پەیامێکی نوێی ھەولێر بۆ بەغدا

ليست هناك تعليقات


تەنیا کوردی

راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی فیدڕاڵدا رێک ئەم پەیامەبوو کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر بۆ ھێزە سیاسییەکانی عێراقی بەیان کرد کە دەستپێشخەری بوو بۆ گفتوگۆیەکی راشکاوانەو جیدیی، ھەمیش لە پشتەوەی ئەم پەیامەدا شێوازی ھاوپەیمانێتی نوێی ھێزە سیاسییەکان لە عێراق و ھەرێمدا خۆیان دەخوێننەوە کە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ھاوپەیمانێتی کورد و شیعە و سوونە رەنگە لە دوو ستونی سەرەکی کۆبکرێنەوە، بەڵام ئەوەی گرینگە پرۆسەکەیە کە بەبێ کورد نە سوونەو نە شیعە ناتوانن لە عێراقی نوێدا شێوازی حوکمرانی تەندروست جێگیر بکەن کە دەوڵەتێکی مۆدێرن بێ لەسەر بنچینەی شەراکەت و دادپەروەری پێکھاتەکان کە لە بنچینەدا لە دوای پرۆسەی ئازادی، عێراقی لەسەر دروست کراوە.

پەیامە نوێیەکەی سەرۆکی ھەرێم لە ھەولێرەوە بۆ بەغدا بە واتای نەشتەرگەری جیدی دێ بۆ پرسەی سیاسی لە عێراقدا کە تێکرای ھێزە سیاسییەکان لە ھەرێم و عێراق، گرینگە ئەم پرۆسەیە راستبکەنەوە کە پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵەو لەسەر شێوازێکی دیکەی حوکمڕانی بۆ عێراق گفتوگۆ بکەن کە لانی کەم بنەماکانی فیدڕاڵی و سیستەمی تەوافق ئەبدەیت بکرێتەوە و کۆتایی بە ھەندێ گرژی سیاسی بھێنرێت کە دەمێکە ئەنجامی نییە.

ئێستا ھەم عێراق و ھەم ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھەمواری سیاسی ھەیە کە چۆن کاریگەری لەسەر شێوازی حوکمڕانی و تێگەیشتن لە قوڵایی کێشەکان و میکانیزمی چارەسکردن دروست بکات، لە کۆمەڵگەی دەولیدا تا ئێستایی لەگەڵدابێ وەھا لە کورد دەڕوانرێ کە باخەوانی باخچەی عێراقی فیدڕاڵە، بەڵام دەبێ لەنێوخۆی ھەرێمی کوردستانیشدا ھەمووان باخەوانی باخچەی دیموکراتی بن، چونکە تاکە ھێزێک بتوانێ دادپەروەری سیاسی بخولقێنێ، کۆمەڵگە پێشبخات، گەڕانەوەیە بۆ خولقاندنی کەشێکی دیموکراتیانەی ئازاد بۆ کێبرکێی سیاسی لە چوارچێوەی لۆژیک لە ھەرێمی کوردستان بە عێراقی فیدڕاڵەوە، کە پێویستە ھەندێ پرسی ھەستیار لە ھەرێمیش ئەبدەیت بکرێنەوە کە سەرەکیتریان پرسی شێوازی حوکمڕانییە لەسەر بنچینەی شاندانە بەرپرسیارێتی جیدی بۆ پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان دا.

لە ئێستادا روانگەیەکی سیاسی نوێ ھەیە کە دەرگا بە ڕووی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە لۆبی خۆی لەم رۆژانە تەواو بکات کە لەگەڵ کامە لیستی عێراقی ھاوپەیمانێتی دەکات، لەگەڵ کامە لیستی سیاسی دەتوانێ روانگەی ھاوبەشی ھەبێت، ھەرچۆنێک کە لە نێو ماڵی کوردستاندا حزبە سیاسییەکان یەکگرتوو نین و روئیای جیاوازیان ھەیە، ھەمان شت لە نێو ماڵی شیعەو سوونەیشدا ئەمە ھەیە، بۆیە لەم رۆژانە بەرەی ھاوبەشی نوێی بۆ ھەڵبژاردنی عێراق ئەگەر ھەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراودا بکرێت دروست دەبێ، لەم باخچەیەدا گرینگە بزانرێت کە کورد دەیەوێ لەکوێی پێگەی عێراقدا ئەمجارە درەختی سیاسی خۆی دەچێنێ، ئایا کورد بەھەمان نەفەسی جارانی لە پرۆسەی ئازادی عێراق دەیەوێ بگەڕێتەوە عێراق و کار بۆ دیموکراسیەتی عێراق دەکات، یانیش دەیەوێ کەمێک ئۆکسجینی سیاسی ھەڵمژێ لەوەی لەژێر ھەندێ فشاردا دەرچێ و دەرفەتێک بەدەستبێنێ تا بتوانێ بۆ ساڵانی داھاتوو خۆی رێکخاتەوە

پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لێی دەخوێنرێتەوە کە خنکاندنی فیدڕاڵیەت لە عێراقدا لە دەسپێکدا لە کوژانەوەی دیموکراتیەت دەستی پێکرد، نەیان ھیشت فکری مەدەنی و دیموکراتیانە لەنێو سیستەمی سیاسی عێراقدا گەشەبکات، نەیانھێشت دادی کۆمەڵایەتی و روانگەی مۆدێرن بگاتە قوڵایی ناوەندەکانی بڕیاردان، بەڵکوو عێراق لەسەر مێزی حوکمڕانیدا دیموکراتییەت و ئازادی فرۆشت و، لە دەرەنجامدا ئەوانەی کە بۆ کوشتنی ئازادی و دیموکراتی ھەوڵیاندا راستە لە ھەوڵەکانیان سەرکەوتن، بەڵام لە پرۆسەی سیاسی عێراقیان بەرەو ھەڵدێر برد و خستیانە سەر لێواری کەوتن، بەشێک لێیانەوە لە ھەڵبژادرن بوون بە کەمینەیەکی بچووک، ھەمیشە وایشە کە ئەوانەی بە بچوکی لە چوارچێوەیەکی خولقاندنی کێشە بیردەکەنەوە دواجار کێشەکان بەدەوری خۆیاندا گەورە دەبن و خۆیان لە نێو کێشەکاندا خەرق دەبن، بۆیە گرینگە ھەمیشە ئەم دیمەنە لەبەردەمی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بێت کە پەرتەوازەبوونی سیاسی و یەکتر نەخوێندنەوە و دوورکەوتنەوە لە یەکتر پێگەی سیاسی کورد لە ناوچەکە لاواز دەکات، چونکە کۆدەنگی سیاسییە کە دواجار دەبێتە ھێزی یاسایی بەھێزیش کە لە ستانداری گەمەی ناوچەکە کورد بەھێزتر بکات.

لەم باخچەیەی عێراق کە خاوەنی دەستوورێکی مۆدێرن بوو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، نەدەبوو ھەرگیز فیشەکی شەڕ بتەقێ، بەڵام لەگەڵ شەڕی بەردەوام کودەتاییش بەسەر دەستوور کرا و یاساکان کەوتنە ژێر قوفڵی دەستێکی سیاسی کە بنەمای فیدڕاڵیەت و ھاوسەنگی سیاسی بەجارێ خاپوور کرد و، مۆدێلێکی حزبی سیاسی لە بەرگێکی تائیفی و مەزھەبی باخچەی دیموکراتیەت و پێشکەوتنی لە عێراق بڕیەوە.

عێراق کەوتە بۆشایی ئەمنی و لێکەوتەکانیشی ھاتنە بەردەم ماڵی کورد، لە کۆتاییدا شەڕی تەسفیەی حسابی نێوخۆی عێراق خرایە نێو ئەو باخچە سیاسییەی کە لە کوردستاندا کە خاوەنی مۆدێلێکی پێشکەوتوو ئاوەدان و تاڕادەیەکیش سیستەمی دیموکراسی لە ھەناوی حوکمڕانی ھەرێمدا لەسەر رێرەوی دروستدا گەشەی ھەبوو، بۆیە نابێ لە نێوخۆی ھەرێمدا ئەم گەشەی دیموکراسییە بوەستێت، دەبێ ھێزە سیاسییەکان بواری لێکتێگەیشتن و ئازادی سیاسی و کرانەوەی سیاسی بخەنە خزمەت ھەرێمی کوردستانەوە تا لە عێراقی فیدراڵدا ھیچ نەبێ پێگەی دیپلۆماسی و سیاسی کورد بەھێز بکرێتەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif