ئەمریکا چی دەوێت و ئێران داوای چی دەکات؟

ليست هناك تعليقات


ئیدارەی جۆ بایدن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنامەی ئەتۆمیدا لەگەڵ ئێران کۆببنەوە و دانوستاندن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە بکەن.

هەروەها ئیدارەی بایدن داوایەکی ئیدارەی پێشووی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کشاندەوە کە داوای کردبوو یووئێن سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان هاوڕان ئەو داواکارییە هیچ رەوایەتییەکی نەبووە، بەڵام دەشڵێت: "پێویستە ئەمریکا بەبێ مەرج و بە شێوەیەکی کردەیی هەموو ئەو سزایانەی لە لایەن ترەمپەوە سەپێنراون یان دوای لابردنیان دووبارە سەپێنراونەتەوە، لاببات. ئێمەیش ئەو کاتە دەستبەجێ هەموو رێکارەکانمان پێچەوانە دەکەینەوە."

بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا کە بەشێکن لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە، نیگەرانیی خۆیان لە پابەندنەبوونی تاران بە رێککەوتنەکەوە دەردەبڕن و هیوایان وایە لە رێگەی دانوستاندنی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئەمریکا بتوانن ئێران بگەڕێننەوە سەر پابەندبوونی تەواوەتی بە رێککەوتنەکە.

دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "ئێمە بە تەواوەتی لەسەر گرنگیی پابەندبوونی ئێران بە ئەرکەکانیەوە هاوڕاین، بەڵام هاوڕایشین کە گرنگە ئەمریکا دووبارە بهێنینەوە نێو گفتوگۆکان بۆ ئەوەی رێگەیەکی گونجاو بەرەو پێشەوە بدۆزینەوە."

ئێران رۆژانی داهاتووی وەکو دوایین وادە بۆ ئیدارەی جۆ بایدن داناوە بۆ ئەوەی ئەو سزایانە لاببات کە ترەمپ بەسەریدا سەپاندبوونی، ئەگەر نا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە کەمتر دەکاتەوە و رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش نادات هەموو بنکە ئەتۆمیەکانی بپشكنێت.

ئەمڕۆیش رافایل ماریانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات بۆ ئەوەی بەر لەوەی ئێران پابەندبوونی بە رێککەوتنەکەوە کەمتر بکاتەوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا بکات و چارەسەرێک بۆ بەردەوامبوونی چاودێرییەکانی ئاژانسەکەی لەو وڵاتە بدۆزێتەوە.


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئامادەی کۆبوونەوەین لەگەڵ ئێرانییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی بایدن ئامادەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئێرانییەکان، بەڵام لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وڵاتانی 5 کۆ 1.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، خۆنمایشکردن هیچ لە کێشەی تایبەت بە مەلەفی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر ناکات، بۆیە ئیدارەی بایدن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێرانییەکان دابنیشین.

پرایس گوتیشی، ئێمە وەک دەستپێشخەرییەک رێکارەکانی تایبەت بە سنووردارکردنی جووڵەی شاندی ئێرانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئیدارەی ترەمپ گرتبوونییەبەر، هەڵوەشاندووەتەوە و داوا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی ئیدارەی پێشوو تایبەت بە گەڕاندنەوەی سزا نەتەوەییەکان بۆسەر ئێرانمان کردووە.

بە گوتەی پرایس، ئەوان رێکاری تایبەت بە سنووردارکردنی جووڵەی شاندی ئێرانییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندووەتەوە و نووسراوێکیان ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ "لادانی سیستمی سناپ-باک کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزا نەتەوەییەکان بۆ سەر ئێران".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif