گله‌یی له‌ چ بكه‌ین؟

ليست هناك تعليقات
-

هه‌تا ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین و له‌ سه‌رده‌می شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداریدا، هه‌میشه‌ لاوازی و شكان و پاشه‌كشه‌ و دۆڕانی كوردمان به‌پیلان و خیانه‌تی دوژمنه‌كانمان ده‌زانی. له‌دوای ڕاپه‌ڕین كه‌ كورد خۆی ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته‌ ده‌ست، بۆمان ده‌ركه‌وت (خۆخۆری) یه‌كێكه‌ له‌سه‌رخۆره‌كانی كورد و ده‌ردێكه‌ وه‌ك ڤایرۆس و نه‌ریت و خوو له‌گه‌ڵ تاكی كوردستان نه‌خۆشیی كوشنده‌ی سیاسی په‌ره‌ پێ ده‌دات.

ئێمه‌ هه‌میشه‌ گله‌ییمان له‌ به‌دبه‌ختی كورد كردووه‌ و دوژمنه‌كانمان به‌هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتن و پاشكۆبوون و نه‌گه‌یشتنه‌ مافه‌كانمان زانیوه‌، ده‌ركه‌وت كورد خۆی هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌م پاشه‌گه‌ردانی و دواكه‌وتنه‌ی له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تووشی بووه‌. ڕیفراندۆم نموونه‌یه‌كی زیندووی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌.

پێش ڕاپه‌ڕین ڕژێمی سه‌داممان به‌تێكدانی زمانی كورد ده‌زانی، كه‌چی ئێسته‌ خۆمان سه‌ت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌دام به‌ئاره‌زووی خۆمان كار له‌تێكدانی زمانی كورد ده‌كه‌ین. له‌ بواری سیاسییه‌وه‌ حزبی كوردی شانازی به‌هه‌رزانفرۆشی دۆز و به‌های نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات. له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ جیاتی په‌ره‌پێدان و پارێزگاری له‌ نه‌ریتی ڕه‌سه‌ن و دابی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوور و خواردن و ڕه‌وشتی كورده‌واری، كه‌چی له‌ڕێی چاولێكه‌ری و هێنانی كولتووری بێگانه‌، خواردن و دیزاینی جلك و دیزاینی باڵاخانه‌ و شه‌قامه‌كانیشمان له‌ژێر كاریگه‌ری توركی و ئێرانی و بیانیدایه‌.

حه‌زمان لێیه‌ له‌ قسه‌كردندا ده‌یان وشه‌ی بیانی نه‌گونجاو بخه‌ینه‌ ناو قسه‌كانمان، هه‌تا به‌هاووڵاتیی كورد بڵێین ئێمه‌ (خوێنده‌وار و شارستانی و مۆدێرن و پێشكه‌وتووین) له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ جه‌هاله‌تی فكری و ڕۆشنبیریی.

له‌ پێش ڕاپه‌ڕین، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ته‌رازوو وشه‌یان ده‌كێشا و به‌مووكێش وشه‌ی نه‌شیاوی و نه‌گونجاویان له‌ ڕسته‌كانیدا بژار ده‌كرد، كه‌چی ئێسته‌ به‌كتێب هه‌ڵه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌رسته‌ زمانی نه‌شیاو به‌كار ده‌هێنن و به‌ وتار سووكایه‌تی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی دیموكراسیی و ئازادی له‌ شپرزه‌یی زمان و شێوازی فریوده‌رانه‌ و چه‌واشه‌كاری به‌رجه‌سته‌ بێت. له‌ پێش راپه‌ڕین له‌سه‌ر یه‌ك ده‌سته‌واژه‌ قیامه‌ت هه‌ڵده‌ستا و حزب ده‌بووه‌ دووله‌ت و به‌ده‌یان شه‌و و ڕۆژ مشتومڕیان له‌باره‌ی وشه‌یه‌كی له‌ ڕیشه‌وه‌ به‌ستراو به‌فكر و بۆچوونی سیاسی ده‌كرد، ئێسته‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌فكر و بۆچوونی ڕیشه‌داری سیاسی و عه‌قڵی، به‌كاره‌سات بۆ كه‌سه‌كه‌ خۆی هه‌ژمار ده‌كه‌ن. بۆیه‌ (بیرنه‌كردنه‌وه‌) وه‌ك هۆكارێك بۆ خۆپاراستن و دووركه‌وتنه‌ له‌ قوڕی خه‌ستی كێشه‌دار سه‌یر ده‌كرێت. مرۆڤ بێ بیركردنه‌وه‌ و زمان واته‌ كه‌سێكی له‌ قوڕ دروستكراوی بێ گیان.

له‌پێش ڕاپه‌ڕین حزبه‌كان قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی بوون، كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار و ڕاكردووی بۆ كه‌سێكی تیكۆشه‌ر و خاوه‌ن بڕوا ده‌گۆڕی، ئێسته‌ حزب خه‌ڵك بۆ (پاشكۆبوون، بیرنه‌كردنه‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندچێتی، دابڕان له‌ دۆزی میله‌ت و خۆویستی) هان ده‌دات، یان ده‌كرێ بڵێین حزب بووه‌ته‌ كارگه‌ بۆ ژیان و دابینكردنی كار، نه‌ك په‌ره‌پێدانی كه‌سایه‌تی و توانای مرۆڤه‌كان. ئاخر گله‌یی له‌ چی بكه‌ین، حزب هه‌یه‌ سیاسه‌ت به‌ پیشه‌یه‌كی خراپ ده‌زانێت، بازرگانی به‌سیاسه‌ت ده‌كات.

گله‌یی له‌ چی بكه‌ین و گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، ژیانمان هه‌مووی ڕه‌خنه‌ و گله‌یی و ناڕازیبوونه‌، له‌كاتێكدا هه‌نووكه‌ ئه‌ندامانی حزب له‌ فه‌یسبووك كۆ ده‌بنه‌وه‌ و ڕاده‌رده‌بڕن، كه‌س بڕوای به‌ره‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن نییه‌، هه‌موو خاوه‌نی بۆچوون و ته‌نیا حزب نه‌بێت هیچ بۆچوونێكی نییه‌.

گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، ئه‌ندامی حزب ده‌بێ چه‌ند مووچه‌یه‌كی هه‌بێت، ئه‌ندامی حزب ده‌بێت پۆلیس و پاسه‌وان و بانگخوێن و پاككه‌ره‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ و موختار و پرسگه‌ و مووچه‌خۆر و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و پسپۆڕ و رواێژكار و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و كارگێڕ و ئه‌ندامی ده‌زگا حزبییه‌كان بێت، ئاخر گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، پێش ڕاپه‌ڕین كه‌س خۆی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ده‌دا، چونكه‌ ده‌بوو له‌ مردن له‌پێش هه‌مووان بێت و له‌ ده‌ستكه‌وتیش دواین كه‌س بێت.

گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، كاتی بڵاوكراوه‌یه‌كی مانگانه‌مان له‌ شاخ هه‌بووایه‌، پێمان وابوو (گاردیان واشنتن پۆست و دیرشتاینگل و پراڤدا و ...)مان هه‌یه‌، كه‌چی ئێسته‌ له‌به‌ر سه‌ته‌لایت و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌، خوێنه‌ر و گوێگری رژد نه‌ماوه‌. پێشتر به‌قه‌د ژماره‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی ئێسته‌ پێشمه‌رگه‌مان نه‌بوو، پێشتر به‌قه‌د ژماره‌ی مامۆستای زانكۆ و ژماره‌ی زانكۆ و كۆلیژه‌كان پێشمه‌رگه‌مان نه‌بوو. گله‌یی چۆن نه‌كه‌ین، پێشتر خه‌ڵك پاره‌ی به‌شۆڕش ده‌دا و هاووڵاتی به‌پاره‌ی خۆی ده‌بووه‌ پێشمه‌رگه‌، ئێسته‌ به‌پاره‌ ئیش به‌ڕۆژنامه‌نووس و موچه‌خۆر و مامۆستای زانكۆ و ئه‌ندامی حزب و به‌پرسی ئیداریی و حزبی ده‌كه‌ن. گله‌یی چۆن نه‌كه‌ین، ئێسته‌ ژماره‌ی كتێب و ڕۆژنامه‌مان له‌ ژماره‌ی خوێنه‌ره‌كان زۆرتره‌. گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، سیاسییه‌كان خانه‌نشینن و ناسیاسییه‌كانیش یاریی به‌چاره‌نووسی سیاسی ده‌كه‌ن. سیاسییه‌كان سیاسه‌ت ناكه‌ن و كاسبكار و هاووڵاتییان به‌گشتی له‌نیو سیاسه‌ت ده‌نوون و ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن.

پێشتر جاشایه‌تی هه‌بوو، ئێسته‌ جاشایه‌تی فكری و سیاسیشی به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئاخر چۆن گله‌یی نه‌كه‌ین، گله‌یی له‌ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین. له‌ دیاریكردنی كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ هه‌ڵبژاردن و پێدانی پله‌ی حزبی، له‌ چۆنیه‌تی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل. له‌ نه‌مانی متمانه‌ له‌ نێوان تاك، له‌ به‌ئاشكرا و بێ ئابڕوویی له‌خۆ هه‌رزانفرۆشكردنی هه‌ندێك و له‌ جلوبه‌رگ و دیزاینی پرچ تاشین و به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌كان و شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زمانی نووسین و ته‌نیا مه‌رحه‌بای ساردی براده‌ره‌كانیش. ته‌نیا وای لێ هاتووه‌ تاك گله‌یی له‌ خودی خۆشیان بكه‌ن كه‌ متمانه‌ و بڕوایان به‌خۆشیان لاواز بووه‌. گومان وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك، گومان له‌ پێست و مووی سه‌ری خۆشیان ده‌كه‌ن.

گله‌یی له‌ چی نه‌كه‌ین، هه‌موو ژیانمان بووه‌ته‌ گله‌یی. هه‌ست ده‌كه‌م گله‌ییه‌كانیش یه‌كن، پڕن، جووینه‌وه‌یه‌، درێژه‌دانه‌ به‌خۆدزینه‌وه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی كاری رژد، گله‌ییه‌كان هیچ شتێك ناگۆڕن، ته‌نیا دڵه‌كان كرمێتر ده‌كه‌ن و خۆركه‌ی پتر له‌ كه‌سایه‌تی تاك ده‌ده‌ن. گله‌ییه‌كان پڕن له‌ هه‌قیقه‌ت، به‌ڵام هه‌قیقه‌تێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی بۆگه‌ن.

گله‌یی، به‌گله‌یی ده‌به‌ستنه‌وه‌ و گله‌یی له‌ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان گله‌یی خۆی و كێشه‌كان بێت. چ ڕۆژگارێكی غه‌داره‌، هه‌تا هه‌قیقه‌تی گله‌ییه‌كانیشیان به‌سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاریی چه‌واشه‌ كردووه‌.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق