هەرێم لە ناو قەیرانێکی گەورەدایە!

ليست هناك تعليقات


ئارێز عەبدوڵڵا

ئایا بۆچی لەگەڵ عێراق گەیشتینە ئەو ئەنجامە، لێرەدا باسی لێوەناکەم، بەڵام ئەو ئالنگاری و هەڕەشە ناوەخۆی و دەرەکیانەی چاویان نەک تەنیا لە حکومەت بەڵکو قەوارەی هەرێمیش سورکردۆتەوە زۆر و جددین. کێ هۆکاری دروستبوونی ئەو ئالنگاری و هەڕەشانەن ئەوەش لێردا باس ناکەم، بەڵام ئەوەی دەمەوێ باسی بکەم ئەو بێ باکی و کەم تەرخەمیەی دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستانە، کە باش هەستی پێ دەکرێ و دەبینرێ!

فشارە نا دەستوری و بێ ماناکانی هەندێ لایەنی عێراقی لە هەرێم و نیشاندانی بێمنەتی هەرێمیش یەک لە یەکیان خراپترن. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە ناوەندەکانی بڕیار، بەتایبەت هێزە سیاسیەکان هەڵوەستەیەک لە خۆمان بکەین؟
بەلامەوە سەیرە هەندێ لە حزبە سیاسیەکانی کوردستان لە ململانێ ناوەخۆیەکان هەمیشە تاکتیکی چاوەڕوان نەکراو و سوپرایزیان هەبووە و هەیە، بەڵام لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەرەوە ئەوەندە دەستەوەستان و دەستەمۆن؟!
هەرێمی کوردستان تەنیا کێشەی بودجەی نییە، تەنانەت ئەگەر بەرمیلێک نەوت بگاتە سەد دۆلاریش کێشەکە چارەسەر نابێ، چونکە گەرەنتی نییە تا سەر حکومەت بتوانێ بەو ڕێگایەدا بیفرۆشێ.

بەرژەوەندییە تایبەتیەکان، لە حزبەوە بگرە تا دەسەڵاتدارەکان، کورتبینی و هەڵپەرستی دۆخەکەیان بەم ڕۆژە گەیاند. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ستراتیژێکی نیشتمانی داڕێژینەوە، بۆ ئەوەی لانی کەم هەڕەشە و ئالنگاریەکان کەم بکەینەوە؟
بەلاشمەوە سەیرە هەندێ لایەنی سەرەکی و ناسەرەکیش نایانەوێ لەم ڕۆژگارە سەختەشدا لێپرسراویێتیەکی نیشتیمانی هەڵگرن!

هەندێ کەس خۆیان بەسەرۆک و سەرکردە دادەنێن، کەچی لە جیاتی لەخۆبوردویی و دەستبەرداربوونی ئەو هۆکارانەی وڵاتیان گەیاندە ئەمڕۆ لە هاوڵاتیەکی توندڕەوەی حزبی حزبیانەتر بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن!
بەڵێ، قەیرانەکە زۆر لەوە گەورەترە کە دەبینرێ، نا دیدەگرتنی ئەو قەیرانە گەورەیە، نەهاتنە پێش بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەر، دەستبەردارنەبوونی ئەو عەقلیەت و ئەو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتیانە دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانی.
قایل بوون بەو هەموو فشارە نادەستوریانەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق مەترسیدارە و پشت بەستنیش بە هەناردەکردنی نەوت ئەگەر ئەمڕۆش نەبێ بۆ سبەی مەترسیدارترە، بۆیە ئەم وڵاتە پێویستی بە جولەیەکی سیاسی - دیبلۆماسی گەورە و یەک دەنگیەکی نیشتیمانی بیستراو هەیە.
ئەو خەمساردی و بێ باکیە تاکەی ئایا (بعد خراب البصرة) بە هۆش خۆمان دێینەوە و سەری پەنجەی خۆمان دەگەزین یان بەئاگادێینەوەیە؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif