هاوڕێی دوو ڕوو

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی

هاوڕێیەتی و دوو ڕوویی دوو چەمکی پێچەوانەی یەکترین، ئامادەبوونی ئەخلاقی یەکێکیان ئەوی دیکە دەسڕێتەوە.
هاوڕێیەتی مانایەکی قووڵ و پەیوەندییەکی ڕۆحییە کاتێک لەسەر بنەمای ئەخلاق بێت، چونکە هاوڕێیەتی ڕەهەندێکی ئەخلاقی هەیە، هەتا ئەو جێگەی هاوڕێیەتی لەسەر بنەمای ئەخلاق بێت، هاوڕێکان ڕاستگۆیانە مامەڵە لەتەک یەک دەکەن.
 جوانترین ڕستەی ئەخلاقی لەنێوان هاوڕێکاندا ئەوەیە ( چیت بۆ خۆت پێباشبوو بۆ هاوڕێکەشت پێت خۆش بێت) واتە سوودی هاوبەش بۆ یەکتری قبوڵ بکەن، ئەمە زیاتر مانا دەدا بە هاوڕێیەتی، ئەو کاتەی هاوڕێیەتی مانا جوانەکانی لە دەستدەدا کە هاوڕێکان دوو ڕووی دەکەن، ئەوەش لەو کاتەدا دەستپێدەکات وەک ئامراز مامەڵە بکەی لەتەک هاوڕێیەتیدا و تەنها بۆ سوود و بەرژەوەندی هاوڕێبیت، چونکە هاوڕێیەتی کە لەسەر بنەمای ئەخلاق بوو ئەوە دەبێتە ئامانج نەک ئامراز، هاوڕێیەتی دەستکەوتێکی گەورەیە ئەگەر بتوانی بە دەستی بهێنیت، لە هەمانکاتدا ناسکترین و جوانترین چەمکە کە مرۆڤەکان پێکەوە ببەستێتەوە بە مەرجێک ڕاستگۆیی تێدابێت.

 ئەم پەیوەندییە هەستیارو دەستکەوتە گەورەیە دەبێت لەسەر ئەم بنەمایانەبێت ( متمانە، خۆشەویستی، بەردەوامی، دامەزراوی) ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایانە لایدا ئەوا دەگۆڕێت بۆ دوو ڕوویی، لەبری هاوکاریکردن کار دەبێتە چاڵهەڵکەندن. هاوڕێ هەیە تۆ سەری خۆتی پێدەسپێری، کەچی ئەو لە هەوڵی ئەوەدایە کە سەرت بخوات.
کاتێک لەناو دانیشتنێکدا بۆ چرکەیەک دوور دەکەویتەوە دەستدەکرێ بە زەمکردنت، ئەو هاوڕێی لەبری ئەوەی بەرگریت لێبکات، کەچی ژەهر دەڕێژێت، هاوڕێی ڕەسەن و مرۆڤی ڕەسەن لەو چرکە ساتانەدا دەردەکەوێت، چونکە مرۆڤە ڕەسەنەکان کاتێک هاوڕێیەکی دەخزێت دەستی دەگرێت بۆ ئەوەی نەکەوێت، بەڵام ناڕەسەنەکان بە پێچەوانەوە هەر دەرفەتی بۆهەڵکەوێ حەزدەکات تەواو بیت و بچیتە ناو زەلکاو،
بەداخەوە لەم سەردەمەدا ناڕەسەنەکان لە ڕەسەنەکان زیاترن، بۆیە هاوڕێیەتی نزیک بووەتەوە لە سفر و دوو ڕوویی بێمتمانەی زاڵە بەسەر فەزای پەیوەندییەکاندا، چونکە لە قەیرانی ئەخلاقیداین ئەوکاتەش ئەخلاق کەوتە قەیرانەوە کۆی کایەکانی ژیان دەکەونە قەیران بەتایبەتی هاوڕێیەتی، چونکە هاوڕێیەتی وەک ئاماژەمان پێدا ڕەهەندێکی ئەخلاقی هەیە، کە ئەخلاق کەوتە قەیران ئیتر دوو ڕوویی زاڵ دەبێت بەسەر پەیوەندی هاوڕێیەتیدا وەک ئەمڕۆ بوەتە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی وزۆرێک لەتاکەکان لەئاستی گشتی داهەڵگر ی ئەوڤایرۆسەن.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif