وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان: ئەو جۆرە ڤاکسینه‌ دابین ده‌كه‌ین كه‌ سەلامەته

ليست هناك تعليقات


وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر پشت بە بڕوانامە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ھەر ڤاکسینێک سەلامەت بێت لە ھەرێمی کوردستان ئەو جۆرە دابین دەکەن.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: ھەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی ڤاکسینی فایزەر بەردەوامە و ئاشکراشی کرد، عێراق بڕی یەک ملیۆن و 750 ھەزار دۆز ڤاکسینی کڕیوە و بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەشی ده‌كات به‌سەر پارێزگاکانی عێراقدا.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەوڵەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمیش ھەیە، بەغدا داوای ژمارە و ناوی کارمەندان و ستافی پزیشکی کردووە، چونکە ئەولەویەتی یەکەم ئەوانەن کە لە سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کار دەکەن، تا وەریگرن".

سامان بەرزنجی گوتیشی: عێراق یەک ملیۆن و 500 ھەزار دۆز ڤاكسینی فایزەری داواکردووە کە بەشی 750 ھەزار کەس دەکات، چونکە ھەر کەسێک دوو دۆز بەکاردەھێنێت، بەڵام ھەمووی بەیەکەوە ناگات و بەشێوەی کاروان دێت، بڕەکەش بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەش دەکرێت.

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە بەپێی خەمڵاندنی دۆزی ڤاكسین لەسەر ئاستی جیھان بۆ ھەموو کۆمەڵگای جیهان لە ساڵی 2021دا، سەدا 20 خەمڵێنراوە و لە ساڵی 202دا، دەبێتە سەدا 50بۆیەش لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ دەبێتە دوو ملیۆن و 470ھەزار دۆز.

سامان بەرزنجی لەبارەی مەترسی ھاووڵاتییان لەسەر پێکھاتەی ڤاکسینەکە و گونجان و نەگونجانی لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا گوتی: دەمەوێت ھاووڵاتییان دڵنیابکەمەوە کە وەکو پڕۆسەی ڤاکسین، پڕۆسەیەکی نوێ نییە، لە دوای راپەڕین ھەڵمەتەکانی کوتان بەردەوام بووە و ئێستایش ھەیە، ئەگەر بێت و ئەو ڤاکسینە نەبووایە زۆر نەخۆشی ھەبوو لە جیھاندا کۆنترۆڵ نەدەکرا یەکێک لەوانە ئیفلیجی منداڵان بوو کە لە ساڵی 1998ه‌وه‌ لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.

سامان بەرزنجی گوتیشی: بۆیە وەزارەتیی تەندروستی پشت بە بڕوانامە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت و ھەر ڤاکسینێک سەلامەت بێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ئەو جۆرە دابین دەکەین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif