بۆچی پرسی کورد پرسێکی فەلسەفییە؟

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی
-
پرسی کورد یاخود جەنگی کوردوو ئەوانی دیکە جەنگی بوونە (وجود) ئەمەش پرسێکی فەلسەفییە، جەنگی بوون (وجود) بە ڕوونی دەبینین کە بە درێژای مێژوو کورد لە جەنگی بووندا (وجود) بووە.

کورد نەتەوەیەکی چەوساوەیە، کەچی ئەوانی دیکە وەک شەیتان و دڕندە وێنایان کردووە. بواریش بە کورد نەدراوە کە بوونی خۆی پێناسە بکات و بە بەڵگە کاری کار بۆ ئەو ژیانە بکات کە خۆی باوەڕی پێیەتی. لە ھەمانکاتدا ئەو بوارەشی نەبووە کە ئەو تۆمەتانە لەسەر خۆی لاببات، چونکە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورددا دەبیننەوە.

لای ئەوانە (غەیرە کورد) نکۆڵیکردن لە کورد و شوناسە نەتەوەییەکەی ھێزی پێداون بۆئەوەی نەتەوەخوازی و شوناسی خۆیانی پێ بەھێزکەن واتە یەکپارچەیی خۆیان لە پارچەپارچەبوونی کورددا دەبیننەوە، وەک چۆن پرسی کورد پرسی تە نھا ھێزێکی دیاریکراو نیە بەھەمان شێوە ئەوانیش کار لەسەر تێکشکانی کوردبون دەکەن نەک ھێزێکی دیاریکراو.


پرسی بوون لە دەرکەوتنی ناسیۆنالیستەوە، پرسی شوناس و پرسی من کێم بووە. ئەمەش لە بنەڕەتدا کێشەیەکی فەلسەفیی و بە دیاریکراوی فەلسەفەی سیاسییە، کێشەی ئێمە کێین بە پلەی ئیمتیاز ئێمەی نەتەوە پرسی بوونە تەنھا پرسی ناسنامە نییە پرسی بوونناسییە، واتە ئەوی دیکە کێیە؟ بۆ من نەفی دەکات؟ یان بۆچی ئەویدی دان بە بوونی مندا نانێت؟ کەواتە لەکوێدا کێشەی من و ئەو ھەبوو، پرسەکە دەبێتە پرسی فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ئەخلاق. واتە پرسیارەکە وای لێدێت ئەو کێیە بۆ من و من کێم بۆ ئەو؟

سارتەر دەڵێت: ( بەردەوام ئەوی دیکە دۆزەخە بۆ من) واتە ھەڕەشەیە بۆ من بۆ نەتەوە. بیرۆکەی نەتەوە لە دوای کانتەوە لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا دەردەکەوێت و پێدەگرێت، ھەر لەناو بیرکردنەوەی ئەوانیشدا پەرە دەسێنێ و بیرۆکەی نەتەوە دیاری دەکرێت تا دەگات بە ھیگڵ، ئەو فەیلەسوفانە قسەیان لەسەر پرسی بوون کردووە زۆربەیان جولەکەن، چونکە ئەوان پاکتاوکردنی ڕەگەزییان لەسەر بووە. جەنگی بوون یاخود بەرگریکردن لە بوونی کورد مێژوویەکی ھەیە، لەتەک ئەوەشدا نەیتوانیووە بچێتە ناو مێژوو، ئەمەش وەک لوغزێکی داخراو ماوەتەوە وای کردووە کورد لە دۆخێکی تایبەتیدابێت. چی لە مێژووی خەلافەتە ئیسلامییەکان و چی دواتر لە سەردەمی مۆدێرنەدا کورد لە ھەردوو قۆناغەکەدا خەباتی کردووە، بۆ ئەوەی لەژێر دەستەیی دەربچێت و وەک نەتەوەکانی دیکە بچێتە ئاستی سەردەستەکان.

بەڵام چی لە ئاستی جیھان و چی لەسەر ئاستی سێ دەوڵە ت نەتەوەی دروستکراوەکەی مۆدێرنە لە ناوچەکەدا دژایەتی کوردبوون کراوە، کورد وەک ئەفسانەی سیزیف بەردەوام لە سەرکەوتن و خلۆربوونەوەدا بووە، بەڵام ئەوەی مانەوە و بوونی کوردی ڕاگرتووە. بەردەوام بوونییەتی بۆ دەربازبوون لەو تەوقەی کردویانەتە گەردنی، ئەگەر نەیتوانیبێت بچێتە ئاستی سەردارەکان ئەوا کۆیلەبوونیشی قبوڵنەبووە و بەردەوام لە شۆڕشدا بووە، لە بەرامبەردا ئەوانی دیکە وێنای شێواویان بۆ کورد بەرھەمھێناوە و کوردیان وەک بونەوەرێکی بێڕیشەو تێکەڵەیەک لە تورک و فارس و عەرەب خستووەتە بەرچاو، تا ئەو ڕادەیەی بەشێک لە مێژوونووسانی ئەوان کوردیان بە بوونەوەرێک لە نێوان مرۆڤ و جنۆکەدا باس کردووە. ئەمە نەفیکردنێکە کە نەتوانی بوونی کورد لە زانستی زیندەوەرناسیدا بدۆزیتەوە. کەواتە ئەم دۆخەی بەسەر کورددا سەپاندویانە و ھەر ڕۆژەو بە گەمەیەکی دۆزەخییانە سەرقاڵی دەکەن، بۆ ئەوەیەکە نەتوانێ بیربکاتەوە، کە کورد چیە و چی دەوێ بۆ ئەوەی شەڕە سەرەکییەکەی لە بیر بەرنەوە، کە شەڕی بوونە و بە شەڕی لاوەکییەوە سەرقاڵیبکەن.


کەواتە جەنگی کورد لەتەک ھەموو پایتەختەکاندا جیاواز لە شەڕی سیاسی و ئابوری جەنگی بوونە، واتە بوونی کورد جەنگی بوون بە پلە ئیمتیاز لە فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقیدایە. بە وتەی کالینگوورد بۆ ناسینی مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانین ئێمە کێین؟ کە ئەوی دیکەنین و ھەروەھا چیمان دەوێ؟ ئەم پرسیارە پرسی بوونە دەمان گەیەنێتە ئەو شوێنە، کە بڵێین پرسی کورد پرسێکی بەتەنھا یاسایی و مۆراڵی و ئابوری یان بە تەواوی سیاسی نییە، بەڵکو پرسیارێکی فەلسەفییە لە بوون و نەبوون و گرێدراوی ھەموو پرسگەلی مێژووی یان فەلسەفەی بوون و پێکھاتنی مێژووە، پرسی کورد بە واتا گەلی کەلتوری یان ئایدیۆلۆژی چەپ و کۆمۆنیستی یان ئاینیی شرۆڤە ناکرێت، چونکە پرسی کورد بریتییە لە بوون و نەبوون ئەمەش قسەی فەلسەفەی سیاسییە.

کەواتە کێشەی کورد و ئەوانی دیکە کێشەیەکی فەلسەفییە ، منیش مەبەستم ئەم جەنگەی بوون (وجود) بووە کەوتم جەنگی کورد جەنگێکی فەلسەفییە. ئیتر پەیجی ساختە و سایتی ساختەوقەڵەمی کوێر کرۆکی بابەتەکەیان وەک ئەرکی ڕۆژانەی خۆیان کەئەوەیان پێسپێردراوە ھەموشت بشێوێنن لەپێش چاوی ڕای گشتی بابەتە کەیان شێواند .

گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان:
١. تێزی دکتۆرای زەکەریاقادری بەناوی (کوردناسی)
٢. بوونی نەتەوەی کورد (عیرفان مستەفا)
٣. ڕەخنە لەئەقڵی سیاسی (ئەبوبەکرجاف)
٤. کوردو غەیرەکانی (عەباسی وەلی)
٥. داگیرکردنی تاریکی (بەختیار عەلی)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif