سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان

ليست هناك تعليقات




سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان بێ جیاوازی

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی و گفتوگۆکرا دەربارەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی وڵات و گرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.

لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لە گرنگی تێپەڕاندنی ئەو بابەتانەی کە رێگرە لە بەردەم پەسەندکردنی بودجەی گشتی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و زامنکردنی مافی سەرجەم پارێزگاکان بە گوێرەی پێویستی و دابینکردنی شایستەی سندوقی پترۆ دۆلار، هەروەها پشتیوانیکردنی قوربانیانی تیرۆر و ئاوارە و چین و توێژی ھەژاران و کەمدەراماتەکان و دابینکردنی پشتیوانی دارایی پێویست بۆ دەزگا ئەمنییەکان لە سوپا و پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی شەعبی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان.

ھاوکات ھەوڵەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەکە بەرز نرخێنرا لەبارەی ھەوڵەکانیان سەبارەت بە تێپەراندنی بودجەی گشتی بە جۆرێک خواستی ھەموو هاووڵاتیان و پارێزگاکان بھێنێتەدی.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە دووپاتیکردەوە لە پێویستی دوور خستنەوەی بودجەی گشتی لە ململانێ سیاسییەکان و پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەر و یاسایی لە پێناو پاراستنی مافی سەرجەم ناوچە و ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.

سەبارەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆک بەرھەم، جەختیکردەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، ھاوکات پرۆسەی چاکسازی ریشەیی بەشێوەیەکی جددی بێتەکایەوە وەک چارەسەرێک بۆ کێشە و قەیرانەکان و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لەوە کرد کە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان، راستەخۆ پەیوەستە بە درێژەدان ریشەکێشکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامان و پارەی بە تاڵانبراو و سزادانی گەندەڵکاران.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق