەرۆکی سەنغافورە، ھەر ئەو سەرپۆشە لەسەر دەکات کە خانمێکی باڵاپۆش لە پەڕلەمانی کوردوستان لەسەری دەکات.

٥- یەکسانکردنی ھاندانی سەر پۆش بەھەوڵی عەرەباندن، تانەدانە لە ھەست و ئینتیمای نەتەوەیی ھەزاران ئیسلامخوازی کوردستان، کە ھەر دوێنێ بوو پێکەوە دەنگمان بۆسەربەخۆیی کوردستانی باشوردا.

٦- ئەم جۆرە وەسفکردنە، دژ بە پێویستییەکانی

سەرەتاکانی کاری نەتەوەییە، کە ھەوڵدەدا جیاوازییەکان لە ژێر چەتری نەتەوایەتیەکی ھاوبەشدا کۆ بکاتەوەو بیان کات بە خاوەنی ناسنامەو ھەستێکی ھاوبەش.

٧- کێشەی نەتەوایەتی کوردی و مەترسی گەورە لەسەری، لە ئێستادا بە عەرەباندن نیە بە مانا باوەکەی، بەڵکو گەندەڵی و ئەو کەرتبوون و ناکۆکیەیە کە دەیان ساڵە جەستەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە داڕزان نزیك کردۆتەوە. لەم رووەشەوە ھێزە نەتەوەییە تەقلیدییە مێژووییەکان، لاسایی کەرەوەیەکی باشی فەرھەنگی عەرەبی دەرو دراوسێن، کە یەکیەتی لایان بۆتە مەحاڵ و لەناو یەکدا ھەمیشە ناکۆك و خۆ خۆرن؟!

دەربارەی بەییاننامەکەی یەکیەتی ژنان

بپێم وایە بەییاننامەکە لەگەڵ ڕێکخراوێکی دێرینی وەکو یەکییەتی ژناندا ناتەبا بێت. جگە لە ئاستی تۆکمەیی زمانی دارشتنەکەش دوو خاڵ تیایدا جێگەی لەسەر وەستانە:

یەکەم: تۆمەتبارکردنی ئیسلامییەکان بە ناراستەوخۆ کە پیاوی ھەندێ لە وڵاتانی دراوسێن! ناراستی ئەم حوکمدانە قورسە بەو سەر پێییە لەم خاڵانەی خوارەوەدایە:

١- چۆن بەر مەبنای ڤیستیڤاڵی رێکخراوێك، حوکمی لەو جۆرە دەدرێت؟!

٢- مەبەست لە وڵاتانی ناوچەکە کێیە؟ سعودیە؟ ئیسلامی تیایدا قاچاغە! قەتەر؟ بەڵگە کوا گەر وابوایە بۆ بەسواڵ و سەدەقە دام ودەزگاکانیان بەڕێوە دەبەن؟ تورکیاو ئێران؟ روونە لە ھەرێمدا ھاوپەیمانی سەرەکی ئێران بۆ ئاستی ھەماھەنگی سەربازی کێیەو ھی تورکیاش کێیە.

٣- ئەگەر ئیسلامیەکان لە دادگا شکات بکەن وەڵام چی دەبێت؟

٤- ئەو قسە بە ناراستەوخۆ تۆمەتی خیانەتدانە پاڵ ئیسلامییەکان. لە کاتێکدا باس بێتە سەر ئەوە رەنگە بەئاسانی سەرە نەگاتە سەر ئەوان. لێرەشەوە لە کاتێکدا چەندین ساڵە رەخنە لە ئیسلامییەکان دەگرم و ھەوڵی گۆڕینی ئەم فۆرمەی کارکردنیان دەدەم و چەندین رەخنەم لێیان ھەیە، تاکو ئێستا بەشێوەیەکی گشتی لە دووشت بەدوور بوون:

ا- گەندەڵی

ب- خیانەت لە نەتەوەکەیان

لەگەڵ مانەوەی ھەندێ پاشماوەی کۆنیش، بەگوتەی د.باغەوان، سەرکەوتوبوون لەوەی ببن بە بەشێك لە کێڵگەی ناسیۆنالیزمی کوردی.

دووەم: وەسفکردنی ئافرەتانی باڵاپۆشی ئیسلامی لەوەی لە کەمترین و بچوکترین ماف بێ بەشن! کە دیوە نەوتراوەکەی ئەم دەربڕینە واتە کۆیلەن! چونکە تەنھا کۆیلە لە کەمترین ماف بێ بەشە. دەبوا یەکییەتی ژنان بەشایستەی خۆیانی نەزانن دەستەواژەیەکی چەپانەی توندرەوی ناراست بۆ گوزارشت دانەوە لە ھە ڵوێستی خۆیان بەکار بێنن. چونکە ناراستی و چەواشەکاریی دەربڕینەکە قابیلی پینەو پەڕۆ کردن نیە. بە حوکمی ئەوەی مافەکان پێشتر پێناسەکراون وشتێ نین تازە بخرێنە روو ھێشتا پێیان ئاشنا نەبوبین.

بۆ نمونە، ئایە ئافرەتە باڵا پۆشەکان لە مافی ئازادی خێزان پێکەوە نان و ھاوبەشی ژیان بێ بەشن؟ ئایە لە مافی کارکردن و بوون لە فەرمانگە جۆراو جۆرەکان، خوێندن، مافە سیاسییەکان لەوانەش مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتن بۆ ئەندامێتی پەڕلەمان وئەنجومەنی شارەوانیەکان، پۆستە حکومییەکان... ھتد، بێ بەشن؟

بێگومان نەخێرو ئەم مەسەلە واقیع خۆی وەڵام دەداتەوەو لەوە دەرچووە پێویستی بە بەڵگە بێت، رایەکی ناوێزە لێرەو لەوێ واقیعێکی بەرھەستی پێ ھەڵناوەشێنرێتەوە.

بۆیە ئامۆژگاریەکی برایانەی ئەم ڕێکخراوە دەکەم، لەمە بەدووا ئەم جۆرە دەستەواژانە بەکار نەھێنێ، چونکە سەرەڕای وانەبوون و پێچەوانە بوونی لەگەڵ واقیع، سوکایەتیشی بۆ خانمانی سەرپۆش بەسەر تیایە، لە کاتێکدا ئەگەر یەکێکی تر وەسفی لەو جۆرەی کرد دەبێت ئێوە بە سیفەتی ڕێکخراوێکی بواری مەسەلەی ژنان، دژایەتی بکەن، چونکە خانمانی باڵاپۆش ھاوڕەگەزتانن و مافیان بەسەرتانەوە ھەیە، نابێت ڕێگە بدەن شێوازی جل و بەرگ و بژاردەی ئازادی ئافرەتان لەم رووەوە بکرێتە پاساوی جیاکاری و سوکایەتی.

ئەوسەرپۆشەی دەبێت دژایەتی بکرێت؟

کاتێك باڵاپۆشی و سەرپۆش، رەنگدانەوەی باوەرو قەناعەت و بژاردەی ئافرەت بوو، ئەرکی ھەمووانە ڕێزی لێبگرن، چونکە یەکێ رووەوە دینییەکەشی لا گرنگ نەبێت، دەبێت لە روانگەی ئەرکی ڕێزگرتن لە ئازادی تاکە کەسی و ئاینی ڕێز لە خانمانی باڵاپۆش بگرێت وسەرجەم مافەکانیان وەك ھاوڵاتی ومرۆڤ بپارێزێت.

ئەو باڵاپۆشیەی دەبێت دژایەتی بکەین، باڵاپۆشی زۆرەملێیە، پێویستە دژایەتی ھەموو ھەوڵێکی دەسەڵاتخوازانەی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆشی بەگشتی بدەین، چونکە جگە لە ناوەڕۆکە دژ بە ئازادیەکەی کارێکی دژە ئەخلاقی و دینیشە. دژە ئەخلاقی بەو مانایەی ئازادی لە رەفتارو بژاردەی مرۆڤ دادەبرێت، دژە دینییەکەشی لەوێدا حەشاردراوە کە ئەرکی دینی، دەبێت بەپاڵنەری ئیمان نەك ھێزو دەسەڵات جێ بەچێ بکرێت.

سەرپۆش وەك خۆی

ململانێی نێوان تەوژمی ئیسلامی و عەلمانی بە درێژایی سەدەی بیست

مەسەلەی سەرپۆشی لە مەسەلەیەکی فقھیی جوزئی وکۆمەڵایەتی و دینییەوە، گۆڕی بە پرسێکی ئایدۆلۆژی و رەمزێکی گەورەی جەنگی ناسنامە؟!

یەکێ لەر ەنگدانەوە خراپەکانی ھەندێ مامەڵەو بۆچوونی ھاوشێوەی ئەوەی لەم وتارەشدا رەخنەمان لێگرتن، بە گەرم ھێشتنەوەی ململانێکانە بەو ناوەڕۆکەیانەوە! لە کاتێکدا دەبێت ھەمووان دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرین و ھەرشتێ ئەوەندە پانتایی پێ بدرێت کە شایستەیەتی و لەگەڵیدا گونجاوە، کۆتایی بەو ھەڵاوسانە ناسروشتیە بێنین کە ململانێ ئایدۆلۆژییەکانی رابردوو دروستیان کردوون. ئەوەی ئەم ئەرکەش لە ئێستادا ئاسانتر دەکات، چەند گۆراوێکە لەوانەش:

١- بەدیاردەی کۆمەڵایەتی بوونی سەرپۆش و تێپەڕاندنی بازنەی ئیسلامی.

٢- خاوبوونەوەی ململانێ ئایدۆلۆژییەکان لەچاو رابردوودا.

٣- زیاتر کرانەوەی کۆمەڵگەکان و بڵاوبوونەوەیەکی زۆرتری ھوشیاری بە ماف و ئازادییەکان.

دوا وتە بۆ ئیسلامییەکان

سەبارەت بە ئیسلامییەکان و پرسی باڵاپۆشی، ئەم سەرنجانەی خوارەوە دەخەمە روو ھیوادارم جێگەی سەرنج و سودلێ بینین بن:

١- بەھیچ جۆرێ نەکەونە داوی دابەشکردنی ئافرەتانی کۆمەڵگە بۆ سەرپۆش و بێ سەرپۆش، چونکە زۆرینەی بێ سەرپۆشەکان، شانازی بەموسوڵمانێتی خۆیانەوە دەکەن و ئەرکە دینییەکانیان جێ بەجێ دەکەن و دژ بەو مامەڵەشن ھەندێ کەس و ناوەندی توندرەو بەرامبەر سەرپۆش و باڵا پۆشی دەیکەن.

٢- سەرپۆش و باڵاپۆشی بنەماو ئوسوڵی ئیمان نییەو لە ھیچ کتێبێکی ئوسوڵی دین و عەقیدەدا شتی وا نەھاتووە، بەڵکو بە جێگەیاندنی راسپاردەیەکی ئیسلامییە، باڵاپۆشی تەواوکەری رووی دەرەوەو کەسێتی مەعنەویی ئافرەتی موسوڵمانە، نەك خاڵی جیاکەرەوەی کوفر و ئیمان.

٣- لە ئێستادا سەرپۆش و باڵاپۆشی رەمزێکی دینییە نەك خەت کێشان بە نێوان ئەخلاق و بێ ئەخلاقیدا، واتە خوانەخواستە بە چاوی نا ئەخلاقی حوکم بەسەر بێ سەرپۆشەکاندا نادەین. ھیچ ڕێگرییەکیش نییە کە بێ سەرپۆشێ بە واتا فراوانەکەی ئەخلاق، لە سەرپۆش بەسەرێ بە ئەخلاقتر نەبێت. ئەمەش مانای ئەوە نیە سەرپۆش خزمەت بە ئەخلاقی خاوەنەکە ناکات، بەتایبەتیش ھوشیار بێت بە پۆشاکی تەقواو خۆ پێگەیاندنی.

٤- شەڕو مەسەلەی مەزنی ئیسلام لەم بوونەدا سەرپۆش نیە، بەڵکو دوای یەکتاپەرستی و مەعاد، دژایەتی زوڵم و نابەرابەری و چەسپاندنی دادپەروەری و لایەنگری بۆ توێژە بێ بەشەکانە. ئەگەر قورئان لە یەك دوو ئایەتدا ئاماژەییەکی بە باڵاپۆشی دابێت، ئەوا لە سەدان ئایەتدا بەشێوازی جۆراوجۆر باس لە مەترسی ستەم و توێژە بن دەستەکان و پرسی داپەروەری دەکات و دەیبەستێتەوە بە بنەمای گەردوونەوە.

بۆیە دەبێت ئەم شەرە لاوەکییانە ئەولەویاتمان لێ تێکنەدات، دروشم و ئەرکە گەورەکانمان بیر نەباتەوە. بە تایبەتیش کە ئێمە ڕۆڵەی نەتەوەیەکی بەش بەشکراو و غەدرلێکراوی ناو مێژووین. ئاسایشە ھەندێ جار وەکو ئێستا بەشێ لە شەر بۆ دادپەروەری و ئازادی و نەھێشتنی زوڵم بە ناوی سەرپۆشەوە بکرێت، کاتێك کە سەرپۆش بەناھەق دەکرێتە ھۆکاری ھەڵاواردن و سوکایەتی و ھەست بریندارکردن و ئازادی ژێرپێدان.

گرنگە ھەمووشمان خۆ رابێنین لە ژیان کۆمەڵگەیەکی فرە رەنگدا. کۆمەڵگەیەك لەسەر پەیمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی رێکبکەوین. لە مەسەلە تایبەتەکانیشدا گفتوگۆ بکەین و ڕێز لەیەکتر بگرین. کۆمەڵێك بە تۆمەتبارکردن و سوکایەتی و حوکمدانی ئازاردەرو ناراست، مامەڵە لەگەڵ یەك نەکەین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق