نۆ پێشنیاز لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بایدن

ليست هناك تعليقات



ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا روبەڕوی بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی قەیرانە ئاڵۆز و چارەسەرنەکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە، بیرمەندانی سیاسی و ستراتیجی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئیمارات نۆ پێشنیاز پێشکەش دەکەن، کە بەوتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە، هەنگاوە سەرەتاییەکانی واشنتن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریدەخەن، ئەو پێشنیازانە بۆ سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهەند وەرگیراون.

بەگوێرەی پێشنیازەکان، رێنمایی ئیدارەی بایدن کراوە چۆن لە هەریەک لە پرسەکانی کۆرۆنا، پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، هەماهەنگی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین، روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هەوڵەکانی ناتۆ، چارەسەرکردنی کارەساتە مرۆییەکانی یەمەن، سوریا و لیبیا، کێشەکانی کەندا و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتیانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا هەنگاو بنێت.

پێشنیازەکان:

یەکەم: پەرەپێدانی توانا ناوچییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەڵامدانەوە پەتای کۆرۆنا و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبونەوە و دابەشکردنی ڤاکسین
بەگوێرەی پێشنیازی پسپۆڕانی ستراتیژی و تیک تانکەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات، پرسی گەیاندنی ڤاکسین و کوتانی خەڵک لە 2021-یشدا وەک پرسێکی گرنگ و داواکارییەکی بنەڕەتی گەلانی ناوچەکە دەمێنێتەوە، لەم ڕوەوە ئیدارەی بایدن پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بانکی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی دیکە بکات تا دڵنیایی بدات لەوەی وڵاتانی هەژاری ناوچەکە دەتوانن ڤاکسین بۆ هاوڵاتیانیان دابیندەکەن.

دوەم: پێشنیاز دەکەن ئیدارەی بایدن بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار لەسەر رێگریکردن لە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران و مەترسییەکانی بۆ ناوچەکە بکەن، لەم ڕوەوە پێشنیازکراوە، ئیدارەی بایدن سود لەو وانانە وەرگرێت کە لەململانێ و شێوازەکانی مامەڵەکردنی ئیدارەی ئۆباما و ترەمپدا لەگەڵ ئەم پرسە هاتۆتە ئاراوە، بۆ ئەوەش پێیان باشە ئەمریکا کەناڵێکی پەیوەندیکردن و دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی کەندا و ئیسرائیل دابمەزرێنێت و هەریەک لەمیسر و ئوردنیش بەشداری پێبکات بەئامانجی دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ پرسی ئێران و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی، کە خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، موشەکە بالیستیکییەکانی، هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی و چەند پرسێکی دیکەدا دەبینێتەوە.

سێیەم: بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک کە نیگەرانییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە بڕەوێنێتەوە، بۆ ئەوە بەباش دەزانرێت ئەمریکا دەستەیەک لە پسپۆڕانی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی ئەوروپا و دۆستتەکانی دیکەی ناوچەکە پێکبهێنرێت، بۆ پێداچونەوە بە بونی هێزەکانی ئەمریکا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکۆڵینەوەش لەوە بکەن کە چۆن ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە رۆڵی دەبێت لەبەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەو دەستەیە پرسی نیگەرانییەکان و سەرنجەکانی ئەمریکا لەبارەی روسیا و چین و بەدەستهێنانی زانیاری و داتا بەیس تاوتوێدەکات.

چوارەم: پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی وەک هۆکارێکی سەرەکی لەبەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، پێویستە ئەمریکا هانی وڵاتانی ناوچەکە بدات بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی کراوە لەگەڵ ئیسرائیل کە زامنی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بەهەمان شێوە بەپێویست دەزانرێت سەرکردە دیارەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی جیاوازییەکانیان وەلابنێن بۆ رێگرتن لەهەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی ئاسایکردنەوەی ناوچەکە.

پێنجەم: دەستپێکردنەوە و بنیاتنانەوەی هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەپێویست زانراوە، پێشنیازکراوە ئیدارەی بایدن کاربکات بۆ دوبارە بەدەستهێنانەوەی رێککەوتنێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دولایەنە لەنێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتەکەی فەلەستین بەجێرێک کە چارەسەری کێشە سیاسی، ناوچەیی و دیمۆگرافییەکانی نێوانیان بکات، پێویستە ئیدارەی بایدن رێگا چارەیەکی دیپلۆماسی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین بدۆزێتەوە و دڵنیایی بدات کە ئاسایشی ئیسرائیل لەلایەن فەلەستینەوە زیانی پێناگەیەنرێت، هەروەها، پێویستە ئەمریکا هاوکارییە مرۆیی و ئابورییەکانی فەڵەستین سەرپێ بخاتەوە و چارەسەری قەیرانی غەززە بکات.

شەشەم: پەرپێدانی هەماهەنگی بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایشی مەدەنی لەگەڵ رێکخراوی ناتۆ، ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبییەکان لەڕێگای مەشق و راهێنان و روبەڕوبونەوەی رێکخراوە توندڕەوەکانی وەک رێکخراوی داعش، بەپێویست دەزانرێت ئەمریکا میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی سەربازی، هەواڵگری و ئاسایشی مەدەنی دەستنیشانبکات.

هەروەها پێشنیاز بۆ ئەمریکا دەکرێت پەلە نەکرێت لەبڕیاردان لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، بەڵام پڕۆسەیەکی دپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەستپێبکات و سود لەتواناکانی وەرگرێت بۆ روبەڕوبونەوەی گروپە توندڕەوەکان.

حەوتەم: چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان لەهەریەک لەوڵاتانی یەمەن، سوریا، لیبیا و عێراق کە لەئەنجامی روبەڕوبونەوەی سەربازی لەوڵاتەکانیان دروستبوە.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئەمریکا زنجیرەیەک گفتوگۆی راوێژکاریی تایبەت بەئاسایشی ناوچەکە بە بەشداری ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و زۆرینە مسوڵمان سەرپێبخات، تاوەکو لە رێگەیەوە تاوتوێی ململانێ ناوچەییەکان و مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی بۆ ناوچەکە بکرێت، پێویستە کاریی لەپێشینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتانی لیبیا، سوریا، لوبنان، سۆماڵ، سودان و گۆڕینی رۆڵی تورکیا بێت.

هەشتەم: دروستکردنی بەرژەوەندی بازرگانی و هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگای مەدەنی لەناوخۆی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی سیاسی، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هانی پرۆژە تەکنۆلۆجی و بازرگانییەکان بدرێت بە ئاڕاستە هەنگاونان بەرەو پرۆژەی گەورەی ستراتیژی لەنێویاندا، دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری فرەوڵاتی، تۆڕی فایبەر ئۆپتیکی ئینتەرنێتی و بۆڕی گاز و نەوت.

نۆیەم: پێویست ئەمریکا هانی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتیانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەو وڵاتە عەرەبییانە بدات، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردوەتەوە، لەم پێناوەدا ئیدارەی بایدن هەنگاوێکی گەورەی ناوە لەگێڕانەوەی مافی گەشتکردنی هاوڵاتانی زۆرینە مسوڵمان بۆ ئەمریکا.

هەروەها پێشنیازی ئەوەش کراوە، کە ئەمریکا سود لەو هەنگاوە وەربگیرێت بۆ هاندانی خوێندکارانی وڵاتانی عەرەبی کە لەزانکۆکانی ئەمریکا ناوی خۆیان بۆ درێژەدان بەخوێندن تۆماربکەن.
خەندان-بەهمەن ئەحمەد

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif