کوردو ڕۆژی زمان

ليست هناك تعليقات


بڵێسە جبار فرمان

چۆن زمانی کوردی لە مەترسی بپارێزرێت

نامەوێ باسی ژمارەی زمانە جیاوازەکان بکەم و مێژووی سەرھەڵدانی ڕۆژی زمان یا ئاماژە بە زمانە جیاوازەکانی جیھان بدەم، من پسپۆڕی زمانی کوردی یا ھیچ زمانێکی تر نیم،

بەڵام ئەمەوێ بڵێم کە ترسی ئێستاو رابردومان وەک یەکە وەک باو باپیرانمان ترس لە لەناوچوونی زمانی کوردی ئەمڕۆ لەھەموو کات زیاترە. ھەموومان ھەستمان بە لاوازی زمانی کوردی و بایەخی زمانی کوردی کردوە لەلای نەوەی نوێ. بێگومان من لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی قسە ئەکەم و ئەلبەتە ھەموو نەوەی نوێ ناگرێتەوە.

بیرم دێ جارێک لە تەمەنی ١١ ساڵی دا لە خزمەت محمدی خاڵ بووم. جوانەی کچەی زای محمدی خاڵ و من پێکەوە لە کتێبخانەکەی دانشتبوین و قسەی بۆ دەکردین. ھانی دەداین کە کتێب بخوێنینەوە. لە منی پرسی کە چەند شعری کوردیم لەبەرە. منیش کۆمەلێک شعری نەتەوەییم دەزانی وەکو رێی خەباتمان و ئەی رەقیب و رێی خەباتمان بۆ وت. پێی وتین کە دەبێت ١٠٠٠ ڕستە شعر لە دەفتەرێک دا بنوسینەوەو ھەر وشەیەکی تێنەگەیشتین لێیبکۆڵینەوەو پیشانی بدەین. بەداخەوە کە ئەوە کۆتا جار بوو کە من ئەو مرۆڤە مەزنە ببینم و نەمتوانی توانی دەفتەرەکەمی پیشان بدەمەوە.

ھۆکار زۆرە کە دەبێتە ھۆی بایەخ نەدانی نەوەی نوێ لە باشوری کوردستان بە زمانی دایکیان، بەڵام کەمتەرخەمی سەرەکی لە دەسەڵاتی سیاسیمان و حکومەت دایە.

گەربێت و سیستێم و بایەخدانی وڵاتی ئەلمانیا بە زمانەکەیان و بە خوێندنەوە بە نمونە بھێنمەوە ئەوا دەبینین ھەر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە وانەیەکی تایبەت بە کتێب خوێندنەوەیان ھەیە. ھەموو قوتابیەک دەبیت کتێبێک بخوێنێتەوەو لەبەردەم پۆلەکەیدا کورتکراوەکەی پێشکەش بکات و ڕاوبوچونیان لەسەر کتیبەکە بگۆڕنەوە. ئەم وانەیە وانەیەکی سەرەکیە و نمرەی لەسەرە. ئەم میکانیزم و جۆرە پەرورەدەیە دەبێتە ھۆی وابەستەبوونی نەوەی نوێ و کۆمەڵگا بە کتێب خوێندنەوە لەو ڕێگایەوە جگە لە بەکەلتورکردنی خوێندنەوە بەقوڵی و باشتر فێرکردنی زمانی دایکیان دەبن. بۆ دایەلۆگی سەرەتایی رۆژانە ھەموو کەسێک دەبێت ٥٠٠٠ وشە بزانێت. ئەمە ژمارەیەکی ستانداردە بۆ ھەموو زمانێک.

کەسێک کە بروانامەی زانکۆ بەدەست دەھێنێت دەبێت زیاتر لەو ژمارەیە وشە بزانێت. جیاوازی ئاستی خوێندەواری مرۆڤەکان لە دەربڕین و وشەدا بە دی دەکرێت.

ساڵانە لە ئەلمانیا 70,000 بۆ 86,000 کتێبی تازە دێتە بازاڕ و کتێبخانەکانەوە، لەگەڵ بوونی تەکنولوجیا و ئنتەرنێت و کەم بوونەوەی کڕیاری کتێب ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیارد دولار قازانجی چاپخانەکانە.

لە کوردستان ئەمە بە دی ناکرێت. مناڵەکان ھان نادرێن بۆ خوێندنەوەی کتێب. کتێبی باش و ھاوچەرخ بە زمانی کوردی کەمە. زۆرێک لە شارەزایانی زمان رەخنەیان لە زمانی وەرگێڕان ھەیە. زۆرێک لەو بڕوایەن کە دەبێت بە ئنگلیزی یا بە عربی بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی بتوانی چێژ لە خوێندنەکە وەربگریت.

ھەموو زمانێکی زیندوو لە بەرەو پێش چوونی بەردەوام دان. بە گوێرەی سەردەم واتە کات و شوێن و گۆڕان وشەی نوێ دێتە نێو زمانەوەو وشە و دەستەواژەی تری کە بەکار ناھێنرێن و لەناو دەچن. بۆ نمونە زمانی ئنگلیزی سەردەمی شکسپیری جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ ئنگلیزی ئەم سەردەمە. ئەو سەردەمەی سوارچاکان لەگەڵ ئەم سەردەمی سۆشیال میدیایەدا جیاوازی زۆرە. ھەموو زمانێک فەرھەنگی خۆی ھەیە کە ھەموو چەند ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوەو کەم و زیاد دەکرێت.

بۆ ھەر دەرکەوتەو دەستەواژەیەک کە بوونی نیە وشە دادەتاشرێت و دەخرێتە نیو کۆمەڵگاوە بۆ بەکار ھێنانی.

بە جیھان بوون و بەزاندنی سنورەکان بە ھۆی سەتەلایت و ئنتەرنیت و سۆشیال میدیاوە، بۆتە ھۆی ئەوەی زمانی ئنگلیزی ببێە زمانێکی ستاندارد و باڵادەست. ئن ا دەرکەوتنی زۆرترو بڵاوکردنەوەی کولتوری وڵاتانی ئنگلیزی زمان لە ھەموو دونیادا. لە ساڵانی ٢٠٠٠ وە وڵاتانی ئەوروپا لەھەوڵی کەمکردنەوەی بە ئەمریکایی کردنی کولتوری وڵاتەکانیانن. بۆ نمونە thanksgiving بە ھۆی کاریگەری زمانی ئنگلیزی ئەم جەژنە کە ھیچ پەیوەندیەکی بە ئەوروپاوە نیە لە ھەموو وڵاتەکان پەیڕەو دەکرێت، تەنانەت چەند ساڵێکە لە شارەکانی باشوریش ناودەھێنرێت. ھەربۆیە بایەخێکی زۆر زیاتر بە زمان و کولتوری خۆیان دەدەن و لە ھەموو بوارەکان داو لە ھەوڵی پاراستنین. لە بوارەکانی تەندروستی و تکنولوجیا و ئەدەب و فرھەنگدا ھەوڵ دەدرێت بۆ ھەموو وشەیەک، وشەیەک داتاشن.

زمانی کوردی لە چەند رویەکەوە لە مەترسی دایە.

نەوەی نوێ لە خوێندنەوەوە دوورن

لە ھەموو کۆلێژەکان دا تێکەڵەیەک لە زمانی ئنگلیزی و کوردی دەخوێنرێت
زۆری خوێندنگاکانی بانی و زمان ئنگلیزی و بایەخنەدانی حکومەت بە خوێندنگا کوردیەکان.
لاوازی زمانی کوردی لە وشە و دەستەواژەی نوێ دا وای کردوە بۆ زۆر بوار وشە ئنگلیزیەکە بەکار بھێنرێت

بە کارھێنانی وشەی لاتینی و ئنگلیزی لە ھەواڵەکانی تیڤی و راگەیاندنەکاندا بۆ نمونە ئەوەندەی باس لە رێفەراندۆم دەکرێت ھاوشێوە کوردیەکەی کە بریتیە لە راپرسی یا گشتپرسی بەکار ناھێنرێت.

زمانی کوردی لە زۆر ڕوەوە کەلتوری پیاوسالاری پێوە دیارە و بچوک کردنەوەی ژن تیایدا بەدی دەکرێت. من لەو بڕوایە دام زمانی کوردی دەبێت ھاوچەرخ بکرێت بە شێوەیەک کە دژ بە ژنان نەبێت.

جگە لە سیاسەتی نەتەوەکانی سەردەستی ناوچەکە کە بەهەموو جۆرێک دەیانەوێ زمانی کوردی بایەخی نەدرێتێ و گەشەنەکات خۆیشمان وەک پێویست هەست بە مەترسی لەسەر زمانەکەمان ناکەین.

بەپێی دەستوری عیراقی و لەمادەی چواردا زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی کردوە بە زمانی فەرمی وڵات بەڵام کوا فەرمیەتی زمانەکەمان لە ناوەندەکانی حکومی و سیاسی عیراقدا.
هیچ چاودێریەک بەدی ناکرێت بۆ پوختکردنی زمانی کوردی و داتاشینی وشەی نوێ.
بەکارهێنانی زمانەکانی تر بەگرنگ تەماشاکردنی لەبەرامبەر زمانی کوردی دا حەقیقەت لە خۆ بەکەم زانینەوەیە دەبێت کورد و کورد زمان لەم هەستە بچنە دەرەوە.
زمانی کوردی هێزی هاوبەشی نێوان هەموو گروپ و ناوچەو بەشەکانی کوردستانە, گرنگیدان بە زمانی کوردی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif