بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە، لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی گردبوونەوەیەكی نارەزایی ڕێكبخرێت بە دروشمی( ئەمڕۆ بێ دەنگ بین سبەی سەرەی ئێمەیە)
دەقی بانگەواز بۆ بەشداری لە ناڕەزایی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥/٢/٢٠٢١
ئەمڕۆ بێ دەنگ بین سبەی سەرەی ئێمەیە.
گردبونەوەی جەماوەری
ڕۆژی پێنج شەممە
کاتژمێر ۲ی دوای نیوەڕۆ
لە پێناو بەرگری کردن لە کەیسی زیندانیانی بادینان و سەروەری یاسا و شکۆی دادگا، سەرجەم پارێزەران و یاساناسان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕووناکبیران و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکان بانگهێشت دەکەین بۆ گردبونەوەیەکی جەماوەری لەبەردەم باخی گشتی لە ڕۆژی 5 شەممە کاتژمێر دوو، بە مەبەستی دروست کردنی فشار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نا یاسایی و ستەمکارانەیەی دادگای تاوانەکانی هەولێر و گەڕانەوەی شکۆی دادگا و سەروەری یاسا و پاراستنی شکۆی تاکی کورد و بەرەو ڕوو بونەوەی سەرکوت کردنی ئازادیەکان.
ئەمەی کە ڕویدا لە کەیسی زیندانیانی بادینان پێشهاتێکی زۆر مەترسیداری بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریە وەک ئامرازێکی بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و بچوککردنەوەی ئەو دەزگایە و بەکارهێنانی لە بەرژەوەندی حیزب و دەسەڵات.
هەر بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە و ئەرکی هەموومانە کە بەرگری لە ئازادیەکان بکەین و سنورێک بۆ ئەو دەستوەردانە ناڕەوایەی دەسەڵاتی دادوەری دابنێین.
لێرەوە جارێکی تر بانگەوازی هەموو چین و توێژەکان دەکەین بۆ بەشداری فراوان لەو گردبونەوەی ناڕەزایی یە، بەمەش بەشدار دەبن لە هەوڵی پاراستنی شکۆی تاک و گەل و شکۆی دادگاو سەروەری یاسا.
دەستەیەک لە پارێزەران و یاسا ناسان و چالاکوانی مەدەنی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق