150 سەربازی هۆڵەندی لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکران

ليست هناك تعليقات


 

وارنێر تەمەنی 34 ساڵانە. لەگەڵ 149 سەربازی دیکە بڕیارە بەشێک لە ئەرکی پاراستنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگرنە ئەستۆ. وارنێر پێشتر لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان بووە و یەکەم جاریەتی دێتە هەرێمی کوردستان.

وارنێر برۆوێر، بەرپرسی هەماهەنگی تیمی سەربازیی هۆڵەندا بە رووداوی گوت، بەرپرسیاریێتیی سەرەکییان پاراستنی ئەمنیەتی بەشی سەربازیی فرۆکەخانەیە. "روانینی باشمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانمان لێرە. کارە تیمییەکانمان زۆر بەباشی دەستیپێکردووە. تیمەکانمان لە باشترین سەربازەکان پێکهاتوون و ئەوە دەبێتە ئەزموونێکی زۆر باش بۆ ئێمە".

لە مانگی تشرینی دووەمی 2020 دا، حکومەتی هۆڵەندا بڕیاریدا 150 سەرباز بنێرێت بۆ پاراستنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەرکی سەرەکیشیان پاراستنی بنکە سەربازییەکان و پێدانی راوێژی سەربازی و راهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە.

کڵەین شارترزبێرگ، فەرماندەی تیمی سەربازیی هۆڵەندا دەڵێت، "یەکەم هەنگاوی هاوکاریمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو هێزە ئەمنییانە دەبێت کە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەیان لە ئەستۆیە. جەخت دەکەینەوە لەسەر پاراستنی لایەنە جیاجیاکان لە فڕۆکەخانە، هەروەها هاوکاریمان دەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. هەروەها لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەش هاوکاری دەکەین بۆ باشترکردنی هێزەکانی پاسەوانی، کاری گەشتەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش لە بەشە جیاوازەکانی فڕۆکەخانە".

مایکڵ رێنتەنار، باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق بە رووداوی گوت، نەک هەر بۆ هاوپەیمانان، بەڵکو بۆ هەمووان ئاسایشی عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە. بۆ هەموو ئەوروپاش ئەوە ئاسایشە گرنگە، چونکە ئەگەر لە عێراق سەقامگیری هەبێت لە ئەوروپاش سەقامگیری دەبێت. "ئێمە شکستمان بە خەلافەتی داعش هێنا، بەڵام دەزانین کە داعش بە شێوازی جیاجیا لەکارەکانی بەردەوامە".

باڵیۆزی هۆڵەندا باس لەوەش دەکات، "ئێمە پێویستە پێکەوە بمیێنەوە و کار بکەین و ئەرکی خۆمان بگەیێنینە ئەنجام و ئەم یارمەتیانەش هەر بەو ئامانجەن".

سەربازەکان بە پێشکەوتووترین چەکەکان هاتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هۆڵەندا لە ساڵی 2015ەوە راهێنانی بە نزیکەی 100 هەزار سەرباز و پێشمەرگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. لە بواری مرۆیيشەوە نزیکەی 72 ملیۆن یۆرۆی لە چوارچێوەی یارمەتییەکان یونیتاد بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش تەرخان کردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق