کۆمەڵ و پارتی، ڕوو لە دۆستایەتی و پشت لە دووری

ليست هناك تعليقات

 

تایبەت
-
کۆمەڵی ئیسلامی کە لە کۆنگرەی چواردا ناوی خۆی گۆڕی بە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە ڕابردوودا چەندین جار پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەرزی و نزمی تێکەوتووە و هەندێکجار گەشتۆتە ئاستی زۆر توند، بە پێچەوانەی پەیوەندی کۆمەڵ لەگەڵ یەکیەتیدا، کە پەیوەندیەکانی تاڕادەیەك جێگیر بوون و زۆر کەم دوور کەوتنەوە ڕوویداوە لەیەك، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە یەکیەتی کادیرەکانی دەستگیر دەکردن لە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵی ئیسلامیەوە، پەیوەندیەکانیان زۆر زوو چونەوە دۆخی ئاسایی خۆی و بە ئێستاشەوە کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕووی پەیوەندیەوە لە یەکیەتیەوە نزیك و لە پارتیەوە دوورترە.

ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندیەکانی پارتی و کۆمەڵ لە قۆناغێکی تونددان، بەتایبەت لەو کاتەوەی کە سەرۆکایەتی حکومەت کەوتۆتە دەست مەسرور بارزانی، هەر لە سەرەتاوە مەسرور بارزانی هیڵی سوری بەدەوری کۆمەڵدا کێشا بوو و ئەمەش کاریگەری لەسەرکۆمەڵ دانا، ئەگەرچی پێشتریش هیچ دەرگایەکی حیزبی لەگەڵ ناوبراودا نەبووە وەك ئەوەی لەگەڵ بەپرسانی تری پارتی هەبووە، ئەکرێ بڵێن کۆمەڵ هیچ لینکێکی پەیوەندی لەگەڵ بارزانی کوڕدا نیە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەگەرچی ساردبوونەوە ڕوویداوە بەڵام  پەیوەندیەکان نەگەشتوونەتە ئاستی بچڕان، تەنانەت لەو کاتانەش کە پەیوەندیەکان تا ئاستی دەستگیرکردن و توندوتیژی دەڕۆشتن و پارتی و کۆمەڵ بەتەواوی دوور دەکەوتنەوە، کۆمەڵ و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیەکانیان هێندە سارد نەبوونەتەوە کە پێویستی بە نێوەند گیربێت.

چەند ڕۆژێکە بەبێ بوونی کۆبوونەوەی ڕاگەیەنراو، پەیوەندیەکانی پارتی و کۆمەڵ ڕوویان لە باشی کردوە، بە جۆرێك کە کە چاوەڕوان نەکراو بوو، کە لە هەفتەیەکدا دوو پەیوەندی تلفۆنی لە نێوان سەرۆکی هەردوو حیزبدا( یەکەمیان پەیوەندی سەرۆکی کۆمەڵ بە بۆنەی کۆچی دوایی د.ڕۆژ نوری شاوەیس و دووەم پەیوەندی سەرۆکی پارتی و پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرە لە سەرۆکی کۆمەڵ) ئەوە جگە لەوەی سەرۆکی هەرێم کە نێچیرڤان بارزانیە، پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵ کردوە و مەکتەبی سیاسی پارتیش بە هەمان مەبەست پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵ کردوە، جیاواز لەمانیش مەسرور بارزانی پیەۆزبایی لە کۆمەڵی ئیسلامی کرد بەهۆی بەستنی کۆنگرەوە، گەر پیرۆزباییەکانیتر ئاساییبن ئەوا هیچ کات پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بۆ کۆمەڵ ئاسایی نیە و نیشانی ئەوەیە پەیوەندیەکانی ئەم دوو حیزبە ڕوو لە ئاسایی بوونەوەیە و لە داهاتووشدا کاریگەری ئەم تلفۆن و پیرۆزبایی کردنە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پەستەڵەکی نێوانیان پارتی و کۆمەڵ بەتەواوی دەتوێنێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif