نەوت ڕوو لە دابەزینە

ليست هناك تعليقات


رۆژی شەممە 20-2-2021 نرخی نەوت دابەزی، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 1.6٪ـی نرخەکەی لەدەستدا و بە 62 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش بە 59 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە لەکارکەوتنی پاڵاوگەکانی ئەمریکا هەیە، پاڵاوگەکانی تێکساس بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفربارینەوە لەکارکردن وەستابوون و نرخی نەوت بەرزببووەوە، بەڵام رۆژی هەینی، کارەبا بۆ زۆربەی پاڵاوگەکان گەڕایەوە.

18ـی ئەم مانگە نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد بەراورد بە ساڵی رابردوو و، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 65 دۆلار کە بەرزترین ئاستی 14 مانگی رابردوو بوو.

لە ساڵی 2020 خواست لەسەر نەوتی خاو بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ پەسندکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوت کەم کەم بەرزدەبێتەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 یشدا بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بۆ -37 دۆلار دابەزی.

تۆم لی، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە ئینستیتیوتی فەندسترات بە بلوومبێرگی گوتووە، چاوەڕێ دەکرێت لە ئەمساڵدا ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوا بازاڕی وزە 66٪ قازانجەکانی زیاد دەکات و ئەو رێژەیەش بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

ئیرینا سلاڤ، شرۆڤەکاری ئابووری و نووسەر لە ئۆیەڵ پرایس پێی وایە، تاوەکو شەپۆلی سەرما لە ئەمریکا بەردەوام بێت و پاڵاوگەکان بە بەستوویی بمێننەوە، نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەواش، شەپۆلی سەرما و بەفر تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە لە تێکساس بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.

سعودیە کە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری نەوتی جیهانە رایگەیاندبوو، لە مانگەکانی شووبات و ئادار رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە، ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت ئەو کەمکردنەوەیە درێژنەکاتەوە و بەرهەمهێنانی زیاد بکاتەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت، بەڵام ئەو زیادکردنە رەنگە لە مانگی نیسانەوە دەستپێبکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif